ئێران، پلان بۆ هەڵدانی مانگی دەستکرد و کردنەوەی بنکەیەکی نوێی بۆشایی ئاسمان دەکاتەوە

ئێران پلانێکی گەورەی ئاشکرا کردووە بۆ هەڵدانی چوار مانگی دەستکرد بۆ خولگەی زەوی تا ناوەڕاستی مانگی ئاداری 2026. هاوکات، کۆماری ئیسلامی نیازی وایە بنکەیەکی نوێی بۆشایی ئاسمان لە شاری چابەهار، لە باشووری ڕۆژهەڵاتی وڵات، بکاتەوە.

حەسەن سالاریە، سەرۆکی ئاژانسی بۆشایی ئاسمانی ئێران، بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند، "پێشکەوتنی باشمان لە دروستکردنی بنکەی بۆشایی ئاسمانی چابەهار بەدەستهێناوە، و پێویستە بەم زووانە چاوەڕوانی هەڵدانی یەکەم مانگی دەستکرد لەم بنکەیە بکەین."

سالاریە ڕوونیشیکردەوە، تا کۆتایی ساڵی ئێران، واتە ناوەڕاستی مانگی ئاداری ساڵی داهاتوو، ئێران چوار مانگی دەستکرد دەنێرێتە بۆشایی ئاسمان. لەوانە مانگی دەستکردی "زەعفەر"، مانگی دەستکردی "ناهید 2"، و مۆدێلی دووەمی مانگی دەستکردی "کۆسار" کە لەلایەن کەرتی تایبەتی ئێرانەوە دروستکراوە و تایبەتە بە چاودێریکردنی زەوی. ئەم پلانە هەروەها تاقیکردنەوەی کۆمەڵێک مانگی دەستکردی بچووک بە ناوی گرووپی "سولەیمانی" دەگرێتەوە، کە ناوی لە قاسم سولەیمانی، فەرماندەی پێشووی سوپای قودسی سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی وەرگیراوە، کە لە ساڵی 2020 لە هێرشێکی ئاسمانی ئەمەریکادا لە بەغدا کوژرا.

بەگوێرەی ماڵپەڕی ئێران ئینتەرناشناڵ، مانگی ڕابردوو، حەسەن سالاریە بە ئاژانسی هەواڵی تەسنیمی ڕاگەیاندبوو، ئێران بەنیازە تا مانگی ئازاری 2026 یەکەم مانگە دەستکردە تاقیکارییەکانی لە گرووپی "سولەیمانی" بخاتە خوارەوە.

جێگای ئاماژەیە، مانگی تەمموزی ساڵی ڕابردوو ئێران مانگی دەستکردی پەیوەندییەکانی "ناهید 2"ی بە مووشەکێکی ڕووسییەوە ئاراستەی خولگەی زەوی کرد. حکوومەتەکانی ڕۆژئاوا چەندان جار نیگەرانی خۆیان لەبارەی چالاکییە بۆشایی ئاسمانییەکانی ئێران دەربڕیوە. لە مانگی یەکی ساڵی 2024، بەریتانیا، فەرەنسا و ئەڵمانیا ئیدانەی هەڵدانی مانگی دەستکردی "سوری"یان لەسەر مووشەکی "قاعم 100" لەلایەن ئێرانەوە کرد، بەو پاساوەی ئێران تەکنەلۆژیای سەرەکی بۆ پەرەپێدانی مووشەکی بالیستیی دوورمەودا بەکاردەهێنێت.

ڕۆژنامەی "ئیسرائیل هایۆم" لە ڕاپۆرتێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، مانگی دەستکردی "زەعفەر" کە بڕیارە ئێران ڕەوانەی خولگە بکات، بە شێوەیەک دروستکراوە نەخشەی وردبینی بەرز و وێنەی ئاسمانی ناوچەکانی جیهان بەرهەم بهێنێت. ڕاپۆرتەکان باس لەوە دەکەن کە توانای گرتنی وێنەی بەرزی هەیە و کامێرای ڕەنگاوڕەنگی تێدایە، دەتوانێت وێنەی دامەزراوە نەوتییەکان، کانەکان، دارستانەکان و کارەساتە سروشتییەکان بگرێت.

لە ڕاپۆرتێکی ئاژانسی هەواڵگریی ناوەندیی ئەمەریکا (CIA) لە ساڵی 2019دا، ئاماژە بەوە کراوە کە ئێران دەتوانێت شارەزایی خۆی لە هەڵدانی کەشتییە بۆشایی ئاسمانییەکان بۆ پەرەپێدانی مووشەکی بالیستی نێوان کیشوەرەکان (ICBM) بەکاربهێنێت.

 
 
 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment