لە هەولێر 500 سەتڵی جیاکردنەوەی زبڵ و خاشاک و پلاستیک دادەنرێن
لە رێوڕەسمێکی تایبەتدا لە شاری هەولێر ڕێکخراوی کوردستان فاوندەیشن بە هاوبەشی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار پرۆژەی ریسایکلینی زبڵ و خاشاکی ئاشکرا کرد.
لە ژینگەیەکی پڕ سەوزایی و کەشو هەوایەکی پاک، پرۆژەیەکی گرنگی ژینگەیی ڕادەگەیەندرێت، کوردستان فاوندەیشن. دەستپێشخەری پرۆژەی دانانی 500 سەتڵی زبڵ و خاشاکی ڕاگەیاند، سەتڵەکان لە شەقام و شوێنە گشتیەکان دادەندرێن، بە ئامانجی پارێزگاریکردن لە ژینگە و پاکڕاگرتنی شار و شارۆچکەکان، ڕێوڕەسمەکە بە ئامادەبوونی بەرپرسانی حکوومی و کوردستان فاوندەیشن بەڕێوەچوو.
هەندرێن غازی، بهڕێوهبهری بهرنامهی ژینگهیی له كوردستان فاوندەیشن بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، ئێمە وەکوو کوردستان فاوندەیشن 500 سەتڵی جیاکردنەوەی زبڵ و خاشاک و پلاستیکمان داناوە، بۆ ئەوەی ببێتە کارئاسانییەک بۆ هاووڵاتیان و ئەو کارگە حکوومی و تایبەتانەی لەبواری ڕیسایکلین کار دەکەن.
گوتیشی: ئامانجمانە ئەو سەتڵانە بەشیوەیەکی گونجاو بەکار بهێنرێن، کە جیاکردنەوەی پلاستیک و زبڵ و خاشاک بە ڕێکخراوەیی بکرێت.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە ئامانجی پابەندبوون بە ڕێنمایی و ڕێکارە جیهانیەکانی پاراستنی ژینگە، پاڵپشتی تەواو لەو پرۆژانە دەکات کە بە مەبەستی پاکڕاگرتنی ژینگە ئەنجام دەدرێن.
بەیان سامی عەبدولرەحمان، ڕاوێژکاری باڵای سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ کاروباری دەرەوە و گۆرانی كهشوههوا گوتی: سیاسیەتی حکوومەتی هەرێم بەرانبەر گۆڕانی کەشوهەوا ئەوەی ستراتیژیەتی هەبێت، بۆ نموونە دروست کردنی پۆند و بەنداوە، تاوەکوو ئەو باران و بەفرەی دەبارێت سوودی لێ وەربگیرێت، هەروەها پرۆژەی ڕووناکی بووەتە هۆی پاککردنەوەی ژینگە.
پرۆژەی ریسایکلینی پلاستیک و جیاکردنەوەی زبڵ و خاشاک، لە قۆناغی یەکەمدا لەسەر ئاستی پارێزگای هەولێر و دهۆک جێبەجێدەکرێت، لە ماوەی ساڵیکدا نۆ ملیۆن بوتڵی ئاوی پلاستیک کۆدەکاتەوە.