تەقینەوەیەک لە باڵەخانەیەکی نیشتەجێبوون لە شارۆچکەی مەلاردی سەر بە تاران ڕووی دا

شەوی ڕابردوو، باڵەخانەیەکی نیشتەجێبوون لە شارۆچکەی مەلارد، لە باکووری ڕۆژهەڵاتی تاران، تەقییەوە و لە ئەنجامدا هەشت کەس بریندار بوون.
یەکشەممە، 7ـی ئەیلوولی 2025، ئاژانسی هەواڵی خەبەر ئۆنلاین، لە زاری محەممەد ئیسماعیل تەوەکولی، سەرۆکی ڕێکخراوی فریاگوزاریی پارێزگای تاران، بڵاوی کردەوە، تەقینەوەیەک لە باڵەخانەیەکی نیشتەجێبوون لە گەڕەکەی سەرئاسیابی شارۆچکەی مەلارد ڕووی دا و لە ئەنجامدا هەشت کەس بریندار بوون.
تەوەکولی گوتی: تیمەکانی فریاکەوتن و ئاگرکوژێنەوە دەستبەجێ گەیشتوونەتە شوێنی ڕووداوەکە و چارەسەری سەرەتاییان بۆ بریندارەکان کردووە و پاشان ڕەوانەی نەخۆشخانە مەلارد کراون.
تا ئێستا بە فەرمی هۆی تەقینەوەکە ڕانەگەیەنراوە، بەڵام بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵی فارس، ڕووداوەکە لە ئەنجامی تەقینەوەی بوتڵێکی غازی ماڵان بووە.