چاودێران: دەبێت عێراق پابەندی سزاکانی سەر ئێران بێت، ئەگەر نا خۆی سزا دەدرێت

ئاڵاکانی عێراق و ئێران
ئاڵاکانی عێراق و ئێران

سزای نوێی نێودەوڵەتیی نەتەوە یەکگرتووەکان دژ بە ئێران خرایە بواری جێبەجێکردنەوە، لەم چوارچێوەیەدا وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا پەیام و هۆشدارییەکی توندی دایە هەموو وڵاتانی جیهان بۆ پابەندبوون بەو سزایانە، بەڵام ئەم بڕیارە بۆ عێراق لەبەر چەند هۆکارێک بڕیارێکی سەختە.

پابەندبوون بە سزاکانی سەر ئێران بڕیارێکی قورسە بۆ عێراق، چونکە بە درێژایی 1600 کیلۆمەتر هاوسنووری ئێرانە و ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوانیان ساڵانە دەگاتە نزیکەی 25 ملیار دۆلار. ئەم پەیوەندییە توندوتۆڵە ئابووری و جوگرافییە، وایکردووە عێراق لە دۆخێکی ناسکدا بێت.

مامۆستای زانکۆ، محەممەد کەحلاوی، پێی وایە زۆربەی مامەڵە بازرگانییەکانی نێوان عێراق و ئێران دەوەستێت. ئەو دەڵێت: "ئەوان (ئەمەریکا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی) چاودێری سنوورەکان و ئاڵوگۆڕی بازرگانیی و دۆلار دەکەن. ئەمە کاریگەری خراپی ئابووری لەسەر عێراق دەبێت، چونکە ئێمە پشتمان بەستووە بە شتومەکی ئێرانی و بازرگانیکردن لەگەڵ ئێران. تەنانەت قاچاخچێتی نەوتیش لە نێوان هەردوو وڵات هەیە و قازانجی هەردوو لای تیایە، کە ئەویش ڕادەگیرێت."

پەیوەندیی نێوان ئێران و عێراق لە پەیوەندییەکی ئاسایی دراوسێتی زیاترە. ئەمەریکا دەیان جار هۆشداری داوەتە عێراق بۆ ئەوەی سنوورەکانی لەگەڵ ئێران تۆکمە بکات و قاچاخبردنی دۆلار و نەوت و شتومەک ڕابگرێت. هاوکات داواشی لێ کردووە سەروەری خاکەکەی لە جموجۆڵی سەربازی بپارێزێت و گرووپە چەکدارە نزیکەکانی ئێران کۆنترۆڵ بکات.

عەلی حەبیب، شرۆڤەکاری سیاسی، جەخت لەسەر جیاوازیی گوشارەکانی ئەمجارە دەکاتەوە و دەڵێت: "عێراق بە ڕێژەی 20 %پشتی بەستووە بە کشتوکاڵی ئێرانی، ئەم هاوردەکردنە ڕابگیرێت، بۆ عێراق خراپە." 

ناوبراو ئاماژە بەوەش دەکات، عێراق بووەتە ڕێڕەوی قاچاخبردنی نەوت و شتومەکی ئێرانی و ڕاگرتنی ئەمەش، عێراق لە ڕووی سیاسییەوە تووشی شەرمەزاری دەکات بەرامبەر ئێران. دووپاتیشی دەکاتەوە: "گوشارەکانی ئەمەریکا بۆ سەر عێراق ئەمجارە جیاوازە و دەبێت عێراق پابەندی جێبەجێکردنی سزاکە بێت، ئەگەر پابەندیش نەبێ عێراق ڕاستەوخۆ خۆی سزا دەدرێت."

نەتەوە یەکگرتووەکان بە میکانیزمی "سناپباک" (Snapback) لە ڕێگەی بەرنامەی ئەتۆمییەوە سزاکانی بەسەر ئێراندا سەپاندووە. ئەم سزایانە بریتین لە ئابڵوقەخستنە سەر سەروەت و سامانی ئێران لە دەرەوەی وڵات و ڕاگرتنی گرێبەستی چەک لەگەڵ تاران. هەروەها، هەر جۆرە پەرەسەندنێکی دیکەی بەرنامەی مووشەکی بالیستی ئێرانی ئەنجام بدرێت، سزاکان زیاتر دەکرێن. 

ئەم دۆخە نوێیە تاران دەخاتە ژێر گوشارێکی زۆری نێودەوڵەتییەوە و هاوکات عێراقیش ناچار دەکات پێداچوونەوە بە پەیوەندییە ئابووری و سیاسییەکانی لەگەڵ ئێراندا بکات.

 
Fly Erbil Advertisment