لە ئەمەریکا بەڕۆژی ڕووناک دوکانی زێڕینگەری تاڵان دەکرێت

باندێکی دەمامکدار بە ڕۆژی ڕووناک هەڵدەکوتنە سەر دوکانێکی زێڕینگەری لە شاری سان خۆسێی ویلایەتی کالیفۆرنیای ئەمەریکا، لە کامێرای چاودێری دەرکەوتووە دزەکان هەموو زێڕەکانی دوکانەکە دەبەن و خاوەن دوکانەکەش جەڵتەی مێشک لێیدەدات.

ڕۆژنامەی نیویۆرک پۆستی ئەمەریکی بڵاوی کردووەتەوە، خاوەن دوکانەکە ناوی 'کریس مۆر'ـە و تەمەنی 88 ساڵە، لەکاتی دزیکردنەکەدا دەستدرێژی کراوەتە سەر و بەهۆیەوە جەڵتەی مێشک لێیداوە.

بەگوێرەی زانیارییەکانی پۆلیسی ناوچەکە، ڕووداوەکە لە دەوروبەری کاتژمێر 2:30ـی خولەکی پاشنیوەڕۆی هەینی ڕابردوو ڕوویداوە، کاتێک ئۆتۆمبێلێکی جۆری SUV خۆی کێشا بە جامخانەکانی پێشەوەی دوکانەکە، دواتر کۆمەڵێک دزی دەمامکدار کە جل و بەرگی ڕەشیان لەبەردا بوو، بەپەلە هاتنە ژوورەوە، یەکێکیان دەمانچەیەکی بەدەستەوە بوو، هەندێکی دیکەشیان چەقۆیان بەدەستەوە بوو، ئەو جامانەی زێڕەکانیان تێدابوو هەموویان بە چەکدش شکاندووە و زێڕ و گەوهەرییەکانیان دزی.

لە گرتە ڤیدیۆییەکاندا دەرکەوتووە کە خاوەن فرۆشگاکە کە بەساڵاچووە، هەوڵی بەرپەرچدانەوەی دزەکان دەدات، بەڵام یەکێکیان پاڵی پێوەدەنێت و دەیخاتە سەر زەوی، دواتر تووشی جەڵتەی مێشک دەبێت، پاشان دەبرێتە نەخۆشخانە و چارەسەر وەردەگرێت.

کریس مۆر خاوەن دوکانەکە دەڵێت: ئەو زیانەی بە دوکانەکە گەیشتووە لە نێوان 50 تا 100 هەزار دۆلار دەبێت، بەڵام تاوەکوو ئێستا بەهای زێڕە دزراوەکان ئاشکرا نەکراوە. پۆلیسی سان خۆسێ لێکۆڵینەوەکانی دەست پێ کردووە و تاوانبارانیش تا ئێستا دەستگیر نەکراون.

مات ماهان، سەرۆکی شارەوانی سان خۆسێ ڕووداوەکەی بە ترسناک وەسف کرد و لە پلاتفۆرمی 'ئێکس' نووسیویەتی "ئەم تاوانبارانە دەبێت ڕووبەڕووی توندترین سزا ببنەوە". هەروەها کارمێن مۆنتانۆ سەرۆکی شارەوانی میلپیتاس جەختی کردەوە، "ئەم هێرشە تەنها هێرشکردنە سەر فرۆشگایەک نەبووە، بەڵکو بۆ سەر کەرامەتی کەسانی بەساڵاچوو و سەلامەتی کۆمەڵگاکەمان بووە."


 

 

 

 
Fly Erbil Advertisment