ئەورووپا.. زیاتر لە 70 کۆمپانیای گەورە داخراون و 18 هەزار کرێکاریش کارەکانیان لەدەستداوە

ڕوانگەی بونیادنانەوەی ئەورووپا، بڵاویکردەوە، وڵاتانی ئەورووپا ڕووبەڕووی قەیرانێکی ئابووری گەورە بوونەتەوە، کە بووەتە هۆی داخستنی دەیان کۆمپانیا و دەرکردنی هەزاران کرێکار لە کارەکانیان.
سێشەممە، 9ـی ئەیلوولی 2025، ڕوانگەی بونیادنانەوەی ئەورووپا ڕایگەیاند، لە 1-1-2025 تا 31-8-2025، 72 کۆمپانیای گەورەی پیشەسازی کارەکانیان ڕاگرتووە، پێش ئەوەش ژمارەیەکی پێوانەیی لە ساڵی 2009دا تۆمارکرابوو، کاتێک 81 کۆمپانیای پیشەسازی لە هەمان ماوەی ساڵدا داخران. تەنانەت لە ماوەی ساڵی کۆڤید-19دا، تەنیا 49 کۆمپانیا داخران.
بە پێچەوانەی ساڵانی پێشوو کە داخستنی کۆمپانیاکان زۆربەی لە ئەڵمانیا بوون، بەڵام ئەمساڵ بەسەر وڵاتانی ئەورووپا دابەش بوون، کە زۆرترین ژمارەی داخستنی کۆمپانیاکان لە ئیسپانیا بووە بە ڕێژەی 17%، لە دوای ئەویش فەرەنسا بە 14%، کۆماری چیک و ئەڵمانیا بە 11% دێن، بەڵام لە کرواتیا و دانیمارک هەریەکە و یەک کۆمپانیا دەرگاکانیان داخستووە.
ئاماژەی بەوەش داوە، بەهۆی داخستنی ئەو کۆمپانیایانە 18 هەزار کرێکاری کەرتی پیشەسازی لە کارەکانیان دەرکراون، ئەمەش سێیەم بەرزترین ژمارەیەی بێکارییە لە مێژووی یەکێتی ئەورووپادا. لەسەردەمی پەتای کۆرۆنا، 18 هەزار و 700 کەس کارەکانیان لەدەستدا، بەڵام لە قەیرانی دارایی جیهانیدا، 27 هەزار و 300 کەس کارەکانیان لەدەستداوە.
بەگشتی کۆی گشتی ئەو کۆمپانیایە گەورانەی کە لە سەرجەم کەرتەکانی ئابووری یەکێتی ئەورووپا داخراون، گەیشتە 99 کۆمپانیا، کە بەرزترین ژمارەیە لە ساڵی 2009ەوە.