سەرۆکی حکوومەت پێشانگەی نێودەوڵەتیی وەبەرهێنانی خانووبەرەی کردەوە

مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ سێشەممە 9ی ئەیلوولی 2025، لە هەولێر، پێشانگەی نێودەوڵەتیی وەبەرهێنانی خانووبەرەی کردەوە و جەختی لە گرنگیدانی حکوومەت بە فرەچەشنکردنی ئابووریی هەرێمی کوردستان کردەوە، بە تایبەتی گرنگیدان بە کەرتی تەکنەلۆژیا، ئەم کەرتەشی بە یەکێک لە بوارە سەرەکییەکانی جێی بایەخی حکوومەت ناوبرد.
سەرۆکی حکوومەت بەشەکانی پێشانگەکەی کردەوە کە چوار ڕۆژ بەردەوام دەبێت و 280 کۆمپانیای نێوخۆیی و دەرەوە تێیدا بەشدارن.
سەرۆکی حکوومەت لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا، ئاماژەی بەوە دا کە هەموو ساڵێک دەبینین ژمارەی بەشداربوونی کۆمپانیا بیانییەکان و وڵاتانی بەشداربوو لە پێشانگەکان بەرەو زیادی دەڕوات. ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ سەقامگیریی هەرێمی کوردستان و بۆ ئەو بڕوا و متمانەیەی کە خەڵک بە هەرێمی کوردستان هەیەتی. هیوادارم ساڵ بە ساڵ بەرەو پێشکەوتنی زیاتریش هەنگاو بنێت.
سەرۆکی حکوومەت دووپاتیشی کردەوە کە بەشداربوونی شارەزایی وڵاتانی تر لە پێشخستنی هەرێمی کوردستان جێی بایەخە. وڵاتی ئێمە بەرەو قۆناخێکی باشتر و پێشکەوتووتر دەڕوات و سوودی دوولایەنیشی هەیە.
سەرۆکی حکوومەت جەختیشی لەسەر گرنگیدانی حکوومەت بە فرەچەشنکردنی ئابووریی هەرێمی کوردستان کردەوە،بە تایبەتی گرنگیدان بە کەرتی تەکنەلۆژیا، یەکێکە لەو بوارە سەرەکییانەی کە جێی بایەخدانی حکوومەتە.
لەبارەی گفتوگۆکانی هەرێمی کوردستانیش لەگەڵ حکوومەت ی فیدراڵ ، سەرۆکی حکوومەت گوتی ؛ ئێستا شاندەکانی ئێمە لە گفتوگۆی بەردەوامدان لەگەڵ شاندی حکوومەتی فیدراڵ لەسەر داهاتە نانەوتییەکان و نزیکن لە گەیشتووین بە قۆناخی کۆتایی بۆ تێگەیشتن. لەسەر هەناردەکردنەوەی نەوتیش، هەرێمی کوردستان هیچ کێشەیەکی نەماوە، نە لەگەڵ کۆمپانیا بەرهەمهێنەرەکان، نە لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی، ئەوەی ماوە خاڵێکە بەینی کۆمپانیاکان و حکوومەتی فیدراڵی. کۆمپانیاکان ئێستا داوای گەرەنتی دەکەن بۆ بەردەوامبوونی دابینکردنی شایستە داراییەکانی خۆیان.


