هۆشدارییەک لە کەشناسییەوە؛ سبەی کەشوهەوا بە نالەباریی دەمێنێتەوە

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی هەرێمی کوردستان، کەشی پێشبینیکراوی ئەمشەو و سبەی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، هەرێمی کوردستان دەکەوێتە ژێر کاریگەریی نالەباریی کەشوهەواوە.

چوارشەممە، 10ـی کانوونی یەکەمی 2025، بەشی پێشبینی لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی سەر بە وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەنراوێکدا کەشی پێشبینیکراوی ئەمشەو و سبەی هەرێمی بڵاو کردەوە.

بەڕێوەبەرایەتییەکە دەڵێت: هەرێمی کوردستان بە گشتی لە ژێر نالەباری لاوازی نزمە پەستانی دەر یای سپی ناوەڕاست دەمێنیتەوە، بۆیە پێشبینی نمەبارانی کەمی پچڕپچڕ دەکرێت، بە تایبەتی لە ناوچە شاخاوییەکان، لەگەڵ بەفرێکی کەم لە ناوچە سنوورییەکانی باکوور و باکووری رۆژهەڵات، بۆ بەیانی پێنجشەممە کاریگەری بەهەمان شێوە بەردەوامی دەبێ.

بە پێی ڕاگەیەنراوەکە، ئەمشەو لە سەنتەری شاری هەولێر، سنووری ناوچە شاخاوییەکان و ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، بە گشتی ئاسمان هەوری تەواو و نیمچە هەور دەبێت. لەگەڵ نمەبارانی پچڕپچڕ لە کاتی جیاجیا. هەورەها سبەی بە هەمان شێوە نالەباری کەشوهەوا بەردەوام دەبێت.

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی، ئاماژەی بەوە کرد، لە سنووری پارێزگای دهۆک، ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ و ناوچە جیاجیاکان بە گشتی نمە بارانی پچڕپچڕ دەبارێت، پێشبینی دەکریت لە ناوچەکانی قەسرۆک و بەردەڕەش بۆ سبەی شەممە زۆرترین بڕ لەم شوێنانە ببارێت نزیکەی (6-4) ملم بێت.

هەروەها، بەشی پێشبینی لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی پێشبینی دەکات، بۆ ئەمشەو و سبەی لە سنووری پارێزگای سلێمانی، ئیدارەی ڕاپەڕین، ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان و پارێزگای هەڵەبجە بە گشتی، کەمترین بڕی نمەباران ببارێت.

بەشی پێشبینی لە بەڕێوەبەرایەتییەکە باسی لەوە کرد، ئەم دۆخە نالەباری کەشوهەوا تا ڕۆژی هەینی بەردەوام دەبێت و دواتر وردە وردە کاریگەرییەکەی کەم دەبێتەوە. سەبارەت بە پلەکانی گەرماش، هیچ گۆڕانکارییەکی بەرچاو ڕوونادات و لە ئاستەکانی ئێستا دەمێننەوە.

 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل