فوئاد حوسێن: ڕێککەوتن لەسەر نەوت کراوە.. "نابێت دادگای فیدراڵی دەستوەردان بکات"

وەزیری دەرەوەی عێراق ڕایدەگەیەنێت، هەولێر و بەغدا گەیشتوونەتە ڕێککەوتنێکی "کاتی" لەبارەی ڕادەستکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان. دووپاتیشی دەکاتەوە، بە گوێرەی یاسا و دەستوور، دادگای فیدراڵی بۆی نییە دەستوەردان لە کاروبارە ناوخۆییەکانی هەرێمدا بکات. 

فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق و ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان؛ لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی (الشمس) باسی لە پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا، کێشەی مووچەی فەرمانبەران، ڕادەستکردنی نەوت و داهاتی ناوخۆ، دۆخی عێراق و چەند پرسێکی دیکە کرد. 

کێشەی مووچە؛ ڕادەستکردنی نەوت و داهاتی ناوخۆ

لەبارەی داواکاریی بەغدا بۆ ڕادەستکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان، وەزیری دەرەوە ئاماژەی بەوە دا "بابەتی ڕادەستکردنی نەوت و بەستنەوەی بە مووچەوە تەنها هی ئەمڕۆ نییە. پڕۆژەیاسای بودجە کە لە سەردەمی سەرۆک وەزیران حەیدەر عەبادیدا ئامادە کرا و من بوومە وەزیری دارایی، لەو کاتەشدا پڕۆژەکە پەسەند کرا و ئاماژەی بەوە دەکرد کە دەبێت هەرێم نەوت ڕادەست بکات و حکوومەتی فیدراڵیش قەرەبووی فەرمانبەران، واتە مووچەی فەرمانبەران، بدات. واتە بەستنەوەی نەوت بە مووچەوە هەمیشە لە یاسا تایبەتەکاندا هەبووە، بەتایبەتی یاسای بودجە، جا چ ئەم یاسایە بێت یان یاساکانی پێشوو."

بە گوتەی فوئاد حوسێن "ئێستا لێکتێگەیشتنێکی ڕوون هەیە بۆ گەیشتن بە چارەسەرێک بۆ بابەتی ڕادەستکردنی نەوت.. چارەسەری کاتییە. ئەم چارەسەرە تا کۆتایی ساڵە، واتە چارەسەرێکە تا کۆتایی ئەمساڵ و پشت بە دوو سەرچاوەی یاسایی دەبەستێت: یاسای بودجەی ئێستا و بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی. کەواتە لە ساڵی داهاتوودا دەبێت بە شێوەیەکی تر چارەسەر بکرێت."

لەبارەی ڕادەستکردنی داهاتی نانەوتیش، وەزیری دەرەوە گوتی "لێرەدا تێگەیشتنێکی هەڵە هەیە کە دەگەڕێتەوە بۆ دەستوور و یاساکان. لە بەغدا تێگەیشتنەکە ئەوەیە کە دەبێت هەموو داهاتەکان بگەڕێنرێنەوە بۆ حکوومەتی فیدراڵی، ئەمەش ئەوەیە کە باسی لێوە دەکرێت. لە هەرێمیش تێگەیشتنێک هەیە کە داهاتی ناوخۆیی هەیە کە هی هەرێمە و داهاتی تریش هەیە کە هی حکوومەتی فیدراڵییە. دەبێت ئەم پرسە بە شێوەیەکی کاتی چارەسەر بکەین و هەوڵ دەدەین لە داهاتوودا لە چوارچێوەیەکی یاساییدا چارەسەری بکەین."

"نابێت دادگای فیدراڵی دەستوەردان لە کاروبارەکانی هەرێمدا بکات"

فوئاد حوسێن بە پێویستی دەزانێت " لە یاسای بودجەی داهاتوودا تەرخانکردنێک (تخصيص) بۆ هەرێمی کوردستان هەبێت. ناکرێت لە سیستمی فیدراڵیدا حکوومەتی فیدراڵی دەستوەربداتە ئەوەی کام فەرمانبەر مووچە وەردەگرێت و ناوی سیانی چییە. ئەمە کاری حکوومەتی هەرێمە. دەستوەردانی ئاشکرا لەم بابەتەدا ڕاست نییە. من ڕێزم هەیە بۆ بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی کە لەم بارەیەوە دەرچوو، کە لە ئەنجامی ململانێی کورد-کوردەوە بوو. ئەم ململانێیانە گواسترانەوە بۆ بەغدا و دادگای فیدراڵی، دادگای فیدراڵیش ئەم بڕیارەی دەرکرد؛ بەڵام لە ڕووی دەستووری و یاساییەوە، لە ڕاستیدا حکوومەتی فیدراڵی پشکی هەرێم ڕادەستی حکوومەتی هەرێم دەکات و حکوومەتی هەرێم بەرپرسە لەمە."

جەختیشی لەوە کردەوە "دەبێت لە ساڵی داهاتوودا لەگەڵ دەرکردنی یاسای بودجەی نوێدا بگەینە ئەم خاڵە و دیاری بکەین و حکوومەتی هەرێم لە بەردەم خەڵکی خۆیدا بەرپرسە. چونکە حکوومەتی هەرێم پەرلەمانی هەیە، دەسەڵاتی هەیە، دەسەڵاتی دەستووری هەیە کە نابێت پێشێل بکرێت. بۆیە ئەمە چارەسەر دەکرێت."

