سەردەمی ئانچیلۆتی و مۆرینیۆ کۆتایی هاتووە؟
لێكدانەوەیەكی زانستی و شیكاری بۆ توانا و ئەزموونی ئانچیلۆتی و مۆرینیۆ

ئێوارەیەکی بەهاری ساڵی 2004، جیهان بووە شایتەحاڵ بۆ لەدایکبوونی ڕاهێنەرێکی ناوازە. گەنجێکی پۆرتوگالی بە ناوی خۆزێ مۆرینیۆ كە تێیدا سەرکردایەتی یانەی پۆرتۆی کرد، ئەوكات تیپێك بوو شكست لە دوای شكست بەرۆكی یانەكەی گرتبوو، تیپێك بوو بە تەواوەتی لە ركابەرییەكانی ئەورووپا دووركەوتبووە، بەڵام راهێنەرە لاوە پۆرتوگالییەكە دەركەوت و یانەكەی گەیاندە لوتکەی تۆپی پێی ئەوروپا و نازناوی چامپیۆنزلیگی بەدەستهێنا.
مۆرینیۆ، دوای ئەو دەستکەوتە، بووە ئامانجی یانەی چێڵسی، یانە لەندەنییەكە بەخێرایی هاتە سەرخەت و ئەو راهێنەرە پۆرتوگالییەی رازیكرد ئەركی راهێنەرایەتی یانەكە وەربگرێت، مۆرینیۆ لە لەندەن شۆڕشێکی تۆپی پێی دروستکرد و یەکەم نازناوی پرێمەرلیگی بۆ یانەكە بەدەستهێنا كە 50 ساڵ بوو یانەكە لەو نازناوە دوور بوو، جگە لەوەش جامی خولی ئینگلیزیشی بۆ یانەكە بەدەستهێنا، پاشان ئینتەرمیلان شێت و شەیدای مۆرینیۆ بوو، دواجار گرێبەستێكیان لەنێوان خۆیاندا واژۆ كرد و لاپەڕەیەکی لەبیرنەکراوییان بەیەكەوە نووسییەوە و لە ساڵی 2009 ـ 2010 ئینتەر لەژێر سەرپەرشتی مۆرینیۆ چامپیۆنزلیگی بردەوە و چوار نازناوی بۆ یانە ئیتاڵییەكە بەدەستهێنا، پاشان روویكردە ریال مەدرید، ئەوكات یانەكە كەوتبووە ژێر چەپۆكی بارسێلۆنا، بەڵام مۆرینیۆ تاڕادەیەك شكۆی بۆ ریال مەدرید گەڕاندەوە و نازناوی لالیگا و سوپەر و جامی شای بردەوە.
دواتر مۆرینیۆ لە 2013 گەڕایەوە چێڵسی، ئەوكات یانەكە شكۆی شكابوو، بەڵام مۆرینیۆ تیپەكەی تاڕادەیەكی باش راست كردەوە و لە 2015 جارێكی دیكە پرێمەرلیگی بۆ یانەكەی بردەوە، بەڵام بەخێرایی تەكتیك و جادووی مۆرینیۆ وەكو هەڵمی لێ هات و ئاست و ئەنجامی تیپەكە بەشێوەیەكی سەیر دابەزی و مۆرینیۆ لە پۆستەكەی دوورخرایەوە.

زۆری نەخایاند، مانچێستەر یونایتد لەپێناو دۆزینەوەی هیوایەك، دەستی بۆ تیشكە لاوازەكەی مۆرینیۆ برد، مۆرینیۆ لە وەرزی 2015 ـ 2016 چیرۆكەكەی لەگەڵ مان یونایتد دەست پێكرد، نازناوی یۆرۆپالیگ و جامی قەڵغانی خێرخوازی و جامی خولی ئینگلیزی بۆ شەیتانە سوورەكان بەدەستهێنا، بەڵام ئاڵۆزی و لێكترازان لەنێو تیپەكەی دروست بوو، لە 2018 لە پۆستەكەی دوورخرایەوە.
پاشان مۆرینیۆ هاتە تۆتێنهام، یانە لەندەنییەكە دەیان ساڵ بوو بە دوای نازناوێكدا دەگەڕا، بەڵام (سپێشەڵ وەن) گرەوی كرد كە نازناوێكیان بۆ دەباتەوە، یانەكەشی گەیاندە یاریی كۆتایی جامی خولی ئینگلیزی، بەڵام پێش ئەوەی مۆرینیۆ ئەو یارییە بەڕێوە ببات، لە پۆستەكەی دوورخرایەوە، ئەمەش هەمووانی شۆك كرد و نیشانەی پرسیاری لە دوای خۆی جێهێشت.
دواتر، مۆرینیۆ، روویكردە ڕۆما و پشوویەكی وەرگرت و نازناوی کۆنفرانسلیگی بۆ گۆرگەكانی ئیتاڵیا بەدەستهێنا و مێژووییەکی نوێی بۆ یانەکەی نووسییەوە. بەڵام زۆری نەخایاند، ئەنجامەكانی بەرەو دابەزین رۆیشت و لە 2024 دوورخرایەوە.
دوایین جانتایەكەی بەرەو توركیا پێچایەوە و لەگەڵ فێنەرباهچە ئەزموونێكی نوێی دەستپێكرد، تەمەنی كاركردنی لەو یانەیە كورت بوو، لە قۆناغی پاڵاوتنەكانی چامپیۆنزلیگ نەیتوانی یانەكە سەربخات و دوورخرایەوە، بەمەش بۆ جاری چوارەم لەسەریەك لە پۆستەكەی دوورخرایەوە.
مۆدێلێكی نوێی راهێنەرایەتی سەری هەڵدا
لە لایەکی دیکەوە مۆدێلێکی دیکە سەرهەڵدەدات کە ئەویش کارلۆ ئانچیلۆتییە، كاتێك پۆستی ئێڤەرتۆنی وەرگرت، ئاماژە بۆ ئەوە دەكرا مۆدێلی ئەو راهێنەرە وردە وردە بەرەو كاڵبوونەوە و نەمان دەچێت، بەڵام لەناکاو گەڕایەوە ڕیاڵ مەدرید و دووجار نازناوی چامپیۆنزلیگی بەدەستهێنا و نازناوی لالیگاشی بردەوە، دواتر وەک ڕاهێنەری هەڵبژاردەی بەڕازیل هەڵبژێردرا. ئاتچیلۆتی بوو بە نموونەیەکی زیندوو کە دەتوانێت بەو تەمەنەوە بەسەر راهێنەرە گەنجەكاندا زاڵ بێت و سەلماندی هەڵكشانی تەمەنیش بە واتای كۆتایی نییە، ئانچیلۆتی پیشانی هەمووانی دا كە ڕاهێنەرێکی دێرین دەتوانێت سەرهەڵبداتەوە ئەگەر پڕۆژەیەکی گونجاو بدۆزێتەوە.

لێدوانەكانی پێشووی مۆرینیۆ
خۆزێ مۆرینیۆ لە لێدوانێكدا ئاماژەی بۆ ئەوە كردبوو زۆر كەس پێیانوایە ئانچیلۆتی كۆتایی هاتووە، بەڵام راهێنەرە بە ئەزموونەكان بە ئاسانی كۆتاییان نایەت، راهێنەرە گەورەكان خۆیان بەدەستەوە نادەن و دەزانن چۆن دەگەڕێنەوە.
ئەمڕۆ مۆرینیۆ بە تەنیا ماوەتەوە و هێشتا دەرگای یانەیەكی دیاری جیهان بەڕوویدا نەكراوەتەوە، لە كاتێكدا ژیانی وەرزشی پڕە لە نازناو، سەرکەوتنەکانی لە چامپیۆنزلیگ لەگەڵ پۆرتۆ و ئینتەر میلان، نازناوە نێوخۆییەكانی لەگەڵ چێڵسی و مەدرید، بردنەوەی نازناو لە چوار وڵاتی جیاوازدا. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا زۆرینەی یانە گەورەكان متمانەیان بەو پلان و بیركردنەوەی ئێستای راهێنەرە پۆرتوگالییەكە نەماوە و پێیانوایە مۆدێلی ئیدارەدان و توانای ئەو راهێنەرە بەسەرچووە.
تۆپی پێی مۆدێرن گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە، نەوەی نوێی یاریزانانی ئێستا، هەستیارترن، تاکتیکەکانیان خێراتر و بوێرترن، ڕاهێنەرە گەنجەکانیش بە شێوازی هێرشبەری یاریی دەكەن و بە پلانە جیاوازەكانیان داهێنانی زۆریان كردووە و هەمیشە پێشەنگیان گرتووە.
پرسیارەکە ئەوەیە، ئایا مۆرینیۆ توانای ئەوەی هەیە لەگەڵ ئەم دۆخەی ئێستا خۆی بگونجێنێت و نوێ بكاتەوە؟ ئایا پێداچوونەوە بە شێوازەکانی دەکات و بیرۆکەکانی نوێ دەکاتەوە بۆ ئەوەی لەگەڵ ئەم گۆڕانکاریانەدا بـاری چەوتی خۆی راست بكاتەوە؟ ئەگەر ئەو کارە بکات، ڕەنگە چانسی زیندووکردنەوەی ژیانی وەرزشی خۆی لە شوێنپـێی ئانچیلۆتیدا بدۆزێتەوە. ئەگەر نەیکات، مێژوو وەک ڕاهێنەرێک لەبیری دەکات ئەگەرچی بە سەرەتایەكی گەورە دەستی پێكردووە، بەڵام بە تێپەڕبوونی كات بە كۆتاییەكی خراپ ماڵئاوایی دەكات.
