عراقچی: کێشەی ڤیزای پزیشکیان بۆ چوونە ئەمەریکا چارەسەر دەکرێت

عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لەبارەی سەردانی مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران بۆ ئەمەریکا و ئامادەبوون لە کۆبوونەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕایگەیاند: کێشەی پێدانی ڤیزا بە سەرۆک کۆماری ئێران، ڕۆژانی داهاتوو چارەسەر دەبێت.
سێشەممە 16ـی ئەیلوولی 2025، عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا بە ڕۆژنامەنووسانی ڕایگەیاند: وڵاتەکەی هەمیشە بەهێزەوە ئامادەیی لە نەتەوە یەکگرتووەکان هەبووە، ئاماژەی بەوەشکرد، ئامادەکاری بۆ بەشداریی سەرۆک کۆماری ئێران لە کۆبوونەوەی کۆمکاری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، دەکرێت.
وەزیری دەرەوەی ئێران ئاشکرای کرد، هەندێ کێشە ماون بۆ چارەسەرکردن کە پەیوەستن بە پێدانی ڤیزا و ڕێکارە لۆجیستییەکان بۆ ئەوەی گەشتەکە ڕێک بخرێت، ئەو کێشانەش ڕۆژانی داهاتوو چارەسەر دەکرێن.
عەباس عراقچی ئاماژەی بەوە کرد، لە چوارچێوەی کۆبوونەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان، چەندین چاوپێکەوتن و دیداری دوولایەنە لە ئاستی باڵادا ئەنجام دەدرێن و ئێران سوود لەو دەرفەتە وەردەگرێت.
23ـی ئەیلوول، هاوکات لەگەڵ ئاهەنگی ساڵیادی دامەزراندنی، کۆبوونەوەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان بەڕێوەدەچێت، تێیدا سەرکردەی وڵاتانی جیهان لە نیویۆرک بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی ئاڵنگارییەکان سەختەکانی جیهان، کۆدەبنەوە.