گوهدار شێخۆ: زاخۆیەکی نوێ دروست دەکەین

گوهدار شێخۆ، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: بە پشتیوانی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی، زاخۆیەکی نوێ لەسەر بەنداوێکی نوێ دروست دەکەن، زاخۆ دەکەن بە شارێکی نموونەیی لەسەر ئاستی عێراقدا.
یەکشەممە 21ـی ئەیلوولی 2025، گوهدار شێخۆ، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: هەرجارێک سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی سەردانی زاخۆی کردبێت، خێر و بەرەکەتی لەگەڵ خۆی بۆ شارەکە هێناوە، لەهەر سەردانێکیدا، چەندین پرۆژەی کردووەتەوە، دشەڵێت: هەوڵەکانی سەرۆکی حکوومەت نەبووایە، زاخۆ بەمجۆرە پیش نەدەکەوت.
ئەوەی ئاشکراکرد، پێش ئیدارەی سەربەخۆ، سەدا 65ـی شەقام و کۆڵانەکانی زاخۆ قیرتاو نەکرابوون، ئێستا سەدا 85ـی کۆڵانەکانی زاخۆ قیرتاوکراون.
شۆڕشی ئاوەدانی
گوهدار شێخۆ گوتی: لەماوەی سێ ساڵی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، سەرباری ئالنگارییە ئابوورییەکان، شۆڕشێکی ئاوەدانی لە زاخۆ بەرپابوو، ئەوەش کارێکی ئاسان نەبوو، بەڵام دەستی باڵای سەرۆک وەزیران بۆ ئاوەدانی زاخۆ لە پشتی ئیدارەکە بوو، هەر شتێک داوامان کردبێت بۆ زاخۆ، دەستیی ئێمەی نەگەڕاندووەتەوە.

سەرۆکی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ دەڵێت: سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی ڕایسپاردووین، ئەو کارەی بەرژەوەندی گشتی تێدایە، بیکەین، هەموو پشتیوانییەکی بۆ دووپات کردووینەتەوە، سەرباری ئەوەش، خەڵکی زاخۆ بە هەموو چین و توێژەکانی، لە پرۆسەی ئاوەدانی زاخۆ بەشدارن.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو پرۆژانەی لەگەڵ سەرۆک وەزیران باسمان لێوەکرد، ئەگەر جێبەجێ بکرێت، زاخۆ دەگاتە ئاستێکی نموونەیی.
کۆمپانیاکانی کەنداو لە زاخۆ
گوهدار شێخۆ ڕایگەیاند: ئێستا کۆمپانیاکانی کەنداو، بەتایبەت کۆمپانیاکانی ئیمارات لە زاخۆ لەبواری بەرهەمی هەنگوین کاردەکەن، هاوکات لە سێ بەرهەمی برنجی کوردی، هەروەها بەرهەمی و پاقڵە و نۆک کاردەکەن و بەرهەمەکانیان خستووەتە ژێر تاقیکردنەوە(تێست) ، گوتی: خاکی زاخۆ زێڕە بۆ ئەو بەرهەمانە، لە ئایندەدا کار لەسەر بەرهەمی کشتوکاڵی و پشتیوانی جووتیاران دەکرێت، لەگەڵ ئەوەشدا بەرهەمەکان هەناردەی دەرەوە دەکرێت.
داوای زۆری وەبەرهێنان لە زاخۆ
سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ ڕایگەیاند: داوای زۆر هەیە بۆ وەبەرهێنان لەبواری گەشتیاری و کردنەوەی کۆمپانیای کەلوپەلی خۆراک و کشتوکاڵ و چەند بوارێکی دیکە ، سوپاسی سەرۆک بارزانی و سەرۆک وەزیرانی کرد کە وایان کرد زاخۆ بەو ئاستە بگات.

دروستکردنی زاخۆیەکی نوێ
گوهدار شێخۆ ڕایگەیاند: سەرۆک وەزیران ئەمڕۆ بڕیاری دوو پرۆژەی گرنگی بۆ زاخۆ دا کە لە ئایندەیەکی نزیکدا دەکەوێتە بواری جێبەجێکردن، ئەوانیش شەقامی 60 مەتری زاخۆ، لەگەڵ هیشکەڕۆی زاخۆ(دەلال) کە بەشێوەیەکی زۆر جوان دروست دەکرێن و دەبن بە شوێنێکی گەشتیاری، سەرباری بەنداوی زاخۆ کە پرۆژەیەکی ستراتیژییە، پرۆژەکە دەکەوێتە 8 کیلۆمەتر لەسەر پردی دەلال و بەشێوازێکی زۆر جوان دروست دەکرێت، 43 هەزار دۆنم زەوی لە دورووبەری بەنداوەکە، دەکرێت بە زاخۆیەکی نوێ، شوێنی نیشتەجێبوون و بازرگانی و گەشتیاری تێدا دروست دەکرێت.