دوای ڕێککەوتن لەگەڵ تاران، ئەمەریکا ژمارەیەک ئێرانی دیپۆرت دەکاتەوە

دیپۆرتکردنەوەکەی 100 ئێرانی بۆ وڵاتەکەیان، یەکێکە لە دیارترین هەوڵەکانی ئیدارەی ترەمپ بۆ دیپۆرتکردنەوەی کۆچبەران، تەنانەت بۆ ئەو وڵاتانەی کە ڕەوشی مافی مرۆڤ تیایاندا خراپە.

سێشەممە، 30 ئەیلوول 2025، ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز، بڵاوی کردووەتەوە "بە گوتەی دوو بەرپرسی باڵای ئێرانیی بەشدار لە دانوستانەکاندا و بەرپرسێکی ئەمەریکی ئاگادار لە پلانەکان، ئیدارەی ترەمپ، پاش ڕێککەوتنێک لەنێوان هەردوو وڵاتدا، نزیکەی 100 کەسی ئێرانی لە ئەمەریکاوە بە فڕۆکەیەک بۆ وڵاتەکەیان دەنێرێتەوە."

بەرپرسە ئێرانییەکان ڕایانگەیاند "فڕۆکەکە، شەوی دووشەممە لە ویلایەتی لویزیانا بەڕێ کەوتووە و بڕیارە ئەمڕۆ لە ڕێگەی قەتەرەوە بگاتە ئێران. هەروەها بەرپرسە ئەمەریکییەکە پشتڕاستی کردەوە کە پلانی گەشتەکە لە قۆناغی کۆتاییدایە. هەموو بەرپرسەکان بە مەرجی پاراستنی ناسنامەیان قسەیان بۆ نیویۆرک تایمز کرد، چونکە دەسەڵاتی ئەوەیان نەبوو وردەکارییەکان بە ئاشکرا باس بکەن.

ئەم هەنگاوە، یەکێکە لە دیارترین هەوڵەکانی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ بۆ دیپۆرتکردنەوەی کۆچبەران بەبێ گوێدانە بارودۆخی مافی مرۆڤ لەو وڵاتانەی کە کۆچبەرانی بۆ دیپۆرت دەکرێنەوە. 

هەفتەی ڕابردوو، سەرۆک ترەمپ، لە وتارێکیدا لە کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، جەختی لەوە کردەوە ویلایەتە یەکگرتووەکان هەوڵەکانی بۆ دیپۆرتکردنەوەی بەکۆمەڵی کۆچبەران دوو هێندە بەرانبەر دەکات. 

فراوانبوونی هەڵمەتی دیپۆرتکردنەوە بووەتە هۆی ئەوەی داکۆکیکارانی مافی کۆچبەران لە ئەمەریکا، سکاڵای یاسایی تۆمار بکەن و ڕەخنە لەم هەنگاوە بگرن.

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، ساڵانێکی زۆر پەنای ئەو ئێرانیانە دابوو کە لە وڵاتەکەیان هەڵدەهاتن. بە گوێرەی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی  نێوەدەوڵەتیی مافی مرۆڤ، سیستەمی فەرمانڕەوایی ئێران، چالاکوانانی مافەکانی ژنان، نەیارانی سیاسی، ڕۆژنامەنووسان و پارێزەران، کەمینە ئایینییەکان و ئەندامانی کۆمەڵگەی پەلکەزێڕینە  و کەسانی دیکە دەچەوسێنێتەوە.

 
 
Fly Erbil Advertisment