ئیسلامی: بەرنامە ئەتۆمییەکەمان ئاشتیخوازانەیە و هەرگیز پاشەکشەی لێ ناکەین

محەممەد ئیسلامی، سەرۆکی ڕێکخراوی وزەی ئەتۆمیی ئێران
محەممەد ئیسلامی، سەرۆکی ڕێکخراوی وزەی ئەتۆمیی ئێران

محەممەد ئیسلامی، جێگری سەرۆک کۆمار و سەرۆکی ڕێکخراوی وزەی ئەتۆمیی ئێران، نیوەڕۆی ئەمڕۆ، لە وتارێکدا، لە کۆڕبەندی جیهانیی وزەی ئەتۆم لە مۆسکۆ، هەڵوێستەکانی ئێرانی سەبارەت بە پرسە ئەتۆمییەکان ڕوون کردەوە.

پێنجشەممە، 25ـی ئەیلوول 2025، ئاژانسی هەواڵی تەسنیم، بڵاوی کردەوە "محەممەد ئیسلامی، لە وتارەکەیدا ڕەخنەی لە هەڵوێستی ئەمەریکا و سێ وڵاتە ئەوروپییەکە سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران گرت و گوتی: بە سێ وڵاتە ئەوروپییە و ئەمەریکا ڕادەگەیەنم کە ئێوە ناتوانن گەلی گەورە و ڕۆشنبیری ئێران ملکەچی نیازە خراپەکانتان بکەن. ئێوە دەبێ لەمەودوا دەستبەرداری ئەو سیاسەتانە بن کە لەسەر بنەمای فەرمانڕەوایی بێڕکابەر دامەزراون و چیتر هەوڵی تاڵانکردنی سەرچاوەکانی گەلانی جیهان نەدەن."

سەرۆکی ڕێکخراوی وزەی ئەتۆمیی ئێران، لە درێژەی وتارەکەیدا گوتی: ئێمە ساڵی ڕابردوو یادی 50یەمین ساڵیادی دامەزراندنی ڕێکخراوی وزەی ئەتۆمی ئێرانمان کردەوە. ئێستا پیشەسازیی ئەتۆمیی ئێران بووەتە هێمایەکی سەرکەوتوو و پێشەنگ لە پەرەپێدانی زانست و تەکنەلۆجیادا و سەرەڕای ئاستەنگە سەخت و تاقەتپڕوکێنەکان کە لەلایەن ئەمەریکا و سێ وڵاتە ئەوروپییەکەوە دروست کراون، ئێران توانیویەتی ئاستە بەرزەکانی تەکنەلۆجیا و پیشەسازی ئەتۆمی بەدەست بهێنێت. 

ئیسلامی، جەختی کردەوە لەوەی"بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران بە تەواوی ڕوون و ئاشتیخوازانەیە و هەرگیز لێی پاشگەز نابینەوە.

ئەو، هەروا گوتی: ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم، لە بنەڕەتدا لە بەشی پشکنینەکاندا، بەهۆی فشاری زۆری ڕۆژئاواوە، 80%ی بودجەی پشکنینەکانی تەنیا بۆ دروستکردنی کێشە و ئاستەنگ دژی بەرنامەکەی ئێران تەرخان کردووە.

سەرۆکی ڕێکخراوی وزەی ئەتۆمیی ئێران لە کۆتاییی وتارەکەیدا گوتی: بەرنامەمان بۆ داهاتوو داڕشتووە؛ ئێمە لەگەڵ ڕووسیا ڕێککەوتووین کە جگە لە وێستگە گەورە نوێیەکان، وێستگەی ئەتۆمی بچووک بۆ بەرهەمهێنانی وزەی کارەبا لە ئێران، بە هاوکاریی کۆمپانیای 'ڕوسئەتۆم' دابمەزرێنین.

سێشەممە، 23ـی ئەیلوول، عەلی خامنەیی، ڕێبەری باڵای ئێران، لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا کە لە تەلەفزیۆنی فەرمی ئێران بڵاو کرایەوە، دوا هەڵوێستی وڵاتەکەی ڕایگەیاند و بە هەموو جۆرێک دانوستانی ڕاستەوخۆی لەگەڵ ئەمەریکا ڕەت کردەوە، گوتی: ئەمە دوا چانسی ڕێگرییە لە دووبارە سەپاندنەوەی سزاکان بەسەر ئێران.

خامنەیی گوتیشی "ئێران بە هیچ جۆرێک لە بابەتی پیتاندنی یۆرانیۆم، ملکەچی گوشارەکانی ئەمەریکا نابێت و تاران بەهیچ شێوازێک نیازی دروستکردنی بۆمبی ئەتۆمی نییە."

 
 
 
Fly Erbil Advertisment