80ـەمین کۆبوونەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان; داننان بە دەوڵەتی فەڵەستین لە ئارادایە
ئەجێندای کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان

سبەی دووشەممە 22ـی ئەیلوولی 2025، 80مین کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە بارەگای سەرەکیی لە نیویۆرک لە ژێر دروشمی "پێکەوە باشترین" 80 ساڵ و زیاتر بۆ ئاشتی، گەشەپێدان و مافەکانی مرۆڤ". بەڕێوە دەچێت، کە بۆ ماوەی هەفتەیەک بەردەوام دەبێت و لە 30ـی ئەیلوول کۆتایی دێت، هاوکات ئانالینا بێربۆک، سەرۆکایەتی کۆبوونەوەکە دەکات
هەروەها بڕیارە سبەی سعوودییە و فەرەنسا هاوسەرۆکایەتیی یەکێک لە کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان تایبەت بە چارەسەری دوو دەوڵەتی بۆ ئیسرائیل و فەڵەستین بکەن، کە ئامانج لێی ئەوەیە هەر دوو لا بە ئاشتی لە تەنیشت یەکترەوە بژین.
زیاتر لە 140 سەرکردەی جیهان بۆ بەشداری لە کۆبوونەوەی ساڵانەی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان گەشتی نیویۆرک دەکەن. یەکێک لەو سەرکردانەی کە لە کۆبوونەوەکەدا ئامادە نابێت، مەحموود عەباس، سەرۆکی فەڵەستینە، کە واشنتن ڤیزای بەشداریکردنی پێ نەداوە، بەڵام کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژی هەینی دەنگیدا کە ڕێگە بە سەرۆکی فەڵەستین بدرێت لە ڕێگەی ڤیدیۆوە گوتارەکەی پێشکەش بکات و باڵیۆزی فەڵەستینیش نوێنەرایەتیی دەکات.
چاوەڕوان دەکرێت لەم کۆبوونەوەیەدا چەندین وڵات بە فەرمی دان بە دەوڵەتی فەڵەستیندا بنێن، ئەمەش دوای ئەوەی هەفتەی ڕابردوو کۆمەڵەی گشتی بە زۆرینەی دەنگ دەقێکی پەسەند کرد کە پشتیوانی لە دەوڵەتێکی داهاتووی فەڵەستینی بەبێ حەماس دەکات.
ڕۆژی هەینی 19ـی ئەیلوولی 2025، سەرۆکایەتیی فەرەنسا ڕایگەیاندبوو، 10 وڵات لە کۆبوونەوەکەدا بە فەرمی دان بە دەوڵەتی فەڵەستیندا دەنێن ئەوانیش: ئەندۆرا، ئوسترالیا، بەلجیکا، کەنەدا، لۆکسمبۆرگ، پورتوگال، ماڵتا،بەریتانیا، سان مارینۆ و فەرەنسا.
ئەمەریکا، هاوپەیمانی سەرەکیی ئیسرائیل، هەڵوێستی خۆی لە دژی دانپێدانانی فەڵەستین ئاشکرا کردووە و پێشتر هۆشداری دابوو کە ڤیزا ناداتە شاندی فەڵەستینی.
پێشتر ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، داوای کردبوو پێشکەوتنی باش لە چارەسەرکردنی پرسەکانی غەززە، ئۆکرانیا، سوودان و گۆڕانی کەشوهەوادا کردبوو.گوتیشی: "خەڵک داوای وەڵام و کردەوە دەکەن، کردەوەگەلێک کە لە ئاستی قورسیی ئەو ئاڵنگارییانەدا بن کە جیهان ڕووبەڕووی بووەتەوە، کردەوە گەلێک کە چاوەڕوانییەکانی هەموو ئەوانە بەدیبهێنن کە لە دەرەوە چاودێری دەکەن."
ئەو سەرکردانەی کە لە کۆبوونەوەکاندا چاوێکی زۆریان لەسەر دەبێت پێکهاتوون: ئەحمەد شەرع سەرۆکی سووریا، ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا، لویس ئیناسیۆ لولا دا سیلڤا، سەرۆکی بەڕازیل و مەسعود پزیشکیان، سەرۆکی ئێران دەبێت.
هەروەها بەرنامە ئەتۆمیی ئێرانیش لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆی لەبارەوە دەکرێت لە کاتێکدا ئەو سزایانەی کە 10 ساڵ لەمەوبەر لەسەر تاران هەڵگیران، دووبارە چالاک کراونەتەوە.
ئەجێندای کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان
22ـی ئەیلوول
- لە کۆبوونەوەکە ییادی 80 ساڵەی دامەزراندنی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکاتەوە، کە تێیدا بەرپرسانی نەتەوە یەکگرتووەکان و سەرۆکی دەوڵەت و حکوومەتەکان جەخت لە دەستکەوتەکانی هەشت دەیەی ڕابردوو و ڕێڕەوی داهاتوو بۆ سیستەمێکی فرەلایەنیی گشتگیرتر دەکەنەوە.
- ئامانجەکانی گەشەپێدانی بەردەوام SDG هەموو ساڵێک بەڕێوە دەچێت وەک لە لووتکەی SDGی ساڵی 2019دا بڕیاری لێدراوە بۆ جەختکردنەوە لە کردەوەی ئیلهامبەخشەکان. چیرۆکی گۆڕانکاری لە کۆمەڵگەکان، وڵاتان و ناوچەکانەوە نمایش دەکات کە پاڵنەری گۆڕانکارین لە سێکتەرە جیاوازەکاندا، لە وزەی نوێوە بۆ یەکسانیی جێندەری. چالاکییەکە کۆمەڵێک هەوڵی گۆڕانکاریی جیهانی و نیشتمانی کۆدەکاتەوە و نیشانی دەدات کە چۆن دادپەروەری و گشتگیری پێشکەوتنەکان خێراتر دەکەن، تەنانەت لە بەرامبەر ئاڵنگارییە جیهانییەکانیشدا.
- نەتەوە یەکگرتووەکان دەست بە درێژەپێدانی کۆنفرانسی نێودەوڵەتیی ئاستی باڵا دەکاتەوە بۆ چارەسەری ئاشتییانەی پرسی فەڵەستین و جێبەجێکردنی چارەسەری دوو دەوڵەتی، بە هاوسەرۆکایەتیی فەرەنسا و سعوودییە.
- بۆ یادکردنەوەی سیەمین ساڵیادی چوارەمین کۆنفرانسی جیهانیی ژنان، کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان کۆبوونەوەیەکی ئاستی باڵا ڕێکدەخات لەژێر دروشمی "دووبارە پابەندبوون بە، دابینکردنی سەرچاوە بۆ و خێراکردنی جێبەجێکردنی جاڕنامە و سەکۆی کاری پەکین بۆ گەیشتن بە یەکسانیی جێندەری و بەهێزکردنی ژنان و کچان".
23 تاوەکوو 27ی ئەیلوول و 29ی ئەیلوول
دیبەیتی گشتی
لە دیبەیتی گشتیدا سەرکردەکانی جیهان گوتار پێشکەش دەکەن و تێیدا هەڵوێست و کارە لە پێشینەکانیان لە چوارچێوەی ئاڵنگارییە جیهانییە ئاڵۆز و پێکەوەبەستراوەکاندا دەخەنەڕوو.
24ـی ئەیلوول
- لەگەڵ زیادبوونی خێرایی و فراوانبوونی قەیرانی کەشوهەوا لە سەرانسەری جیهاندا، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لووتکەیەکی تایبەت بە کەشوهەوا لە 24ی ئەیلوولدا ڕێکدەخات.
- یەکەمین لووتکە دوو ساڵانە، کە بەپێی "پەیماننامەی داهاتوو"ی ساڵی ڕابردوو بڕیاری لێ دراوە، وەک سەکۆیەک داڕێژراوە بۆ یەکخستنی هەوڵە فرەلایەنەکان و سیستەمی دارایی نێودەوڵەتی لە دەوری ئامانجە هاوبەشەکانی گەشەپێدانی بەردەوام.
25ـی ئەیلوول
- کۆبوونەوەی ئاستی باڵا لەسەر ڕێگریکردن و کۆنترۆڵکردنی نەخۆشییە ناگوازراوەکان و پەرەپێدانی تەندروستیی دەروونی و خۆشگوزەرانی
- کۆبوونەوەی ئاستی باڵا بۆ یادکردنەوەی 30 ساڵەی پرۆگرامی جیهانیی کار بۆ گەنجان
26ـی ئەیلوول
- نەتەوە یەکگرتووەکان کۆبوونەوەیەکی ئاستی باڵا بۆ نەهێشتنی چەکی ئەتۆمی بەڕێوە دەچێت
30ـی ئەیلوول
- کۆنفرانسی ئاستی باڵا سەبارەت بە دۆخی موسڵمانانی ڕۆهینگیا و کەمینەکانی دیکە لە میانمار