پێشبینی کۆمپیوتەرە بەناوبانگ و ژیرەکە بۆ پاڵەوانی وەرزی نوێی چامپیۆنزلیگ بڵاوبووەوە
ئۆپتا پێشبینی خۆی بۆ چانسی پاڵەوانبوونی یانە گەورەکانی ئەوروپا ئاشکراکرد

پێشبینی کۆمپیوتەرە بەناوبانگ و ژیرەکە بۆ پاڵەوانی وەرزی نوێی چامپیۆنزلیگ بڵاوبووەوە و ئاژانسی بەناوبانگی ئۆپتا پێشبینی خۆی بۆ چانسی پاڵەوانبوونی یانە گەورەکانی ئەوروپا ئاشکراکردووە.
ئاژانسی ئۆپتا کە تایبەتە بە کۆکردنەوە و شیتەڵکردنی ئامارە وەرزشییەکان، بە پشتبەستن بە شیتەڵکردنی ئەنجامی زیاتر لە 10 هەزار یاری، پێشبینی خۆی بۆ ئەنجامی یانە گەورەکانی ئەوروپا لە وەرزی 2025/2026ـی چامپیۆنزلیگ بڵاوکردووەتەوە، کە سوپەرکومپیوتەرێک ئامار و ئەنجامەکانی شیتەڵ کردووە، بۆ ئەوەی پێشبینی بۆ پاڵەوانی وەرزی نوێی چامپیۆنزلیگ بکات، وابڕیارە رۆژی 16ـی ئەم مانگە وەرزی نوێی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا دەستپێبکات.
بەگوێرەی پێشبینییەکانی سوپەرکومپیوتەرەکەی ئۆپتا، لیڤەرپوول بەربژێری سەرەکییە بۆ ئەوەی ببێتە پاڵەوانی ئەم وەرزەی چامپیۆنزلیگ، بەگوێرەی شیتەڵەکانی کومپیوتەرە ژیرەکە بە رێژەی ٪20 رێدز نازناوی چامپیۆنزلیگ بەرز دەکاتەوە، کە وابڕیارە رۆژی 30ـی مایۆ/ئایاری 2026 یاریی کۆتایی وەرزی نوێی چامپیۆنزلیگ لە یاریگای پوشکاش ئارینا لە بوداپێشت لە هەنگاریا بکرێت.
𝐔𝐄𝐅𝐀 𝐂𝐡𝐚𝐦𝐩𝐢𝐨𝐧𝐬 𝐋𝐞𝐚𝐠𝐮𝐞: 2025-26 Predictions 📈
— Opta Analyst (@OptaAnalyst) September 10, 2025
Who will win the 2025-26 UEFA Champions League?
We've got the results of the 10,000 pre-season Opta supercomputer simulations. pic.twitter.com/BXu7xZxBrB
بەگوێرەی شیتەڵەکانی ئۆپتا کە پشتی بە زیاتر لە 10 هەزار یاری و خاڵ بەستووە، ئارسیناڵ لەدوای لیڤەرپوول زۆرترین چانسی هەیە بۆ ئەوەی جامە گوێچکەدارەکە بەدەست بهێنێت، پاریس سانجێرمانی فەڕەنسی کە پاڵەوانی وەرزی رابردووە، بەربژێری سێیەمە و ئەگەری پاڵەوانبوونی ٪12ـەیە، مانچێستەر سیتی ئینگلیزی و بارسێلۆنای ئیسپانیش بە رێژەی ٪8.4 ئەگەری پاڵەوانبوونیان هەیە و ئەو دوو یانەیەش لە پێنج بەربژێرە سەرەکییەکەدان بۆ ئەوەی ببنە پاڵەوانی ئەوروپا.پێشبینییەکانی ئۆپتا ئەنجامێکی شۆکهێنەری تێدایە و بەگوێرەی شیتەلەکانی سوپەرکومپیوتەرەکە، ریال مەدرید تەنیا ٪5.6 چانسی پاڵەوانبوونی هەیە بەربژێری حەوتەمە، بایرن میونشنیش تەنیا ٪4.3 چانسی هەیە، ئینتەر میلانی ئیتاڵیش کە وەرزی رابردوو گەیشتە یاریی کۆتایی، هاوشانی نیوکاسڵ یونایتد تەنیا بە رێژەی ٪3 چانسی پاڵەوانبوونی هەیە.
ئۆپتا کۆمپانیایەکی کۆکردنەوە و شیتەڵکردنی ئامارە وەرزشییەکانە و ساڵی 1996 لە بەریتانیا دامەزراوە و بارەگای سەرەکی کەوتووەتە لەندەن، کە لەدوای دروستبوونی ئەم کۆمپانیایە گرنگیدان و دەستکەوتنی ئامارەکان لەسەر ئاستی تۆپی پێ زیاتر بوو.
