باسم محەممەد: هەناردەکردنەوەی نەوت بە ڕێککەوتنی سێقۆڵی، دەستکەوتێکی نیشتیمانیی گرنگە

باسم محەممەد، بریکاری وەزارەتی نەوتی عێراق
باسم محەممەد، بریکاری وەزارەتی نەوتی عێراق

بریکاری وەزارەتی نەوتی فیدراڵ، هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان، بە دەستکەوتێکی نیشتمانیی گرنگ لە قەڵەم دەدات، هەروەها دەڵێت: پرۆسەکە داهاتی زیاتر بۆ گەنجینەی گشتی دەستەبەر دەکات.

شەممە 27ـی ئەیلوولی 2025، باسم محەممەد، بریکاری وەزارەتی نەوتی عێراق، تایبەت بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت بە ڕێککەوتنێکی سێ قۆڵی عێراق، حکوومەتی هەرێم و کۆمپانیاکانی نەوت دەستکەوتێکی نیشتیمانی گرنگ و گەورەیە.

هاوکا ئاماژەی بەوە کرد، داهاتی هەناردەکردنەوەی نەوت دەچێتە گەنجینەی دەوڵەتەوە. دەشڵێت: سەرەتا 190 هەزار بەرمیل نەوت هەناردە دەکەین دواتر چاومان لەوەیە بڕەکە زیاتر بکەین.

بریکاری وەزارەتی نەوتی عێراق، گوتی:  پرۆسەی هەناردەکردنەوەی نەوتەکە زۆر بە شەفافی دەڕوات و بە گوێرەی یاساکانە.

جەختی لەوەش کردەوە، سەرەڕای ئەوەی پرۆسەکە پێگەی عێراق لە ئۆپێک بەهێزتر دەکات، هەروەها هەناردەی نەوتی هەرێم کێشەکانی دیکەی نێوان بەغدا و هەولێر چارە دەکات.

شەممە 27ـی ئەیلوولی 2025، کاتژمێر 6:50 خولەکی بەیانی، هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ بەندەری جەیهانی تورکیا دەستی پێکردەوە.

حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراق، ڕێککەوتوون لە قۆناغی یەکەمدا وەک دەستپێک، ڕۆژانە 190 هەزار بەرمیل نەوتی هەرێم هەناردەی بەندەری جەیهان بکرێت، هەروەها هەردوولا لەسەر ئەوەش ڕێککەوتوون کە 50 هەزار بەرمیل نەوتیش بۆ پێویستیی ناوخۆی هەرێم بەکار بهێنرێت.

 
 
Fly Erbil Advertisment