داڕمانی بەهای تومەن و هەڵاوسان، ژیانی خەڵکی ئێرانیان تاڵ کردووە

بەرز بوونەوەی بەهای دراوی قورس لە بازاڕەکانی ئێراندا، لە دوای کاراکردنەوەی میکانیزمی سەپاندنەوەی سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بەسەر ئەو وڵات، ڕاستەوخۆ کاریگەرییەکی نەرێنی خستووەتە سەر قوت و گوزەرانی خەڵک، بەهۆیەوە هەڵاوسانێکی پێشبینی نەکراو بازاڕەکانی ئێرانی تەنیوە و نرخی کاڵا سەرەکییەکان بە ڕادەیەکی چاوەڕوان زیادیان کردووە.

لەگەڵ سەپاندنەوەی سزاکان، یەک یۆرۆ بەرانبەر بە 131 هەزار و 200 تومەن مامەڵەی پێوە کرا، پاوەندی بەریتانی گەیشتە 150 هەزار و 300 تومەن. ئەم بەرزبوونەوەیە درهەمی ئیماراتی و لیرەی تورکی و یوانی چینیشی گرتەوە. بەهای یەک دۆلاری ئەمەریکی ئێستا بە زیاتر لە 113 هەزار و 650 تومەنی ئێران مامەڵەی پێوە دەکرێت.

بانکی ناوەندیی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە خستنە بازاڕی نزیکەی 500 ملیۆن دۆلار، تەنیا بۆ ماوەیەکی کورت توانی بەهای یەک دۆلاری ئەمەریکی لە بەرانبەر 111 هەزار تومەن جێگیر بکات، بەڵام دوای حەوت کاتژمێر بەهای دۆلار بۆ سەروی 112 هەزار و 200 تومان بەرز بووەوە.

لە بازاڕی زێڕیشدا، نرخەکان بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزبوونەتەوە، نرخی یەک دانە سکەی ئیمامی گەیشتووەتە 109 ملیۆن و 800 هەزار تومەن. هەر گرامێک زێڕی 18 عەیار بە 10 ملیۆن و 302 هەزار تومەن مامەڵەی پێوە دەکرێت.

پیشەکارانی بازاڕەکانی تاران، دەڵێن بەرزبوونەوەی بەرچاوی نرخی کاڵا و شتومەکەکان بووەتە مایەی نیگەرانیی سەرجەم بازاڕ و تەنانەت، کار گەیشتووەتە ئەوەی مامەڵەی دراو و زێڕ بۆ ماوەیەک ڕابگیرێت، چونکە خەڵک لە داڕمانی گشتیی نرخەکان دەترسن.

بەشێک لە میدیاکانی ئێران لە زاری پسپۆڕانی بواری ئابوورییەوە نیگەرانییان لە دروستبوونی هەڵاوسانێکی مەترسیدار دەربڕیوە. پسپۆرەکان پێشبینی دەکەن، ئەگەر ڕەوشەکە هەروا بەردەوام بێت، لە مانگەکانی داهاتوودا بەهای یەک دۆلاری ئەمەریکی بگاتە 165 هەزار تومەن و کاڵا سەرەکییەکان و پێویستییەکانی ڕۆژانەی خەڵکی نرخیان بە ڕێژەی زیاتر لە 90% بەرز بێتەوە.

ئەمڕۆ سێشەممە، 30ـی ئەیلوولی 2025، ماڵپەڕی "فەراروو" ئاماژەی بە سەختیی باری گوزەرانی خەڵکی ئێران لە سایەی داڕمانی بەهای تومەن کردووە و نووسیویەتی "لەمەودا هیچ خێزانێکی شارنشین بە داهاتێکی کەمتر لە 50 ملیۆن تومەنی مانگانە، ناتوانێت گوزەران بکات؛ بەڵام ئێستا بە شێوەیەکی گشتیی داهاتی مانگانەی خێزانەکان لە نێوان 15 تا 17 ملیۆن تومەندایە، ئەوەش تەنیا بەشی ژیانێکی مەمرە و مەژی دەکات."

ماڵپەڕەکە ئاماژەی داوە "خەرجیی گوزەرانی خیزانێکی کرێکار، لە یەک ساڵدا، دوو بەرانبەر زیادی کردووە. دەستکەوتی هیچ کرێکارێک بەشی نانی ڕۆژانەی خێزانەکەی ناکات. گرانی و بەرزبوونەوەی نرخی دراو و بەرزبوونەوەی نرخی کاڵا سەرەکییەکان، ژیانی خەڵکەکەی بۆ دۆزەخێکی ڕاستەقینە گۆڕیووە. نرخی یەک کیلۆ گۆشتی سوور لە 30% و نرخی گۆشتی مریشک و میوە و دانەوێڵە، لە 15 ڕۆژی ڕابردوودا دوو هێندە زیادیان کردووە. لە هەمان کاتدا نرخی نان گەیشتووەتە ئاستێکی سەرسووڕهێنەر!"

دوای شکستی پێشنیازە هاوبەشەکەی چین و ڕووسیا بۆ دواخستنی میکانیزمی سەپاندنەوەی سزاکانی سەر ئێران بۆ ماوەی شەش مانگ، بەرەبەیانی شەممە، 27ـی ئەم مانگە، ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بەهۆی پابەند نەبوونی تاران بە بڕیارنامەکانی ئەنجوومەنەکە و بەردەوامبوونی لە پەرەپێدانی بەرنامەی ئەتۆمی و پەرەپێدانی توانا مووشەکی و درۆنییەکانی، سەپاندنەوەی سزاکانی سەر کۆماری ئیسلامی کارا کردەوە.

 
 
Fly Erbil Advertisment