پزیشکیان: ئەگەر سزاكان هەڵبگیرێن، ئامادەی دانوستانین

مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران، لە کۆتا ڕۆژی سەردانەکەیدا بۆ نیویۆرک و لە پەراوێزی 80مین کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕایگەیاند، ئەگەر ئەو سزایانەی بەسەر وڵاتەکەیدا سەپێنراون هەڵبگیرێن، ئەگەری گفتوگۆ و دانوستان لە ئارادایە.
لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی ئێن بی سی نیوزی ئەمەریکی، پزیشکیان گوتی: "بە ئاشکرا ڕامانگەیاندووە، ئێمە لە هیچ بارودۆخێکدا، بەدوای پەرەپێدانی چەکی ئەتۆمیدا نین، ئەوان دەیانەوێت بە جیهان بڵێن کە ئێمە بەرەو چەکی ئەتۆمی دەڕۆین؛ ئەمە بە تەواوی هەڵەیە. ئێمە ئامادەین بۆ هەر جۆرە ڕوونکردنەوەیەک لەم ڕووەوە."
سەبارەت بەوەی ئایا ئێران ڕێگە بە هەموو پشکنەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان دەدات سەردانی هەموو دامەزراوە ئەتۆمییەکانی بکەن؟ سەرۆک کۆماری ئێران ئاماژەی بەوەدا، ئەم بابەتانە لە گفتوگۆکاندا باس دەکرێن، و بڕیار بوو میکانیزمی سزاکان ڕابگیرێت بۆ ئەوەی بتوانن بێنە سەردان. کێشەکە لەوەدایە ئەوان ئەو گفتوگۆیەیان قبوڵ نەکردووە و دەیانەوێت لەسەر ڕێگاکە بەردەوام بن."
پزیشکیان ئاماژەی بە داواکاری ئەورووپییەکان بۆ دانوستان لەگەڵ ئەمەریکا کرد و سەبارەت بەوەی ئایا دانوستانێک ڕوویدابێت یان نا، گوتی: بڕیار بوو وەزیری دەرەوەمان لەگەڵ ئەمەریکییەکان کۆببێتەوە، بەڵام پێش ئەوە مەرجێکیان دانابوو کە سەرەتا مەرجەکانیان قبوڵ بکەین پێش دەستپێکردنی گفتوگۆ. هەر بۆیەش هیچ دانوستانێک ئەنجام نەدرا."
گوتیشی: "ئێمە لە ئێران ئامادەین وەبەرهێنانی ئەمەریکا وەربگرین و سزاکان هەڵبگرین، دواتر دەتوانین دابنیشین بۆ دانوستان."
پزیشکیان وەڵامی ڕاشیگەیاند، ئێمە بەنیاز نین بەرەو چەکی ئەتۆمی هەنگاو بنێین، کاتێکیش ئەوە دەڵێین، ئەوە مانای ئەوەیە کە ئامادەین لە هەموو چوارچێوە نێودەوڵەتییەکاندا هاوکاریی بکەین بۆ دڵنیابوون لە پشتڕاستکردنەوە."