شارەوانی بارسێلۆنا: مەرجەكانی سەلامەتی لە یاریگەی كامپ نوو دا نییە

یاریگەی كامپ نوو لە پشكنینی شارەوانی دەرنەچوو

شارەوانی بارسێلۆنا بەشێوەیەكی چاوەڕواننەكراو كارگێری یانەی بارسێلۆنای ئاگادار كردووەتەوە بەهۆی نەبوونی مەرجەكانی سەلامەتی نابێت جارێ یارییەكان لە یاریگەی كامپ نوو بەڕێوە بچێت.
بە گوێرەی رۆژنامەی موندۆ دیپۆرتیڤۆی كەتەلۆنیا بارسێلۆنا بەنیاز بوو دوای دوو ساڵ نیو، بگەڕێتەوە یاریگەی كامپ نوو، بەوپەی زۆربەی كارەكانی نۆژەنكردنەوەی یاریگەكە تەواو بووە، بەڵام شارەوانی بارسێلۆنا بەهۆی نەبوونی مەرجەکانی سەلامەتی هێشتا گڵۆپی سەوزی بۆ هەڵ نەکردووە و یاریی بەرامبەر ریال سۆسیدادیش لەو یاریگایە ناکرێت.
سەرچاوە كەتەلۆنیاییەكە نووسیویەتی: تاوەکو ئێستا بارسێلۆنا نەیتوانیوە رەزامەندیی میوانداریکردنی یارییەکان لەو یاریگایە بەدەست بهێنێت، گەرچی زۆربەی پرۆسەی نۆژەنکردنەوەی یاریگایەکە تەواو بووە، بەڵام هە رۆژێک کەموکوڕییەکی یاریگایەکە دەردەکەوێت.
گەرچی پێشتر خوان لاپۆرتا سەرۆکی یانەی بارسێلۆنا رایگەیاندبوو، تەواوی رێکارەکان و مەرجەکانیان بۆ وەرگرتنی رێگاپێدانی شارەوانی تەواو کردووە، بەڵام بەگوێرەی زانیاریی میدیاکانی ئیسپانیا، شارەوانی بارسێلۆنا دوای ناردنی لێژنەیەک بۆ پشکنینی یاریگایەکە، رایگەیاندووە، کامپ نوو مەرجەکانی سەلامتی تێدا نییە و نابێت بەمشێوەیە یاریی لێ بکرێت، بەمەش بارسا بۆ یاریی ریال سۆسیدادیش ناتوانێت بگەڕێتەوە یاریگایەکەی و دەبێت کەتەلۆنییەکان هێشتا لە چاوەڕوانیدا بن.
گەرچی هێشتا نۆژەنکردنەوەی یاریگایەکە تەواو نەبووە و هێشتا بنمیچی یاریگایەکە تەواو نەکراوە، بەڵام بارسێلۆنا لە پلانیدا بوو بۆ یاریی سۆسیداد بتوانێت بە ئامادەبوونی 27 هەزار هاندەر بگەڕێتەوە ماڵە گەورەکەی و لە کامپ نوو دەست بە یارییەکانی بکاتەوە، بەڵام هێشتا شارەوانی گڵۆپی سەوزی بۆ هەڵ نەکردوون.
بارسێلۆنا زیاتر لە دوو ساڵ و نیوە لە کامپ نوو دوورکەوتووەتەوە، بەڵام دوای نۆژەنکردنەوەی یاریگایەکەی ئێستا کامپ نوو تەواو گۆڕاوە و لە جاران قەشەنگتر و سەرنجڕاکێشتر بووە، زۆربەی بەشەکانی یاریگاکە فراوانتر کراون.

 

 
Fly Erbil Advertisment