نرخی نەوت بەهۆی ئەگەری سەپاندنی سزای زیاتر بەسەر ڕووسیادا، بەرز بووەوە

ئەمڕۆ نرخی بەرمیلێک نەوت، زیاتر لە یەک دۆلار بەرزبووەوە و هەندێک لە زیانەکانی هەفتەی ڕابردووی قەرەبوو کردەوە، ئەمەش بەهۆی ئەگەری سەپاندنی سزای زیاتر بەسەر نەوتی خاوی ڕووسیادا بوو، پاش هێرشەکەی دوێنێ بۆ سەر ئۆکرانیا.
دووشەممە، 8ـی ئەیلوول 2025، ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز بڵاوی کردەوە "ئەمڕۆ دووشەممە، نرخی نەوتی خاوی برێنت 1.24 دۆلار، واتە بە ڕێژەی 1.9%، بەرزبووەوە و گەیشتە 66.74 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک، لە کاتێکدا نەوتی خاوی تێکساس 1.17 دۆلار، بە ڕێژەی 1.9%، بەرزبووەوە و گەیشتە 63.04 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک."
ئۆپێک پڵەس، کە ڕێکخراوی وڵاتانی هەناردەکاری نەوت (ئۆپێک) و ڕووسیا و هاوپەیمانەکانی تریش لەخۆ دەگرێت، یەکشەممە ڕەزامەندیی دەربڕی لەسەر زیادکردنی بەرهەمی نەوت لە مانگی تشرینی یەکەمی داهاتووەوە.
ئۆپێک پڵەس، لە مانگی نیسانی ڕابردووەوە، دوای چەندین ساڵ لە کەمکردنەوەی بەرهەم بۆ پشتگیریکردنی بازاڕی نەوت، دەستی بە زیادکردنی بەرهەم کردووە. بڕیارە نوێیەکە، سەرەڕای ئەگەری زیادبوونی بەرهەمهێنانی نەوت لە زستانی داهاتوودا دێت.
هەشت ئەندامی ئۆپێک پڵەس، لە مانگی تشرینی یەکەمەوە بەرهەمیان بە بڕی 137 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا زیاد دەکەن. بەڵام ئەمە زۆر کەمترە لە زیادکردنەکانی مانگی ئەیلوول و ئاب کە نزیکەی 555 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا بوو بەرانبەر بە 411 هەزار بەرمیلی ڕۆژانە لە مانگەکانی تەممووز و حوزەیرانی ڕابردوودا.
تۆشیتکا تازاوا، شارەزای ئابووریی کۆمپانیای فوجیتۆمی سیکوریتیز، ڕایگەیاند "بازاڕی نەوت بەهۆی ئاسوودەیی لە زیادکردنی بەرهەمی ئۆپێک پڵەس و بەرزبوونەوەیەکی تەکنیکی دوای دابەزینی هەفتەی ڕابردوو، جێگیر بووە."
تازاوا، گوتیشی "زیادکردنی بەرهەمی ئۆپێک پڵەس لە هەفتەی ڕابردووەوە بڕیاری لەسەر درابوو. پێشبینییەکانی کەمبوونەوەی دابینکردنی نەوت بەهۆی ئەگەری سزای نوێی ئەمریکا بۆ سەر ڕووسیاش، پشتگیری بڕیاری زیادکردنە دەکات".
سەرۆکی ئەمەریکا، دۆناڵد ترەمپ، ڕۆژی یەکشەممە ڕایگەیاند "ئامادەیە قۆناغی دووەمی سزاکان بۆ سەر ڕووسیا دەست پێ بکات." ئەم لێدوانەی ترەمپ، کە نیشانەی زیادکردنی سزاکانە دژی مۆسکۆ، یان کڕیارانی نەوتەکەی، کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر بڕیارەکەی ئۆپێک پڵەس هەبووە.
فرێدریک لاسێر، سەرۆکی توێژینەوە و شیکاری لە کۆمپانیای بازرگانی وزەی گەنڤۆر، ئەمڕۆ، ڕایگەیاند "سزای نوێ بۆ سەر کڕیارانی نەوتی ڕووسیا، لەوانەیە بازاڕی نەوتی خاو بشڵەژێنێت."
ساتۆرو یۆشیدا، پسپۆڕی بازاڕی نەوت لە کۆمپانیای ڕاکوتێن سیکوریتیز، گوتی: زیادبوونی بەرهەمی ئۆپێک پڵەس کەمتر بوو لەوەی پێشبینی دەکرا، بۆیە داخوازیی کڕینی نەوت زیاتر بووە، لە کاتێکدا کەمبوونەوەی ئەگەرەکانی ڕاگەیاندنی ئاشتی لە جەنگی ڕووسیا-ئۆکرانیا و کاریگەریی سزا چاوەڕوانکراوەکانی سەر ڕووسیا، لەوانەیە ببێتە هۆی گرانبوونی نرخی نەوت لە مانگەکانی داهاتوودا.