لە نەجەف خۆپیشاندان دژی بێئاوی کرا
شەوی ڕابردوو سەدان کەس لە شارۆچکەی مشخابی سەر بە پارێزگای نەجەف دژی بێئاوی و پیسبوونی سەرچاوەکانی ئاوی خواردنەوە خۆپیشاندانیان کرد.
خۆپیشاندەران باسیان لەوە کرد، بێئاوی تەنیا هەڕەشە نییە بۆ سەر ژیانی خۆیان، بەڵکو هەڕەشەیە بۆ سەرچاوەی داهاتیشیان کە ئەویش کشتوکاڵە. هەروەها خۆپیشاندەران شەقامەکانیان گرت و ترسیان هەیە دۆخی بێئاوی خراپتر بێت و کاریگەری لەسەر ژیانیان دروستبکات.
خۆپیشاندەرێک بە کوردستان24ی ڕاگەیاند، "خۆپیشاندانەکەمان دژی پیسبوونی ئاوی خواردنەوەیە لە مشخاب، بەڕاستی دۆخەکە زۆر سەختە، هۆکاری سەرەکی پیسبوونی ئاویشمان کەمبوونەوەی سەرچاوەی ئاوییە".
هەروەها خەڵكیکی زۆر پاشماوەکانییان ، تەنانەت نەخۆشخانەکانیش دەرمان و پاشماوەی پزیشکی لەنێو ڕووبارەکان فڕیدەدەن کە ئەمەش بووەتە هۆی پیسبوونی سەرچاوە ئاوییەکان.
خۆپیشاندەرێکی دیکە بە کوردستان24ی ڕاگەیاند، خەڵکی شارۆچکەی مشخاب کە ژمارەی دانیشتووانەکەی نزیکەی 128 هەزار کەسە ڕووبەڕووی مەرگێکی هێمن و لەسەرخۆ بوونەتەوە، ئەویش پیسبوونی ئاوی خواردنەوەیە، ئەم کێشەیە کاریگەری ئابووریشی لەسەرمان دروستکردووە، خەڵکی دەورووبەری شارۆچکەکە تاکە پیشەیان کشتوکاڵە، ئێستا ناتوانن ئەویش بکەن.
بە گوتەی خۆپیشاندەرێکی دیکە، قەیرانی ئاو بووەتە هۆکاری کۆچکردنی خەڵک، بەتایبەتی ئاژەڵدارەکان.
قەیرانی ئاو لە شارۆچکەی مشخاب وەکو کارەساتێکی ژینگەیی سەیر دەکرێت، دانیشتووانەکەی داوادەکەن بە پەلە ئەو کێشەیەیان بۆ چارەسەر بکرێت و ئاوی پاک بگاتە ماڵ و زەوییەکانییان.