زیانمەندانی جەنگی 12 ڕۆژە لە نێوان ناکۆکیی بەرپرسەکاندا سەرگەردانن

زیاتر لە حەفتا ڕۆژ بەسەر کۆتاییهاتنی جەنگی 12 ڕۆژەدا تێدەپەڕێت، بەڵام هێشتا سەدان خێزان لە هۆتێلەکانی تاران و نێو خانووە نیوە وێرانەکانیاندا دەژین.

بەرپرسانی شارەوانیی تاران دەڵێن "پرۆسەی نۆژەنکردنەوەی ئەو خانووانەی کە زیانی کەمیان بەرکەوتووە کۆتایی هاتووە و ئەم بەشەی پرۆژەکە 100% تەواو بووە. چاکسازییە مامناوەندەکانیش، کە بریتییە لە نزیکەی دوو هەزار و 300 یەکە، لە قۆناغی یەکلاییکردنەوەی کۆتایی نزیک بووەتەوە و پرۆسەی جێبەجێکردنی دەستی پێ کردووە."

لەگەڵ ئەوەشدا و سەرەڕای تێپەڕبوونی زیاتر لە دوو مانگ بەسەر ڕاگەیاندنی ئاگربەستی نێوان ئێران و ئیسرائیل، هێشتا بارودۆخی ئەو هاووڵاتیانەی کە ماڵەکانیان زیانی بەرکەوتووە، ڕوون نییە و هەندێکیان هێشتا لە هۆتێلەکاندا نیشتەجێن.

ناکۆکیی ئامارەکان

لەم نێوەندەدا، ناکۆکی لە ئامارە پێشکەشکراوەکاندا هەر لە ڕۆژانی یەکەمەوە، بەتایبەتی لە پۆلێنکردنی خانووەکان بەپێی گەورەیی زیانەکان، سەری هەڵداوە و یەکێکە لە گرنگترین هۆکارەکان کە پرۆسەی نۆژەنکردنەوەی خانووەکانی سەخت کردووە.

عەلی ڕەزا زاکانی، سەرۆکی شارەوانیی تاران، ڕایگەیاند "لە کۆی هەشت هەزار و 415 یەکەی زیانلێکەوتوو، نزیکەی 89%، واتە حەوت هەزار و 481 یەکە، بڕیاری نۆژەنکردنەوەیان دراوە، لەوانە پێنج هەزار و 172 یەکە، تەنیا پێویستیان بە چاکسازیی بچووک هەبووە و لە قۆناغی کۆتاییدان."

زاکانی، سەبارەت بە دۆخی نیشتەجێکردنی کاتیی هاووڵاتیان ڕوونیکردەوە "665 خێزان لە 11 هۆتێلدا بە شێوەی کاتیی نیشتەجێ کراون و 555 خێزانی دیکەش لە لیستی نیشتەجێکردنی یەک بۆ دوو ساڵەدان. بە گوتەی ئەو، 355 خانوو بۆ نیشتەجێکردنی زیانبەرکەوتووان بە کرێ گیراون."

دیارە ناکۆکی لە خەمڵاندنەکان و چۆنیەتیی تەرخانکردنی بودجە، لەگەڵ فرەچەشنیی دەزگا چاودێرەکان، لە دامەزراوەی نیشتەجێکردنەوە تا شارەوانیی پایتەخت، بووەتە هۆی خاوبوونەوەی جێبەجێکردنی پرۆژەکان.

حەمیدڕەزا ڕەزایی کوچی، سەرۆکی لیژنەی ئاوەدانکردنەوەی پەرلەمان، بە پشتڕاستکردنەوەی ئەم ناکۆکییە گوتی: دامەزراوەی نیشتەجێکردن و شارەوانی لەسەر ئامارەکان ناکۆکن. شارەوانی ژمارەی یەکە زیانبەرکەوتووەکانی بە هەشت هەزار یەکە ڕاگەیاندووە، لە کاتێکدا حکوومەت ئەم ژمارەیەی بە چوار هەزار یەکە خەمڵاندووە.

 ڕەزایی، ژمارەی ئەو خانووانەی کە دەبێت سەرلەنوێ دروست بکرێنەوە بە 300 یەکە ڕاگەیاند، لە کاتێکدا مەهدی چەمران، سەرۆکی ئەنجوومەنی شاری تاران، ئەم ژمارەیەی بە 50 یەکە داناوە.

بودجەی ناڕوون و ناڕێکی خەمڵاندنەکان

ناڕێکی و نەگونجانی ئاماری پرۆسەی ئاوەدانکردنەوەی خانووە زیانلێکەوتووەکان بووەتە هۆی ئەوەی بودجەی تەرخانکراویش ناڕوون بێت. دوو هەفتەی یەکەمی دوای ڕاگەیاندنی ئاگربەست، فاتمە موهاجیرانی، گوتەبێژی حکوومەت، ڕایگەیاند "هەزار ملیار تومەن بۆ نیشتەجێکردنی کاتی و ئاوەدانکردنەوەی یەکە نیشتەجێبوونە زیانلێکەوتووەکانی جەنگ پەسەند کراوە."

چەند ڕۆژێک دواتر، سەرۆکی ڕێکخراوی بەڕێوەبردنی قەیرانەکانی تاران، ژمارەیەکی جیاوازی خستەڕوو و گوتی: شارەوانیی تاران لە قۆناغی یەکەمدا دوو هەزار ملیار تومەنی بۆ نیشتەجێکردنی کاتیی خێزانەکان تەرخان کردووە. ئەم جیاوازییە ئاشکرایە کە لانیکەم هەزار ملیار تومەنە، نیشاندەری نەبوونی هەماهەنگییە لەنێوان دامەزراوە بەرپرسەکاندا.

لەلایەکی دیکەوە، ناڕوونیی تێچووی دروستکردن بۆ هەر مەتر چوارگۆشەیەک بووەتە بەربەستێکی جددی لە جێبەجێکردنی پڕۆژەکاندا. بەپێی ڕێنماییە ڕاگەیەندراوەکان، تێچووی دروستکردنی هەر مەترێکی چوارگۆشەی یەکەی نیشتەجێبوون، بە 20 ملیۆن تومەن خەمڵێندراوە و بۆ چاککردنەوەکانیش لە یەک تا هەشت ملیۆن تومەن، بەپێی ڕێژەی وێرانکارییەکە لەبەرچاو گیراوە.

ئەم ژمارانە لەگەڵ واقیعی بازاڕی کەرەستەی بیناسازی و هێزی کاردا جیاوازییەکی زۆریان هەیە. لە زۆرێک لە ناوچەکانی باکووری پایتەخت یان تاوەرە بەرزە زیانلێکەوتووەکاندا، تەنانەت نرخی کەرەستە سەرەتاییەکانیش لەگەڵ بڕە ڕاگەیەندراوەکاندا ناگونجێت.

خانووی وێران، ڕۆحی بریندار

لەنێو ناکۆکیی ئامارەکان و گێڕانەوە دژبەیەکەکاندا، وێنەی خانووە نیوە وێرانەکان و دانیشتووانە سەرگەردانەکان، بیرهێنەرەوەی ڕەهەندە مرۆییەکانی قەیرانەکەن. یەکێک لەو هاووڵاتیانەی خانووەکەی زیانی گەورەی بەرکەوتووە، بە پێگەی ئیندیپێندنتی فارسی گوت: بانگەشەی شارەوانی سەبارەت بە تەواوبوونی نۆژەنکردنەوەی بچووک، زیاتر گۆڕینی جامە شکاوەکان و چاکسازیی بچووک دەگرێتەوە کە زیانی جددییان بەرنەکەوتووە. لە کاتێکدا ئەو باڵەخانانەی ڕووخاون، تەنیا داروپەردووەکانیان لابراون و ئیتر هیچ کارێکی دیکەیان تێدا نەکراوە.

ئەو هاووڵاتییە، ئاماژەی بە تاوەرە زیانلێکەوتووەکانی شارۆچکەکانی ڕۆژئاوای تاران کرد و ڕایگەیاند "شارەوانی و دامەزراوەی نیشتەجێکردن بەرنامەیەکی دیاریکراویان بۆ بەهێزکردنەوە، یان خشتەیەکی کاتییان بۆ ئاوەدانکردنەوە پێشکەش نەکردووە. تەنانەت ناشزانرێت هەڵسەنگاندنی سەلامەتی و ئاستی زیانی ئەگەری، لە پەیکەری سەرەکیی باڵەخانەکان چۆن و لەژێر چاودێریی کام دامەزراوەدا کراوە؟

ئاماری ئەو خێزانانەی لە هۆتێلەکانی پایتەخت نیشتەجێ کراون، نیشانی دەدات ئەوان بوونەتە قوربانیی ناکۆکییەکانی نێوان دامودەزگە بەرپرسەکان و کەس ئاوڕ لە سەختیی گوزەرانی ناچاریی ئەوان لە ژوورە بچووكەکانی هۆتێلەکاندا ناداتەوە. هەندێک لە خێزانەکان چەند مانگە لە بارودۆخێکی نادڵنیادا دەژین و ئاسۆیەکی ڕوونیان لەبەردەمدا نییە.

 

 
Fly Erbil Advertisment