سیستان قوربانیی وشکەساڵی و کەمتەرخەمیی حکوومەت

بێکاری و هەژاری تەنگی بە دانیشتووانی سیستان هەڵچنیووە، وشکەساڵی و نەبوونی پیشەسازی هێندەی دی باری ژیانی خەڵکەکەیان قورس کردووە؛ تەنها یەک بۆ دوو لە سەدی دانیشتووانەکەی بە قاچاخچییەتی سووتەمەنی و دەستفرۆشیی لە بازاڕچەی سنووردا بژێویی خۆیان دابین دەکەن.

لە ڕاپۆرتێکی  ئاژانسی هەواڵی ئیلنا، دەربارەی هەژاری و بێکاریی لە پارێزگای سیستان و بەلوجستان، هاتووە "کاتێک لە 'سفیدابە' و خاڵی پشکنینی 'کۆلە سەنگی' تێدەپەڕیت، گەرمای سووتێنەری هەژاری لە ڕوخسارت دەدات؛ هەموو شتێک بۆنی هەژاری لێ دێت، کۆشکەکانی فرۆشتنی بەنزین لە کەناری شەقامەکە، تانکەرەکانی گواستنەوەی سووتەمەنی کە بە خێرایی بەرەو سنوور دەڕۆن. گەنجانێک دەبەی کۆن بەدەستەوە، بە ڕوخساری سووتاو لەبەر تیشکی گەرمی خۆردا لە ڕێزی بەنزیندا وەستاون. منداڵانی پێنج، شەش ساڵان بە جلی شڕ و سکی برسییەوە بە دەبە بەنزین بە ئۆتۆمبێلەکان دەفرۆشن؛ لێرە دێوی هەژاری فەرمانڕوایە."

زاهیدان، وەک ناوەندی پارێزگایەکی پان و بەرین، هیچ پشکێکی لە پیشەسازی و گەشەپێدانی نیشتمانیدا نییە؛ شارۆچکەی پیشەسازیی ئەم شارە گەورەیە ماوەیەکی زۆرە پەکی کەوتووە؛ زاهیدان، زیاتر لە دوو دەیەیە بەرگی هەژاری پۆشیوە و بەشێکی گەورەی خەڵک، تەنانەت توێژی خوێندەوار و سەرکەوتووش، ناچار بوون کۆچ بکەن. بەڵام دۆخی سیستان زۆر خراپترە، زابول لە ئاگری پشتگوێخسن، لەبیرکردن و وشکەساڵیدا بە مانای تەواوی وشە، بووەتە خۆڵەمێش..

سیستانی خۆڵەمێشنشین

سیستان، ڕۆژگارێک، سایلۆی گەنمی ڕۆژهەڵاتی وڵات بوو؛ سەمای جوانی گوڵە گەنمە زەردەکان لەژێر تیشکی خۆری پاکی سیستاندا، بەڕاستی دیمەنێکی سەرنجڕاکێش بوو. خەڵکی ناوچەی سیستان و بەلوچستان هێشتا نانە بەکوالێتییەکانی سیستان و ئەو ماسییە گەورانەی کە لە دەریاچەی هاموون ڕاویان دەکرد، لە بیرە؛ ئەو کاتە، بژێوی لە زابول زۆر بوو، ئێستا جگە لە بێکاری و وشکەساڵی و تۆز و خۆڵ هیچی تر نەماوەتەوە. زۆر کەس سیستانیان بەجێ هێشتووە؛ لە دەیەی 80کاندا لەگەڵ وشکبوونی دەریاچەی هاموون، شەپۆلی کۆچکردن دەستی پێ کرد؛ سەرەتا جووتیاران و ئاژەڵداران و ماسیگران ڕۆیشتن، دواتر دوکاندار و کاسبکاران.

ئەحمەد، بیست ساڵ لەمەوبەر لە زابولەوە بۆ گرگان کۆچی کردووە؛ ئەو پێی وایە کە هیچ چارەیەکی بۆ نەمابووەوە، دەبوو بڕوات، ئەو بە داخەوە دەڵێت "ئێمە جووتیار بووین، گەنممان دەچاند. بەڵام بەهۆی وشکەساڵییەوە ناچار بووین کۆچ بکەین، ئامۆزاکەم لە گرگان کێڵگەی تووتنی هەبوو، سەرەتا بووم بە کرێکاری و دواتر وردە وردە بووم بە هاوبەشی، لێرەش کێشە هەیە، جووتیاران پشتیوانییان نییە بەڵام لانیکەم توانیم منداڵەکانم بنێرمە قوتابخانە، ئێستا کوڕەکەم مامۆستایە و کچەکەم شووی کردووە."

ئەو کارگانەی هەرگیز دروست نەکران

یوونس دێهمۆردە، چالاکوانی مەدەنی نیشتەجێی زابول، سەبارەت بە ڕێژەی بەرزی بێکاریی لەم ناوچەیە و لەناوچوونی کشتوکاڵ، ئاژەڵداری و ماسیگری دەڵێت: ئەوەی کە ڕێژەی بێکاریی سیستان بە لە 25% ڕادەگەیەنرێت، ڕاست نییە؛ لێرە جگە لەو کەسانەی کە کاری دەوڵەتییان هەیە ژمارەیەکی کەمی دیکە کە توانیویانە کارێکی ئازاد بۆ خۆیان بدۆزنەوە، ئیتر زۆرینەی خەڵکەکەی تر بێکارن یان تەنیا بە هاوکاریی حکوومەت (یارانە) دەژین.

دێهموردە دەڵێت: ئێوە بڕۆن بۆ باکووری شارستانی هیرمەند کە دەکەوێتە کەناری دەریاچەی هاموون، ئەو شوێنە ڕۆژگارێک دانیشتووانێکی زۆری هەبوو؛ بەڵام ئێستا دەریاچەی هاموون بووەتە بیابانێکی وشک و من ئەگەر بمەوێت بە کچەکەم بڵێم ڕۆژگارێک لێرە دەریاچەیەک بەو فراوانییە هەبووە، بە دڵنیاییەوە باوەڕ ناکات. 

دێهمۆردە سەبارەت بە پیشەسازی و کارگە ناوخۆییەکان دەڵێت: ئێستا هیچ کارگەیەکی چالاک لەم ناوچەیەدا نییە. کابینەی حەسەن ڕووحانی پلانی بۆ دروستکردنی دوو کارگەی گەورە دانابوو، یەکێکیان کارگەی تایە و ئەوی تریان کارگەی کاشی و سێرامیک و بەردی بناغەی ئەم کارگانە لە سەرەتای دەیەی  پێشوودا دانرا؛ بەڵام هیچ کام لەو کارگانە هەرگیز دروست نەکران!

دێهمۆردە، قاچاخییەتی سووتەمەنی بە تاکە ڕێگای بژێوی زۆرینەی گەنجانی ناوچەکە دەزانێت، ڕێگایەکی زۆر مەترسیدار لە پێناو پارویەک ناندا.

 
 
Fly Erbil Advertisment