حەماس لە پلانەکەی ترەمپ نیگەرانە

ژمارەیەک چەکداری کەتائیبی عیزەددەین قەسسام، باڵی سەربازیی حەماس
ژمارەیەک چەکداری کەتائیبی عیزەددەین قەسسام، باڵی سەربازیی حەماس

بەپێی زانیارییەکان، حەماس و گرووپە چەکدارە فەڵەستینییەکان ترس و نیگەرانییان لە پلانی ئاگربەستی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، بۆ کەرتی غەززە هەیە. 

حەماس ترسی لە پلانەکەی ترەمپ هەیە و داوای گەرەنتی دەکات

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 02ـی تشرینی یەکەمی 2025، سەرچاوەیەکی فەڵەستینی بە میدیاکانی سعوودییەی ڕاگەیاند، بزووتنەوەی حەماس لە گفتوگۆکانی لەگەڵ گرووپ و لایەنە فەڵەستینییەکان لەبارەی پلانەکەی ترەمپ بۆ وەستاندنی شەڕ لە کەرتی غەززە، بەردەوامە.

ئەو سەرچاوە فەڵەستینییە باسی لەوەش کردووە، ئەو پلانەی سەرۆکی ئەمەریکا پێشکەشی سەرکردە عەرەبییەکانی کردووە، جیاوازە لەو پلانەی بە دەستی ئەوان گەیشتووە.

بە گوتەی هەمان سەرچاوە، گرووپ و لایەنەکان ترسیان لە هەندێک خاڵی ناڕوون لە پلانەکەی سەرۆکی ئەمەریکا هەیە و بە پێویستی دەزانن، ئیسرائیل گەرەنتیی ڕاگرتنی شەڕیان پێ بدات و پابەند بێت بەو گەرەنتییە. 

حەماس و گرووپە فەڵەستینییەکان، وەک ئەوەی سەرچاوەکەی ئاماژەی پێ کردووە، دەیانەوێت ڕادەستکردنەوەی بارمتەکان بە خشتەیەکی کاتی بۆ کشانەوەی ئیسرائیل لە غەززە ببەسترێتەوە، چونکە ترسیان هەیە ئەزموونی لوبنان دووبارە ببێتەوە.

هاوکات کارۆلاین لیڤیت، گوتەبێژی کۆشکی سپی، لەبارەی ئاگربەستی غەززە، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند "گفتوگۆی زۆر هەستیار لەبارەی ڕاگرتنی شەڕ لە کەرتی غەززە بەڕێوەدەچن؛ بەڵام کۆشکی سپی هیچ ڕاگەیەنراوێک لەمبارەوە دەرناکات، چونکە ئەم پرسە تایبەتە بە ستیڤ ویتکۆف و سەرۆک ترەمپ."

 

پلانەکەی ترەمپ

پلانەکەی ترەمپ، کە پێکهاتووە لە 21 خاڵ، جەخت لەسەر کۆتاییهێنان بە شەڕ دەکاتەوە بە مەرجی ڕەزامەندی ئیسرائیل و حەماس. هەروەها بڕیارە لە ماوەی 72 کاتژمێردا دوای ڕەزامەندی ئیسرائیل، هەموو بارمتەکان ئازاد بکرێن. لە بەرامبەردا، ئیسرائیل ژمارەیەک زیندانی فەڵەستینی ئازاد دەکات. 

پلانەکە دانانی هێزێکی ئەمنی لە فەڵەستینییەکان و سەربازانی وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی، چەکداماڵینی حەماس و نەخشەڕێگەیەک بۆ دەوڵەتی فەڵەستینی لەخۆدەگرێت.

 

چالاکییە سەربازییە بەردەوامەکان و کاریگەرییەکانیان

وەزارەتی تەندروستیی فەڵەستین لە نوێرتین ڕاگەیەنراویدا ڕایگەیاندووە، لە 24 کاتژمێری ڕابردوودا، ئەنجامی بەردەوامیی چالاکییە سەربازییەکانی ئیسرائیل لە کەرتی غەززە، 75 کەس کوژراون و دەیان کەسی دیکەش بریندار بوون.

بە گوێرەی ڕاگەیەنراوەکە، ئاوارەبوونی خەڵک لە ناوچە جیاوازەکانی کەرتی غەززە بەردەوامە و سوپای ئیسرائیلیش، بەردەوامە لە بۆمبارانکردن و ڕووخاندنی ئەو شوێنانەی خەڵکی تێدا نیشتەجێن.

 

سەرەتای شەڕەکە

لە ڕۆژی 7ی ئۆکتۆبەری ساڵی 2023، حەماس هێرشی بۆ سەر باشووری ئیسرائیل دەستپێکرد، بە هۆیەوە 1219 کەس کوژران، کە بە گوێرەی ئامارێکی فەرمی ئیسرائیل، بەشێکی زۆری کوژراوەکان خەڵکی مەدەنی بوون.

 بەهۆی بەردەوامبوونی بۆردومانەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە، وەک وەڵامدانەوەیەک بۆ هێرشەکەی حەماس، زیاتر لە 66 هەزار فەڵەستینی کوژراون. بە گوێرەی ئاماری دەستەی تەندروستی کەرتی غەززە، زۆرینەی کوژراوەکان خەڵکی مەدەنین.

 
Fly Erbil Advertisment