یەکێتیی ئەورووپا بازرگانی و پەیوەندییە بانکییەکانی لەگەڵ ئێران قەدەغە کرد

هەر 27 وڵاتە ئەندامەکەی یەکێتیی ئەورووپا، سزا سەپینراوەکانی پەیوەست بە بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران، کە 2015 بە گوێرەی ڕێککەوتننامەی ئەتۆمی ڕاگیرابوون، کارا کردەوە و لە یەکەم هەنگاوی جێبەجێکردنی سزاکانیشدا، بڕیاری پچڕاندنی پەیوەندییە بانکییەکان و گەشتیە ئاسمانییەکانیان دەرکرد.
هەوڵە دیپلۆماسییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران نەیتوانی ڕێگریی لە کاراکردنەوەی میکانیزمی سەپاندنەوەی سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بکات. کۆمیسیۆنی یەکێتیی ئەورووپا، ڕایگەیاند "دوای کاراکردنەوەی میکانیزمی سەپاندنەوەی سزاکان، سەرمایەی بانکی ناوەندیی ئێران و ژمارەیەک لە گەورە بانکە بازرگانییەکانی ئەو وڵاتەی بلۆک کردووە و پەیوەندییە بانکییەکانیشیان بە تەواوی پچڕاندووە." واتە ئیتر ئەورووپییەکان هیچ مامەڵەیەکی بانکی لەگەڵ ئێران ناکەن.
بە گوێرەی ڕاگەیەندراوی کۆمیسیۆنەکە، هەر 27 وڵاتە ئەندامەکەی یەکێتیی ئەورووپا، سزا سەپینراوەکانی پەیوەست بە بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران، کە 10 ساڵ بوو بەبۆنەی ڕێککەوتننامەی ئەتۆمی، ڕاگیرابوون، کارا دەکەنەوە. هۆی کاراکردنەوەکەشی گەڕاندووەتەوە بۆ ئەوەی دەسەڵاتدارانی ئێران لەو ماوەیەی لەبەردەمیان بوو، نەیانتوانی بگەنە هیچ ڕێککەوتنێکی نوێ.
سەپاندنەوەی سزاکانی یەکێتیی ئەورووپا، بازرگانی نەوت و غاز، بەرهەمە پیترۆکیمیاییەکان لەگەڵ ئێران بە تەواوی قەدەغە دەکات، هاوکات نیشتنەوەی فڕۆکەی هێلە ئاسمانییەکانی ئێران لە فڕۆکەخانەکانی ئەورووپا قەدەغە کرا و هیچ کەشتییەکی ئێرانیش بۆی نییە لە بەندەر و کەناراوەکانی وڵاتانی یەکێتییەکە لەنگەر بگرێت.
فەرحان عەزیز حەق، جێگری گوتەبێژی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند "سەرجەم بڕیارنامەکانی ئەنجوومەنی ئاسایش کە پێشتر بە هۆی ڕێککەوتنامەی ئەتۆمی 2015ـەوە، ڕاگیرابوون، سەر لەنوێ کارا دەکرێنەوە."
لەلایەن خۆیەوە، ئەمیر سەعید ئیرەوانی، باڵیۆزی ئێران و نوێنەری کۆماری ئیسلامیی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان، لە کاردانەوەیدا بەرانبەر بە ڕاگەیەنراوی یەکێتیی ئەورووپا، لە نامەیەکدا بۆ سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان و سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاسایش، نووسیویەتی "کۆمیسیۆنی یەکێتیی ئەورووپا، لایەنگریی سێ وڵاتە ئەورووپییەکە و ئەمەریکای کردووە و ئەم هەنگاوە پێشێلکردنی ماددەی 100 ی مانیفێستی نەتەوە یەکگرتووەکانە."
ئیرەوانی، نووسیویەتی "کۆماری ئیسلامیی ئێران، ئەم هەنگاوەی یەکێتیی ئەورووپا بە پووچ و بێکاریگەر دەزانێت."
پێشتر، عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، لە نامەیەکدا بۆ سکرتێری گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، بانگەشەی ئەوەی کردبوو "هەنگاوەکانی سێ وڵاتە ئەورووپییەکە و ئەمەریکا بۆ کاراکردنەوەی سزاکانی ئەنجوومەنی ئاسایش بۆ سەر ئێران، نایاسایین. ئێران لایوایە هیچ وڵاتێکی ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکان ناچاری پابەندبوون بەو سزایانە نییە."
دوێنێ، دووشەممە، 29ـی ئەیلوول 2025، وەزارەتی دەرەوەی کەنەدا، لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی 'ئێکس' پشتیوانیی کەنەدای بۆ یەکێتیی ئەورووپا و ئەمەریکا لە سەپاندنەوەی سزاکانی سەر ئێران، ڕاگەیاند و داوای کرد، گشت وڵاتانی ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکان پابەندی ئەو بڕیارنامەیە بن."