میترۆی لەندەن وەستاوە؛ 10 هەزار کارمەند مانگرتنیان ڕاگەیاندووە

لە 7ی ئەیلوولی 2025ـەوە، نزیکەی 10 هەزار کارمەندی میترۆی لەندەن مانگرتنی سەرتاسەریان ڕاگەیاندووە و بەهۆیەوە سەرجەم گەشتەکانی میترۆ ڕاگیراون. مانگرتنەکە لەسەر داوای کەمکردنەوەی کاتژمێرەکانی کارکردنە لە 35 کاتژمێرەوە بۆ 32 کاتژمێر لە هەفتەیەکدا.

سەرەڕای ئەوەی حکوومەت ئامادەیی خۆی نیشان داوە بۆ بەرزکردنەوەی مووچەی کارمەندان بە ڕێژەی 3.4%، بەڵام کارمەندان جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە کە کەمبوونی کاتژمێرەکانی کارکردن بۆ ئەوان گرنگترە وەک لە بەرزکردنەوەی مووچە، چونکە بە گوتەی خۆیان، کاتژمێرەکانی ئێستای کارکردن زۆر ماندووکەرن.

لە ساڵی 2018ەوە، میترۆی لەندەن نزیکەی 2000 کارمەندی لە کارەکانیان دوورخستووەتەوە بە مەبەستی کەمکردنەوەی تێچووەکان، ئەمەش بووەتە هۆی زیادبوونی باری سەرشانی ئەو کارمەندانەی کە ماونەتەوە. ئێستا داواکارن ژمارەی زیاتری کارمەند دابمەزرێنرێت بۆ ئەوەی کاتژمێرەکانی کارکردنیان کەمتر ببێتەوە.

ڕاگرتنی گەشتەکانی میترۆ، کە ڕۆژانە نزیکەی چوار ملیۆن گەشت ئەنجام دەدات، زیانێکی زۆری بە کۆمپانیاکان و هاووڵاتییان گەیاندووە. بە گوێرەی خەمڵاندنەکان، زیانە داراییەکانی ئەم وەستانە بۆ چەند ڕۆژێک 230 ملیۆن پاوەند دەبێت، جگە لە زیانی 110 ملیۆن پاوەند بۆ کەرتی گەشتوگوزار.

بەهۆی قەرەباڵغی شەقامەکانی لەندەنەوە، هاتوچۆکردن بە پاس کاتێکی زۆری دەوێت، بۆیە زۆرێک لە هاووڵاتییان ناچار بوون پشت بە پاسکیل ببەستن کە وەک باشترین چارەسەر سەیر دەکرێت لەم دۆخەدا. بڕیارە مانگرتنەکە بەردەوام بێت تا ئەو کاتەی داواکارییەکانیان جێبەجێ دەکرێن. 

 
 
Fly Erbil Advertisment