"لە بەغدا ڕۆژانە مامەڵە لەگەڵ مەرکەزییەتدا دەکەم"

لەبارەی سیستەمی فیدراڵی لە عێراق، فوئاد حوسێن گوتی "گەلی کورد لە پێناو دیموکراسیدا خەباتی کردووە، چونکە چارەسەری پرسی کوردیان لە ڕێگەی دیموکراسییەوە دەبینی. دیموکراسی دەرفەت دەڕەخسێنێت، هەروەها دیموکراسی بە واتای هاوبەشی دێت، دیموکراسیش بە واتای بوونی تۆ دێت لە دروستکردنی بڕیاردا. تێگەیشتنی بنەڕەتیی کورد کارکردنە لە پێناو دیموکراسیدا. کورد هەمیشە لە پێناو لامەرکەزییەتدا خەباتیان کردووە، واتە لامەرکەزییەت، جا چ جوگرافی بێت یان لە دروستکردنی بڕیاردا یان لە بیرکردنەوە و فرەییدا بێت. ئەمەش گەیشتە ئەنجامی ئەرێنی، کە لە ڕێگەی دەستوورەوە فیدراڵییەت چەسپێنرا. فیدراڵیەت لە واقعدا بەو مانایەیە کە سیستمی عێراقی دەبێت سیستمێکی فیدراڵی بێت، بە واتای دابەشکردنی دەسەڵات و سامان لە نێوان ناوەند و هەرێمەکاندا."

وەزیری دەرەوەی عێراق باسی لەوەش کرد "من لە بەغدا ڕۆژانە مامەڵە لەگەڵ مەرکەزییەتدا دەکەم. ئەو کولتوورەی لە بەغدا هەیە کولتوورێکی مەرکەزییە، من باسی کولتوور دەکەم نەک کەسەکان. یاساکانیش مەرکەزیین، لێرەشدا کێشە گەورەکە دەبینین. کورد لە شیکارییەکانیاندا پشتیان بە دەستوور بەستووە و لە دەستووریشدا فیدراڵی و لامەرکەزییەت ڕوونە."

ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی پارتی ئەوەی خستەڕوو "لە بەغدا پشت بە یاساکان دەبەسترێت، دەزانی بۆچی؟ چونکە لە دەستووردا زیاتر لە 50 ماددەی دەستووری هەیە کە پێویستیان بەوەیە بکرێنە یاسا. لە ئەنجامی دەرنەکردنی یاسا بۆ ئەم ماددانە، کە ئەمەش کێشەی پەرلەمانە، بۆشاییەکی یاسایی دروست بووە. کاتێکیش بۆشایی یاسایی هەبێت، ماددەیەکی دەستووری هەیە کە دەڵێت کاتێک بۆشایی یاسایی هەبێت بۆ ماددەیەکی دەستووری، دەبێت بگەڕێینەوە بۆ یاسا کۆنەکان. یاسا کۆنەکانیش هەموویان یاسای مەرکەزین و زۆربەیان لە فیکری حزبی بەعسەوە سەرچاوەیان گرتووە. لێرەدایە ناکۆکییەکە."

لەبارەی گفتوگۆکانی پێشووی هاوپەیمانیی ئیدارەی دەوڵەت بۆ پێکهێنانی کابینەی سوودانی و چارەکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان، فوئاد حوسێن گوتی "پێشنیارمان کرد کە چەندین ماددەی سەرەکی لە دەستووردا بگۆڕدرێن بۆ یاسا. بۆ نموونە، یاسای نەوتمان پێشنیار کرد و لە ڕێککەوتنی سیاسی بۆ پێکهێنانی ئەم حکوومەتە، گوتمان دەبێت یاسای نەوت لە ماوەی شەش مانگدا دەربچووێنرێت، بەڵام دەرنەچوو، نەک تەنها بەهۆی حکوومەتەوە، بەڵکو دۆخی پەرلەمانیش کارەساتبارە. ئێمە پێشنیاری دەرکردنی یاسای ئەنجوومەنی فیدراڵیمان کردبوو. لە ڕاستیدا دەستوور جەخت لەوە دەکاتەوە کە دوو ئەنجوومەن هەن، ئەنجوومەنی نوێنەران و ئەنجوومەنی فیدراڵی، ئەنجومەنی فیدراڵیش دەبێتە ئەنجوومەنی سەرەکی بۆ هەرێم و پارێزگاکان، بەڵام دانەمەزرا". 

وەزیری دەرەوەی عێراق هەر لەم بارەوە ئەوەی خستەڕوو " لە ڕاستیدا کێشەمان لە وەرگێڕانی دەستوور بۆ یاسا هەیە. من چارەسەر لەوەدا دەبینم کە دەبێت لە ماوەی داهاتوودا پەرلەمان دەست بە دەرکردنی ئەم یاسایانە بکات، بەڵام دەرکردنی ئەم یاسایانەش پێویستی بە کولتوورێکی دەستووری هەیە، کە بەداخەوە کولتووری دەستووری کەمە و کولتووری مەرکەزی لە عێراقدا زاڵە."

کشانەوەی پارتی لە بەغدا

لەبارەی ئەگەری کشانەوەی پارتی لە پرۆسەی سیاسیی عێراق بە هۆی چارەنەکردنی پرسی مووچەی فەرمانبەران، فوئاد حوسێن باسی لەوە کرد "بێگومان من لە سەرکردایەتیی پارتیدام، ئەندامی مەکتەبی سیاسیم، ئەم پرسانەی کە بەڕێز سەرۆک مەسعود بارزانی بە ئاشکرا باسی لێوەکردوون، لە کۆبوونەوەکانی مەکتەبی سیاسیشدا باس کراون. لەوێدا گفتوگۆیەکی ڕوون لەسەر ئەم پرسە هەیە و منیش ڕای خۆمم لە چوارچێوەی مەکتەبی سیاسیدا دەربڕیوە. ناتوانم پێتی بڵێم. ئەمە شتێکی ناوخۆییە و پەیوەندی بە سەرکردایەتیی پارتییەوە هەیە."