بارەگای بارزانی سەرەخۆشی لە کەسوکاری قوربانییانی لافاوەکە چەمچەماڵ و کەرکووک دەکات

بارەگای بارزانی لە ڕاگەیەنراوێکدا، سەرەخۆشی لە کەسوکاری قوربانییانی لافاوەکەی سنووری قەزای چەمچەماڵ و لەیلان لە کرکووک کرد، هەورەها هیوا زوو چاکبوونەوەشی بۆ بریندارەکان خواست.

سێشەممە، 9ـی کانوونی یەکەمی 2025، بارەگای بارزانی، لە ڕاگەیەنەراوێکدا دەڵێت: بە داخێكی زۆرەوە لە ئەنجامی بارانبارینی زۆر و لافاوەوە لە سنووری قەزای چەمچەماڵ و لەیلان لە كەركووك، سێ هاووڵاتی گیانیان لە دەستدا و ژمارەیەكی دیکەش بریندار بوون.

بارەگای بارزانی، پرسە و سەرخۆشی ئاراستەی خانەوادە و كەسوكاری قوربانییان کرد و ڕایگەیاند: لە خوای گەورە داواكارین گیانی خوالێخۆشبووان بە بەهەشتی بەرین شاد بكات و سەبر و ئارامی بە كەسوكاریان ببەخشێت، هەروەها هیوای چاكبوونەوەی خێراش بۆ برینداران دەخوازین.

هاوکات بارەگاکە داوا لە دەزگای خێرخوازیی بارزانی دەكات، كە بە زووترین كات بە هانای لێقەوماوان و زیانلێكەوتووانی ئەو ڕووداوە بچن و ئەوەی لە تواناتاندا بێت بۆ یارمەتیدانیان ئەنجام بدەن.

لە دوێنێوە شەپۆلێکی بەهێز و چڕی بارانبارین زۆربەی پارێزگا و ناوچەکانی هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە، لە هەندێک ناوچەدا بەهۆی زۆریی بڕی بارانەوە لافاو دروست بووە و زیانی گیانی و ماددیی لێ کەوتووەتەوە

ڕووداوەکان تەنیا بە زیانی ماددی کۆتاییان نەهات، بە پێی ئامارەکانی بەرگریی شارستانی و لایەنە تەندروستییەکان، لە چەند ناوچەیەکی جیاواز بەهۆی لافاوەوە، ژمارەیەک هاووڵاتی گیانیان لەدەست داوە و چەندین کەسی دیکەش بریندار بوون. تیمەکانی فریاگوزاری توانیویانە تەرمی قوربانییەکان دەربهێننەوە و بریندارەکانیش ڕەوانەی نەخۆشخانەکان بکەن.

تیمەکانی بەرگریی شارستانی و پۆلیس و شارەوانییەکان لە سەرجەم شارەکاندا کەوتوونەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە، لە زۆر شوێن توانیویانە ئەو هاووڵاتییانە ڕزگار بکەن کە لەناو ئۆتۆمبێلەکانیان یان ماڵەکانیاندا گیریان خواردبوو.

ئەم شەپۆلە بارانبارینە پێشبینی دەکرێت کاریگەرییەکەی هێشتا بەردەوام بێت، وای کردووە دەزگا پەیوەندیدارەکان هۆشداری بدەنە شۆفێران و هاووڵاتییان کە لە کاتی پێویست نەبێت لە ماڵەکانیان دەرنەچن و لە ڕێڕەوی لافاو دوور کەون