نەتەوە یەکگرتووەکان: زیاتر لە 16 ملیۆن سووری پێویستیان بەهاوکاریی مرۆییە

ڕێکخەری نیشتەجێی نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخەری مرۆیی لە سووریا، د. ئادەم عەبدولمەولا، ڕایگەیاند، نزیکەی 16.5 ملیۆن کەس لە سووریا پێویستیان بە هاوکاری مرۆیی هەیە، جگە لەو 2.5 ملیۆن ئاوارە و پەنابەرانەی گەڕاونەتەوە و زۆرێکیان ماڵەکانیان وێران بووە.

سێشەممە، 9ـی ئەیلوولی 2025، ئادەم عەبدولمەولا لە میانی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا پێش کۆتاییهاتنی ئەرکەکەی گوتی: "سووریا بەردەوامە لە گیرۆدەبوون بەدەست قەیرانی ئاوارەیی دا، تا ئێستاش زیاتر لە 6 ملیۆن سووری ئاوارەن، و زیاتر لە 6 ملیۆنیش پەنابەرن لە سەرانسەری جیهاندا."

عەبدولمەولا ئاماژەی بەوەش کرد، لەماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا نزیکەی لەسەدا 24ـی خانووبەرە لە سووریا زیانیان بەرکەوتووە یان وێران بوون، سەرەڕای ئەو دۆخە نالەبارە، ئەو پارەیەی کە نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پشتیوانی لەم بوارەدا وەریدەگرێت، لە ڕادەبەدەر کەمە.

ئەو بەرپرسەی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕوونیشیکردەوە، "تا ئێستا لەو سێ ملیار و 200 ملیۆن دۆلارەی داوامان کردووە، بۆ هاوکاری مرۆیی ئەمساڵی سووریا، تەنیا لەسەدا 14ـی وەرگیراوە.

عەبدولمەولا گوتیشی: بۆ یەکەمجار لە ساڵی 2012 وەک ڕێکخەری نیشتەجێ هاتوومەتە سووریا، کاتێکی سەخت بوو، لەو کاتەدا بڕیارم دا هەموو چالاکییەکانی گەشەپێدان ڕابگرم بۆ ئەوەی ڕژێمی پێشوو سوودیان لێ وەرنەگرێت و لە ڕووی سیاسییەوە نەیانقۆزێتەوە.

 

 
 
Fly Erbil Advertisment