هاوردەکردنی گازی تورکمانستان بۆ عێراق، کێشەیەکی دیکەی نێوان ئەمەریکا و ئێرانە

بەگوێرەی چەند سەرچاوەیەکی وزە ڕایانگەیاند، ماوەیەکە دانوستانەکان بۆ هەناردەکردنی گازی تورکمان بۆ عێراق وەستاون، ئاماژەیان بەوەش کردووە، تاوەکوو ئێستا هیچ پێشهاتێکی نوێ لەو بارەیەوە نییە.
ئەو سەرچاوانە باسیان لەوەکردووە، عێراق چاوەڕێی ڕەزامەندی وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکایە ، بۆ ئەوەی گازی تورکمانستان لە ڕێگەی بۆرییەکانی ئێرانەوە هاوردە بکات، چونکە تاران بەهۆی سزاکانی ئەمەریکاوە ڕێگەی پێ نادرێت بەشێک بێت لەو ڕێککەوتنە.
ڕێگریی ئەمەریکا لە کڕینی گازی تورکمانستان لەلایەن عێراقەوە
سەرچاوەیەک لە لیژنەی نەوت و گازی پەرلەمانی عێراق تایبەت بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕاگەیاند، ڕێگریی سەرەکی جێبەجێکردنی ئەو ڕێککەوتنەی نێوان عێراق و تورکمانستان، ئەمەریکا، لەبەر ئەوەی دەبێت هاوردەکردنی غازی تورکمانستان بۆ عێراق بەناو خاکی ئێراندا بێت.
سەرچاوەکە گوتیشی: ئێران و تورکمانستان لە باکوور هاوسنوورن، ئەگەر گازەکە هاوردەی عێراق بکرێت، دەبێت بەناو خاکی تاران دابێت، بەمەش یەو وڵاتە سوودمەند دەبێت، بۆیە ئەمەریکا لە چوارچێوەی ئەوپەڕی گوشار بۆ سەر ئێران، نایەوێت تاران لە هیچ شتێک سوودمەند بیت.
ئاماژەی بەوەش کرد، ئەمەریکییەکان جاری یەکەم دەربارەی گرێبەستەکە کەمێک نەرمیان نواند، بەڵام دواتر کە وردەکارییەکە زانرا، ڕێگر بوون لە بەرەوپێشچوونی دانوستانەکان جێبەجێ کردنی گرێبەستەکە.
پێشنیازی وەزیری کارەبای عێراق بۆ تورکمانستان
ئەو سەرچاوەی نەوت و گازی پەرلەمانی عێراق، باسی لەو پێشنیازە کرد و گوتی: بەم دواییانە وەزیری کارەبای عێراق چووە تورکمانستان، پێشازێکی پێداون کە پێی دەڵێن 'سواپ گاز'، پێشنیازەکە ئەوەیە لەبەر ئەوەی نێوان عێراق و تورکمانستان دوورە و هاوسنووریش نین، گواستنەوەی گاز بەبۆری تێچووی زۆرە، بۆیە تورکمانستان گاز بە ئێران بدات، دواتریش ئێران لەو شارانەی هاوسنوورن لەگەڵ عێراق ئابادان گازەکە بۆ بەغدا بنێرن، هەروەها تارانیش پشکی خۆی لەو گازەی عێراق دەیکڕێت دەبات، بۆیە ئەمەریکا نایەوێت ئێران سوودمەند بێت لەوبابەتە و دانستانەکان وەستاون.
کاریگەریی هاوردەکردنی گاز بۆسەر کارەبای عێراق
ئەو سەرچاوەیە ئەوەشی ئاشکرا کرد، بڕیارە زیاتر لە دوو هەزار مێگاوات کارەبای عێراق لەڕێگەی هاوردەکردنی گازی تورکمانستانەوە دابین بکرێت.
هاوردەکردنی گاز چارەسەری کێشەی کارەبای و پێویستییەکانی دیکەی وزە دەکات
شەهریار شێخلەر، شارەزای بواری ئابووری و وزە بەکوردستان24 گوت: دانوستاندنەکانی عێڕاق و تورکمانستان لەسەر بابەتی کڕینی گازی سروشتی دەگەرێتەوە بۆ 2023، ئەو کات ڕێکەوتنی سەرەتایی کرا لەسەر کڕینی ساڵانە نزیکەی نۆ میلیار مەترسێجا گازی سروشتی لە ڕێگای ئێرانەوە. ئەو ڕێکەوتنە لە 2024 و 2025یش دانوستانی لەسەر کراوە و پێم وایە ناوەڕۆکی گرێبەستەکە گۆڕدراوە.
گوتیشی: ئەو بڕە گازە تەنیا بەشی چوار هەزار بۆ 5.5 هەزار مێگاوات کاتژمێر کارەبا دەکات، ئەمەش لەکاتێدایە کە عێڕاق ئێستا پێویستی بە زیاتر لە 48 هەزار مێگا بایت کارەبا هەیە کە بەپێی قسەکانی سەرۆک وەزیرانی عێڕاق، سوودانی، لە سمینارێک، نزیکەی 20 هەزار مێگاوات کورتهێنانی کارەبای هەیە.
ئاماژەی بەوەش دا، ئەو بڕە وەک جێگرەوەی گازی سروشتی هاوردەکراو لە ئێرانەوە دەبێت، نەک زیادە لەو گرێبەستەی عێڕاق بۆ کڕینی گازی سروشتی لە ئێران کە بڕی 50 میلیۆن مەتری سێجای ڕۆژانەیە.
عێراق ناتوانێت وەبەرهێنان لە گازە بە هەدەرچووی کێڵگە نەوتییەکانی خۆی بکات
شەهریار شێخلەر گوتی: عێڕاق بە گشتی لە ڕووی دانان و جێبەجێکردنی پلانە ستراتێجیەکانی بواری وزە لاوازە، واتا هەم لە داڕشتنی ستراتێجی و پلانە ستراتێجیەکان و هەم لە جێبەجێکردنیان، ئەوەش دەگەرێتەوە بۆ شێوازی ئیدارەدانی ئەو کەرتە لە لایان حکوومەتە یەک لە دوای یەکەکانی پاش 2003وە.
ڕاشیگەیاند، بەبڕوای من دابەش بوونی وەزارەتەکان بەسەر حزبە سیاسیەکان و یەکگرتوونەبوونی دەزگاکانی داڕشتنی سیاسەت و ستراتێجیەکانی وزە بەشێکی سەرەکین لە کێشە و دواتر خراپی ئیدارەدان ڕۆڵی گرینگی هەیە لەو کێشەیە دا.
تێچووی کڕین و هاوردەی گاز لە تورکمانستان لەسەر خەڵکی عێراق چەند دەکەوێت
ئەو شارەزای بواری ئابووری و وزە ڕوونی کردەوە، بە دڵنیاییەوە تێچووی کڕینی گاز لەدەرەوە بەراوود لەوەی لە ناوخۆی عێڕاق بەرهەم بێت، زیاتر دەکەوێت، هەروەها کڕینی لە تورکمانستان و گواستنەوەی بە شێوازی سواپ خەرجیەکە بەرزتر دەکاتەوە. دەشڵێت: تورکمانیستان گازی سروشتی خۆی گرانتر لە بازار دەفرۆشێت، ئەوەش بێجگە لە نرخی سواپە کە لە نێوان 10 بۆ 15% نرخەکە زیاتر دەکەوێت، گوتیشی: نرخی کڕینی گازی سروشتی لە تورکمانستان کەمتر لە 300 دۆلاری ئەمەریکە بۆ هەر 1000 مەتر سێجا نیە کە ئەوەش نرخێکی گران دەبێت و دەتوانێت نرخی بەرهەم هێنانی کارەبا لە عێڕاق بەرزتر بکاتەوە.
ڕێککەوتنی گازی تورکمانستان و عێراق
بەپێی ڕێککەوتنی گازی تورکمەنستان و عێراق، بەغدا ڕۆژانە 20 ملیۆن مەتر سێجا لە ڕێگەی بۆرییەکانی ئێرانەوە وەردەگرێت، لە بەرامبەردا تاران ڕێژەیەکی ئەو غازە وەردەگرێت.
بەگوێرەی سەرچاوەکانی ئینێرجی، تاران دەیەوێت 20%ی گازی تورکمانستان بەدەستبهێنێت، کە بە خاکەکەیدا تێدەپەڕێت بۆ عێراق و بەغداش ناڕەزایی نییە بەرامبەر بەم ڕێژەیە".