ڕافایێل گرۆسی: نابێت لە دانوستانەکان لەگەڵ ئێران کات بە فیڕۆ بدەین

بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم (IAEA) ئاماژەی دا، دانوستان لەگەڵ ئێران کات بە فیڕۆ دانە، دەبێت بە زووترین کات لەگەڵ ئەو وڵاتە بگەینە ئەنجامێک.
دووشەممە 8ـی ئەیلوولی 2025، ڕافایێل گرۆسی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم (IAEA) ڕایگەیاند، کاتی پێویستمان نییە کە لە دانوستانەکان بە فیڕۆی بدەین، بەڵام ئەگەر باوەڕێکی باش و هەستی بەرپرسیاریەتی لەلایەنی بەرانبەر بۆ دەستپێکردنەوەی هەماهەنگییەکانی نێوانیان هەبێت، ئەوا ئەو کاتەی هەمانە دەتوانین بگەینە ئەنجامێک.
بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم ئاماژەشی دا، لە دانوستانەکان لەگەڵ ئێران بەرەوپێشچوون هەبووە؛ هیواشی خواست لە چەند ڕۆژی داهاتوو لەگەڵ ئێران لەبارەی میکانیزمی کارکردنی ئەو ئاژانسە بگەنە ئەنجامێک و هەندێک وردەکاری بۆ بخەنە ڕوو.
باسی لەوەش کرد، لەو باوەڕەیە ئەگەر پشکنەرەکانیان لە ئێران دەستییان بە کارەکانییان کرد، ئەوا کاریگەر لەسەر گفتوگۆیەکانی ئێران لەگەڵ فەرەنسا، بەریتانیا و ئەڵمانیا دەبێت و بەرەو ئەنجامێکی ئەرێنیمان دەبات.
لە دوای هێرشەکانی ئەمەریکا بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران، پشکنەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم ڕێگەیان پێ نەدراوە سەردانی ئەو دامەزراوە ئەتۆمییەکان بکەن و لە پەرلەمانی بە زۆرینەی دەنگ هاوکارییەکانیان لەگەڵ ئەو ئاژانسە هەڵپەسارد.
بەگوێرەی بەرپرسانی ئێران تاوەکوو ئێستا شاندی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم و ئێران دوو جار کۆبوونەوەتەوە و بڕیارە هەینی داهاتوو بۆ جاری سێیەم کۆببنەوە.
پێنجشەممە 28ـی ئابی 2025، هەر یەکە لە وڵاتانی بەریتانیا، ئەڵمانیا، فەرەنسا، میکانیزمی سناپ باکیان لە دژی ئێران چالاک کرد. هەروەها هەر سێ وڵاتەکە داوا لە ئێران کرد، لە ماوەی 30 ڕۆژ پابەندبوونی خۆی لەسەر بەرنامەی ئەتۆمی پیشان بدەن.