ڕوبیۆ پێشوازیی لە ڕێککەوتنی هەولێر و بەغدا بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت دەکات

مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا
مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا پێشوازیی لە ڕێککەوتنی نێوان حکوومەتەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق بۆ دووبارە هەناردەکردنەوەی نەوت دەکات و دەڵێت: ڕێککەوتنەکە سوودی بۆ ئەمەریکییەکان و عێراقییەکان دەبێت.

پێنجشەممە 25ـی ئەیلوولی 2025، مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نووسیویەتی: پێشوازیی لە ڕێککەوتنی نێوان حکوومەتەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق و کۆمپانیا نەوتییەکان بۆ دووبارە دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت دەکەم.

لە پەیامەکەی وەزیری دەرەوەی ئەمەریکادا هاتووە، ڕێککەوتنەکە بە دەستپێشخەریی واشنتن کراوە، هەروەها سوودی دەبێت بۆ ئەمەریکییەکان و عێراقییەکان.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 25ـی ئەیلوولی 2025، وەزارەتی نەوتی فیدراڵ، لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، لەگەڵ وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و کۆمپانیا نەوتییەکان، بۆ مەبەستی دووبارە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە ڕێککەوتین.

وەزارەتەکە میکانیزمی هەناردەکردنەوەی نەوتی ڕوونکردەوە و باسی لەوە کرد، تەواوی نەوتی هەرێمی کوردستان ڕادەستی کۆمپانیای سۆمۆ دەکرێت، کۆمپانیاکەش لە ڕێگەی بەندەری جەیهان هەناردەی بازاڕەکانی جیهانی دەکات، جگە لەو نەوتەی کە دەمێنێتەوە هەرێمی کوردستان لە نێوخۆ بەکاری دەهێنێت.

لای خۆیەوە وەزارەتی سامانە سروشتییەکان، لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاشکرای کرد، لەگەڵ وەزارەتی نەوتی فیدراڵ و کۆمپانیا نەوتییەکان لەسەر هەناردەکردنەوەی نەوت ڕێککەوتن.

وەزارەتەکە دەشڵێت: لە ماوەی ئەم 48 کاتژمێرەدا، دەست بە هەناردەکردنەوەی نەوت دەکرێتەوە.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment