سێناتۆرێکی ئەمەریکی: دزە بە زانیاریی هەستیاری پێنتاگۆن کراوە

تۆم کاتن، سێناتۆری کۆماری، نامەیەکی فەرمی ئاراستەی هەریەک لە بەڕێوەبەری نووسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدراڵی (FBI) و وەزیری بەرگری کرد و هۆشداری دا لە بوونی ئەگەری دزەکردنێکی ئێرانی لەنێو دامەزراوە ئەمنییەکانی ئەمەریکادا.

شەممە، 6ـی ئەیلوولی 2025، ماڵپەڕی سکای نیوز، بڵاوی کردەوە "تۆم کاتن، ئاماژەی بە ناوی ڕاوێژکاری سیاسی لە پێنتاگۆن، ئاریان تەباتەبائی، کرد کە پێشتر تۆمەتبار کرابوو بەوەی پەیوەندی بە تۆڕێکی دەسەڵاتی ئێرانەوە هەیە کە ڕاستەوخۆ لە تارانەوە بەڕێوە دەبرێت."

کاتن، جەختی لە مەترسیی دزەپێکردنی زانیاریی هەستیار بۆ هێزێکی بیانیی کردەوە و هۆشداریی دا کە ڕەنگە پەیوەندییە گوماناوییەکان کاریگەرییان لەسەر پرۆسەی بڕیارەکانی حکوومەتی ئەمەریکا هەبووبێت.

نامەکەی کاتن، ئاماژەی بەوەش کردووە "ژمارەیەک لەو کەسانەی لە ئیدارەکانی باراک ئۆباما و جۆو بایدندا بوون، پەیوەندیی دووبارە و ڕانەگەیەنراویان لەگەڵ بەرپرسانی ئێراندا هەبووە، لەنێویاندا وەزیری دەرەوەی پێشووی ئێران، محەممەد جەواد زەریف."

ڕاپۆرتە ئەمەریکییەکان، پێشتر بانگەشەی ئەوەیان کردبوو کە تەباتەبائی پەیوەندیی بە تۆڕێکی دەسەڵاتی ئێرانەوە هەبووە و هاوکاریی نێردەی پێشووی ئەمەریکا، ڕۆبەرت مالی، کردووە، کە دواتر بەهۆی تۆمەتبارکردنی بە نەرمینواندن بەرامبەر تاران، لە دۆسیە هەستیارەکاندا، لە کارەکەی دوور خرایەوە، ئەمەش بووە هۆی ئابڕووچوونێکی گەورە لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکادا.

ڕاپۆرتەکان ئەوەشیان خستەڕوو، کە تەباتەبائی لەلایەن هەواڵگریی ئیسرائیلەوە تۆمەتبار کراوە بە دزەپێکردنی بەڵگەنامە ئەمەریکییەکان کە وردەکاریی وەڵامی ئیسرائیلی بۆ ئێران، لە مانگی ئۆکتۆبەری ڕابردوودا لەخۆگرتبوو. تەباتەبائی پێش ئەوەی بچێتە پێنتاگۆن، چەندین پۆستی باڵای لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکادا هەبووە.

 
Fly Erbil Advertisment