تاران: وڵاتانی ئەورووپی و ئەمەریکا ئامادەی گفتوگۆ نەبوون

فاتمە موهاجیرانی، گوتەبێژی حکوومەتی ئێران، ڕایگەیاند، سێ وڵاتە ئەورووپییەکە و ستیڤ ویتکۆف، ئامادە نەبوون کووبوونەوەمان لەگەڵدا بکەن.

چوارشەممە، 1ـی تشرینی یەکەم 2025، فاتمە موهاجیرانی، گوتەبێژی حکوومەتی ئێران، بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند "کۆماری ئیسلامیی ئێران ئامادەیی خۆی بۆ گفتوگۆ لەگەڵ سێ وڵاتە ئەورووپییەکە، ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم و ستیڤ ویتکۆف، نوێنەری تایبەتیی سەرۆکی ئەمەریکا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە نیویۆرک دەربڕی، بەڵام ئەوان قبووڵیان نەکرد و ئامادەی گفتوگۆکە نەبوون."

موهاجیرانی، هەروا گوتی: حکوومەتی ئێران بۆ بارودۆخی پاش جەنگ و دوای کاراکردنەوەی میکانیزمی سەپاندنەوەی سزاکان، بەدواداچوون بۆ بابەتی 'کارتی خۆراک' دەکات.

گوتەبێژی حکوومەتی ئێران، ڕاشیگەیاند "ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشیی نەتەوەیی هەر بڕیارێک بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ سەپاندنەوەی سزاکاندا لە چوارچێوەی بەرژەوەندیی نەتەوەییدا بکات، حکوومەت پەیڕەوی دەکات."

موهاجیرانی لە کۆتایی قسەکانیدا گوتی: لە پایزی ڕابردووەوە بابەتی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری ئەمەریکا لە ئارادا بوو و پێشبینیمان دەکرد کە لۆبیی ئیسرائیل لەو بوارەدا چالاکتر بێت، ئێمە سیناریۆی باش و خراپمان لەوبارەیەوە ڕەچاو کردبوو و چۆنییەتی بەرەنگاربوونەوەی جەنگی 12 ڕۆژەش هەر لەسەر بنەمای ئەو سیناریۆیانە بوو.

بەرەبەیانی ڕۆژی شەممە، 27ـی ئەیلوول، ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان، میکانیزمی سەپاندنەوەی سزاکانی بەسەر ئێراندا کارا کردەوە.

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment