ئالۆنسۆ ڕیاڵ مەدرید ئامادە دەکات بۆ حەوت جەنگی داهاتوو
زنجیرە شاخێكی ترسناك لەبەردەم ئالۆنسۆ و یاریزانەكانی دایە

چابی ئالۆنسۆی ڕاهێنەری ڕیال مەدرید بەشێوەیەكی چڕ و پڕ و ماندوو نەناسانە کاردەکات و بە وردی پلانەكانی دادەنێت و ئامادەكاری دەكات بۆ سەخترین و بەهێزترین حەوت جەنگی داهاتوو.
بەگوێرەی ڕۆژنامەی "ئاس"ـی ئیسپانیا، پلانی ئێستای ئالۆنسۆ زیادکردنی كاتی مەشقی یاریزانەكانە و داواشی لە یاریدەدەر و ستافەكەی كردووە كارەكانی رۆژانەیان زیاتر بكەن بەوپێیەی لە ماوەی 23 رۆژی داهاتوو قورسترین حەوت یارییان لەپێشە، دواتر رۆژی 5ـی مانگی داهاتوو یارییە نێودەوڵەتییەكانی فیفا دەست پێ دەكاتەوە.
سەرچاوەكە نووسیویەتی: ڕیاڵ مەدرید تەنیا لە ماوەی 23 ڕۆژدا حەوت یاری هاوشێوەی کۆتایی ئەنجام دەدات. ئەم یارییانە تەحەدایەكە لەبەردەم ئالۆنسۆ و یاریزانەكانی، كاری لە پێشینەی ئالۆنسۆ گونجاندنی یاریزانەكانە، چونكە بەبێ وەستان دەبێت سێ یان چوار رۆژ جارێك یارییەك بكەن، كە تێیدا یاریی دێربی مەدرید لە میترۆپۆلیتانۆ یەكێك دەبێت لە یارییە ئاڵۆزەكانی ریال مەدرید.
ڕۆژنامەکە ئاماژەی بۆ ئەوەش كردووە ئالۆنسۆ هەوڵدەدات ریال مەدرید لەم وەرزە بخاتە سەر ڕێڕەوێکی ڕاست كە هێشتا پێینەگەیشتووە، لەم ماوەیەدا حەوت یاری لەسەریەک لە شێوەی زنجیرە شاخێکی ترسناک لەبەردەمی دایە، بەتایبەتی دوای یاریی چوارەم دەبێت رووبەڕووی ئاتڵێتیكۆ مەدرید بێتەوە، پاشان گەشتێکی دوورودرێژی بۆ ئەلماتی کازاخستان لە چامپیۆنزلیگ لەپێشە، دواتر لە یارییەكی پڕهیلاك و شەكەتدا لەنێو بێرنابیۆ دەبێت بەرامبەر ڤیاریال یاریی بكات.
ریال مەدرید لەم ماوەیەدا دەبێت بۆ رووبەڕبوونەوەی ریال سۆسیداد سەردانی یاریگەی ئانۆێتا بكات، پاشان لە یەكەمین یاریی ئەم وەرزەی چامپیۆنزلیگ دەبێت رووبەڕووی ئۆلێمپیك مارسێی فەرەنسا ببێتەوە، پێش ئەوەی یارییەكانی فیفا دەست پێ بكاتەوە دەبێت لەسەریەك بەرامبەر یانەكانی ئیسپانیۆل، ڤالێنسیا و لیڤانتی یاریی بكات.
ئالۆنسۆ دەیەوێت یاریزانەكانی لەم كێشەیە رزگار بكات
ئالۆنسۆ بەردەوامە لە سەپاندنی یاسایەكانی بەسەر ژووری جلگۆڕیندا، بە سێ سەركەوتنی لەسەریەك بەرامبەر یانەكانی (ئۆساسونا، ئۆڤیدۆ و مایۆرکا) دەستپێکردووە، لەو ماوەیەدا پێش گەڕانەوەی یارییەكانی فیفا 9 خاڵی تەواوی کۆکردووەتەوە، هاوكات خەڵاتی باشترین راهێنەری مانگی لالیگای بردەوە.
ئالۆنسۆ ئێستا زیاتر ئەم قۆناغە وەكو ئامادەكاری سەیر دەكات و كار بۆ ئەوە دەكات یاریزانەكان لەژێر فشار و پاڵنەری دەروونی دەربێنێت، بەوپێیەی گوشارە دەروونییەكان، یەكێكە لە كێشەكانی ئێستای یاریزانەكان.
ڕاهێنەرە نوێیەکەی ڕیال مەدرید هەوڵدەدات بەخێرایی هێز و توانای خۆی لەنێو ركابەرییەكانی چامپیۆنزلیگ بنەخشێنێت، هەروەک چۆن وەرزی ڕابردوو لەگەڵ بایر لیڤەرکوزن کردی، کاتێک سەرکردایەتی یانە ئەڵمانییەكەی كرد بە ئەنجامی 4-0 سەرکەوتنی بەسەر فێینۆرد تۆمار كرد، دواتر لە یاریگای بای ئارێنا بە ئەنجامی 1-0 لە ئەیسی میلان بردەوە، ئەمەش وایكرد هەر لە سەرەتاوە کۆنترۆڵی کۆمەڵەکە بکات و دووربکەوێتەوە لە فشارەکان.
بەپێچەوانەوە یانەی ڕیال مەدرید لە وەرزی ڕابردوودا ڕووبەڕووی ئاستەنگیی بەرچاو بووەوە و نەیتوانیوە لەشێوازە نوێیەكەی چامپیۆنزلیگ ئاستێكی باش پێشكەش بكات، تەنانەت زۆر نزیك بوو نەگاتە قۆناغی پاڵاوتنەكانی چامپیۆنزلیگ.
لالیگا، دەبێتە دەرفەتێك بۆ راستكردنەوەی ئالۆنسۆ
وەرزی ڕابردوو ڕیال مەدرید لە سێ یاریی یەکەمدا 4 خاڵی دەستپێكی بەرامبەر مایۆرکا و لاس پاڵماس لەدەست دا، بەڵام ئێستا وێنەکە پێچەوانە بووەتەوە، ئاتڵێتیكۆ مەدرید تووشی ئەو كێشەیەی وەرزی رابردووی ریال مەدرید بووەتەوە، لە بەرامبەردا بارسێلۆنا تەنیا یەک خاڵی بەرامبەر ڤاییكانۆ لەدەست داوە، ئالۆنسۆ دەیەوێت سوود لەم دەستپێكە وەربگرێت بۆ گەڕانەوەی هاوسەنگی و گونجاندنی یاریزانەكانی بۆ ئەوەی هەرزوو باڵادەستی خۆی بەسەر لالیگادا بسەپێنێ.
ڕۆژنامەکە ئاماژەی بە وتەیەكی بەناوبانگی ئالۆنسۆ كردووە كە دەڵێت: ئەوەی بە باشی دەستپێدەکات، بەباشی کۆتایی دێت".
