هاووڵاتییانی سلێمانی: بووینەتە خاوەن کارەبایەکی بەردەوام و ژینگەیەکی خاوێن
سلێمانی ماڵئاوایی لە ژاوەژاوی مۆلیدە و پیسبوونی ژینگە کرد، ئەمەش بەهۆی دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێرییەوە. هاوکات خواست لەسەر بەکارهێنانی کارەبا بە ڕێژەی 25% کەمیکردووە.
هەفتەی ڕابردوو، گەڕەکەکانی ناو سەنتەری سلێمانی، قەرەداخ، عەربەت و بەرزنجە، لە چوارچێوەی پڕۆژەی "ڕووناکی"، بوونە خاوەنی کارەبای بەردەوام.
ڕێباز عومەر، گۆشتفرۆشێک لە سلێمانی، بە کوردستان24ی ڕاگەیاند، پێشتر ناچار بووە سێ سەرچاوەی کارەبا بەکاربهێنێت بۆ دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێری دوکانەکەی، کە بریتی بوون لە دوو هێڵی کارەبای نیشتمانی و مۆلیدەی تایبەتی خۆی. ئەمەش وای لێکردبوو کە مانگانە پارەی دوو پسوولەی کارەبا بدات، جگە لە ژاوەژاوی مۆلیدەکە.
هەروەها ئاماژەی بەوەدا کە زۆر جار لە کاتی گۆڕینی کارەباکان، ساردکەرەوەکان دەکوژانەوە و گۆشتەکانی دەفەوتان، بەڵام ئێستا بەهۆی کارەبای 24 کاتژمێرییەوە ئەو کێشانە چارەسەر بوون و زۆر لە پڕۆژەکە ڕازین.
ئەحمەد فەقێ، هاووڵاتییەکی دیکەی شاری سلێمانی، بە کوردستان24ی ڕاگەیاند، "ئەگەر ئەو ئامێرانەی پێویست نین لە ماڵەوە بیکوژێنیتەوە، پارەی کارەبای کەمترت بۆ دێتەوە، هەروەها ئەگەر ڕێژەیەکی کارەبای زۆر کاتێکی دوورودرێژ بەکار نەهێنیت پارەی زۆرت بۆ نایێتەوە، بۆیە پێویستە بزانیت چۆن مامەڵەی لەگەڵدا بکەیت."
ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد، بەهۆی کوژاندنەوەی مۆلیدەکانەوە، ژینگەی سلێمانی زۆر خاوێن بووەتەوە.
یەکەم قۆناغی پڕۆژەی کارەبای 24 کاتژمێری "ڕووناکی" لە سلێمانی لە 6ی ئاداری 2025 دەستیپێکرد. پڕۆژەکە کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەستیپێکردووە، ئامانجی ئەوەیە تا کۆتایی ساڵی 2026 کارەبای 24 کاتژمێری بگەیەنێتە سەرانسەری هەرێمی کوردستان.