سەڵاح بە دوای هەنگاوەكانی كریستیانۆ رۆناڵدۆ دا دەڕوات؟

چوار یانە بۆ گواستنەوەی سەڵاح لە ململانێ دان

ئارنی سلۆت راهێنەری لیڤەرپوول لەگەڵ محەمەد سەڵاح
ئارنی سلۆت راهێنەری لیڤەرپوول لەگەڵ محەمەد سەڵاح

محەمەد سەڵاح هێرشبەری میسڕی یانەی لیڤەرپوولی ئینگلیزی، لە هەموو رۆژێك زیاتر لە دەرگای چوونە دەرەوە لە یانەکەی نزیکبووەتەوە، بە تایبەت دوای لێدوانەکانی چەند رۆژ لەمەوبەر، ئەمەش رێگەی بۆ چوار یانەی سعوودیە خۆشكردووە بۆ گواستنەوەی بێنە سەرهێڵ.
رۆژنامەی تێلێگرافی بەریتانیا بڵاویکردووەتەوە، محەمەد سەڵاح پێش ئەوەی گەشتی وڵاتەکەی بکات بە مەبەستی بەشداریکردن لە جامی نەتەوەکانی ئەفریقا، رەنگە داهاتووی خۆی لەگەڵ یانەکەی یەکلایی بکاتەوە، ئەویش چێهێشتنی ریزەکانی یانەی لیڤەرپوولە.
بەگوێرەی هەمان سەرچاوە، چەند وەرزێکە یانەکانی سعوودیە بۆسەیان بۆ سەڵاح داناوە بۆ ئەوەی بتوانن ئەو یاریزانە رازی بکەن پەیوەندی بە خولی وڵاتەکەیان بکات، بەڵام هیچ کاتێک سەرکەوتوو نەبوون و پێدەچێت ئێستا گونجاوترین کات بێت بۆ گواستنەوە و رازیکردنی هێرشبەرە میسڕییەکە.
رۆژنامەی تێلێگراف بڵاویشی کردووەتەوە، دوای کێشەکانی ئەم دواییەی نێوان سەڵاح و ئارنێ سلۆتی راهێنەری یانەی لیڤەرپوول، چوار یانەی سعوودی هەوڵەکانیان بۆ گواستنەوەی هێرشبەرەکەی رێدز دەستپێکردووە و بەشێکیشێان بە شێوەیەکی ناراستەوخۆ گفتوگۆیان لەگەڵ ئەو یاریزانە کردووە.
یانەکانی هیلال، نەسڕ، ئیتیحاد و ئەهلی، ئەو چوار یانەیەی سعوودیەن کە هەوڵ بۆ گواستنەوەی هێرشبەرە میسڕییەکە دەدەن، ئەو چوار یانەیە کە لە لایەن سندوقی وەبەرهێنانی سعوودی پاڵپشتی دارایی دەکرێن، هیچ کێشەیان لە خەرجی گواستنەوەی سەڵاح نیيە.
ئەو سەرچاوەیە بڵاویشی کردووەتەوە، هەرچەندە تاوەکو ئێستا هیچ گفتوگۆیەکی فەرمی لەلایەن بەرپرسانی یانە سعوودیەکە لەگەڵ یانەی لیڤەرپوول نیە، بەڵام ئەو یانانە ئامادەن هەر ئەم زستانە سەلاح بە شێوەی خواستن بگوازنەوە ریزەکانیان.
محەمەد سەڵاح هێرشبەری ميسڕی یانەی لیڤەرپوول، ئەم وەرزە لەگەڵ یانەکەی لە سەرجەم خوڵ و پاڵەوانێتیەکان، بەشداری 19 یاری کردووە و تەنها 5 گۆڵی تۆمار کردووە، لە دوایین یاری یانەکەی لە چامپیۆنزلیگ بانگهێشت نەکرا و دوورخرایەوە.
محەمەد سەڵاحی تەمەن 33 ساڵ، لە مانگی تەمموزی ساڵی 2017 لە یانەی ڕۆمای ئیتاڵییەوە بۆ لیڤەرپوول گواسترایەوە، گرێبەستەكەی لەگەڵ لیڤەرپوول تاوەكو ساڵی 2027ـە، بە گەشتی لەگەڵ لیڤەرپوول به‌شداریی 420 یاریی كردووه‌ و 250 گۆڵ و 116 ئه‌سیستی كردووه‌ و به‌ یه‌كێك له‌ ئه‌فسانه‌ گه‌وره‌كانی مێژووی لیڤه‌رپوول و پرێمه‌رلیگ داده‌نرێت.

 

 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل