بۆنی پیس و دووکەڵ لە سنووری عەربەت و شارهزوور خەڵکی نیگەران کردووە
بڵاوبوونەوەی بۆنی ناخۆش و دووکەڵی چەندین کارگە و پاڵاوگە لە سنووری شارەدێی عەربەت و شارهزوور، ناڕەزایەتی و نیگەرانییەکی زۆری لەلایەن دانیشتووانەوە لێ کەوتووەتەوە.
هاووڵاتییان باس لەوە دەکەن کە بەهۆی ئەم پیسبوونە ژینگەیییەوە، ژیانیان تێکچووە، بەتایبەتی کێشەی هەناسەدانیان بۆ دروست بووە و خەویان لێزڕاوە، ئەمەش زیاتر کاریگەری لەسەر منداڵان و بەتەمەنەکان هەیە کە تووشی هەناسە تەنگی دەبن.
دووکەڵی عەربەت کە بەتایبەتی لە پاڵاوگە نەوتییەکان و کارگەکانەوە سەرچاوە دەگرێت، ژینگەی شارەکەی شێواندووە. دانیشتووانی ناوچەکە داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەن کە بە زووترین کات چارەسەرێک بۆ ئەم کێشەیە بدۆزنەوە بۆ گەڕاندنەوەی ژیانێکی ئارام و تەندروست بۆ سنوورەکە.
جەبار ئەحمەد، دانیشتوویەکی عەربەت، بە کوردستان24ی ڕاگەیاندووە: "ئێمە خەڵکی ئەم گوندانەی دەوروبەری عەربەتین، چواردەورمان تەندراوە بە کارگە و پاڵاوگەی نەوت. ژیان و ئیسراحەتمان نەماوە، شەوانە لە تاو بۆن و دووکەڵ نە ئەتوانین بخەوین نە ئەتوانین هەناسە بدەین و هەموومان تووشی نەخۆشی بووین." هەروەها غەفوور حەمە ڕەشید، دانیشتوویەکی دیکەی عەربەت، جەختی لەوە کردەوە "چەندین ساڵە ئەم گرفتەمان هەیە و تا ئێستا لایەنی پەیوەندیدار چارەسەری نەکردووە، کێشەی تەندروستی و ژینگەمان بۆ دروست بووە و بە تەواوی هەراسان بووین."
لەسەر ئاستی کارگێڕی، دابان محەممەد، بەڕێوەبەری شارەدێی عەربەت، بە کوردستان24ی ڕاگەیاندووە، چەندان جار سکاڵایان تۆمار کردووە و ژمارەیەک کارگەشیان داوەتە دادگا و سزادراون، بەڵام بۆنەکە بەردەوامە. ناوبراو ڕەخنەشی لە بەڕێوەبەرایەتی ژینگەی سلێمانی گرت و گوتی "کەمتەرخەمە و نەیتوانییوە ئەو کارە بکات و نەبوونیان باشترە."
شارەدێی عەربەت کە 15کیلۆمەتر لە سلێمانییەوە دوورە بە ئاراستەی ڕۆژهەڵات، پڕە لە کارگە، کە زۆرینەیان پاڵاوگەی نەوتن و بەشێکیان هۆکاری سەرەکیی بڵاوبوونەوەی بۆن و دووکەڵن. ئەم کێشەیە تەنیا عەربەتی نەگرتووەتەوە، بەڵکو شارۆچکەی شارهزوور و شارەدێی زەڕایەن و گوندەکانی دەوروبەریشی هەراسان کردووە. نیگەرانییەکانیش زیاتر دەبن بەهۆی بەردەوامبوونی دروستکردنی کارگەی زیاتر، بەبێ ڕەچاوکردنی ڕێنماییەکانی ژینگە و تەندروستی، کە هەڕەشە لەسەر ژیانی نزیکەی 200 هەزار دانیشتووی سنوورەکە دروست دەکات.
بە گوێرەی سەرچاوە پزیشکییەکان، ئەو بۆنە ناخۆشانەی لە سنووری عەربەت بڵاودەبنەوە، هۆکارێکی سەرەکین بۆ نەخۆشییەکانی هەناسەدان بەتایبەتی بۆ منداڵان و بەتەمەنەکان. بۆیە دانیشتووانەکە داوا دەکەن بەرپرسانی کارگەکان چارەسەرێک بۆ ئەم کێشەیە بدۆزنەوە و ژیانێکی ئارام و تەندروست بۆ خەڵکی سنوورەکە بگەڕێننەوە.