ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی کاندیدبوونی محەممەد حەلبوسی پەسەند کرد

ڕۆژی دووشەممە، 8ـی ئەیلوولی 2025، دەستەی دادوەریی هەڵبژاردنەکان لە ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی، بڕیاری کاندیدکردنی محەممەد حەلبووسی سەرۆکی حزبی (تەقەددوم)ـی پەسەندکرد و تانەی موسەننا سامەرایی سەرۆکی هاوپەیمانی عەزمی ڕەتکردەوە.

سێ هەفتە بەر لە ئێستا، موسەننا سامەرایی سەرۆکی هاوپەیمانی عەزم، تانەی دژی خۆ کاندیدکردنی محەممەد حەلبووسی سەرۆکی لیستی تەقەددوم پێشکەشی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان کرد، بە تۆمەتی گەندەڵی و قۆستنەوەی پۆستەکەی بۆ بەدەستهێنانی بەرژەوەندی کەسیی خۆی، کە ئەمەش پیشێلکردنی یاساکانی هەڵبژاردن و دەستپاکییە.

لە بڕیاری ژمارە(238/ دەستەی دادوەریی هەڵبژاردنەکان/ 2025) دا هاتووە، تانەکە لە کاتی یاسایی خۆیدا پێشکەشکراوە و قبووڵکراوە، بەڵام دوای وردبوونەوە دەرکەوتووە کە بڕیاری ئەنجوومەنی کۆمیساران ژمارە (14)ـی 25ـی ئابی 2025، پابەندە لەگەڵ یاسایەکەدا.

 لە بڕیارەکەدا هاتووە کە حەلبووسی هیچ کێشەیەکی یاسایی و هیچ ماددەیەکی یاسایی تایبەت بە کێشە ئەخلاقییەکانی نییە، هەروەها هیچ کەیسێکی گەندەڵی دارایی و ئیداریی لە دژی بوونی نییە، بۆیە خۆ کاندیدکردنی یاساییە.

ڕۆژی دووشەممە، 8ـی ئەیلوولی 2025، دەستەی نیشتمانی لێپرسینەوە و دادپەروەری عێراق، ڕایگەیاند، تەواوبوونی پرۆسەی پشکنینی گشتگیری بۆ سەرجەم ئەو کاندیدانەی کە خۆیان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی داهاتووی عێراق کاندید کردووە، کە کۆی گشتییان نزیکەی هەشت هەزار کاندیدن، 335 کاندید لە هەڵبژاردن دووردەخرێنەوە.

محەممەد حەلبووسی لە 14ـی تشرینی دووەمی ساڵی 2023، بە بڕیاری دادگای فیدڕالی لە سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراق دوورخرایەوە، دوای ئەوەی یەک لە ئەندامانی لیستەکەی خۆی بە ناوی لەیس دلێمی، سکاڵای یاسایی لە دژی تۆمارکرد و بە ساختەکردنی دەستلەکار کێشانەوەی ئەندامانی لیستەکەی خۆی کە گوایە حەلبووسی پێشوەختە ئامادەی کردبوو و واژۆیانی پێکردبوو بۆ ئەوەی هەر کاتێک ویستی بەکاری بهێنێت، تۆمەتباری کرد.

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment