مەسرور بارزانی: ماسک ببەستن و دەستکێش لەدەست بکەن
"چەند رۆژێکە تووشبوون بە کۆرۆنا بە خێرایی زیاد بووە"
K24 - هەولێر
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان داوا لە هاووڵاتییان دەکات یەکتری لە کۆرۆنا بپارێزن بە بەستنی ماسک و لەدەستکردنی دەستکێش.
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ (شەممە، 24-10-2020) لە تویتێکدا رایگەیاند "چەند رۆژی لەدوای یەکە، تووشبوون بە کۆرۆنا بە خێرایی زیاد بووە، هەریەک لە ئێمە ئەرکی لەسەر شانە ئەوانی دیکە بپارێزێت. بۆ ئەوەی بەسەر کۆرۆنادا سەرکەوین، ماسک ببەستە و دەستکێش لەدەست بکە".
ئەو هۆشیاریدانە لە سەرۆکی حکومەتەوە لەکاتێکدایە، لە پێنج رۆژی رابردوودا رۆژانە زیاتر لە هەزار کەس لە هەرێمی کوردستان تووشی کۆرۆنا بوون. بەگشتی بەپێی داتاکانی وەزارەتی تەندروستیش لەوەتەی سەرهەڵدانی ڤایرۆسی کۆرۆنا تائێستا، 67 هەزار و 184 کەس تووشی کۆرۆنا بوون، لەو ژمارەیەش دوو هەزار و 263 کەسیان گیانیان لەدەستداوە.
حکومەتی هەرێمی کوردستان هەر لە رۆژانی یەکەمی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، دەستی بە گرتنەبەری رێکارەکانی خۆپارێزی کرد، ئەزموونی سەرکەوتووی حکومەتی هەرێم، لە رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا و جێبەجێکردنی رێکارەکانی خۆپارێزی و رینماییە تەندروستییەکان، بووە مایەی ستایشی حکومەت لەلایەن رێکخراوی تەندروستی جیهانی و زۆر رێکخراو لایەنی دیکە، بەڵام رێکارەکان چەند مانگێک رێگرییان کرد و بەگوتەی بەرپرسانی تەندروستیش، ئێستا لەسەر خەڵکە خۆی بپارێزێت.
بەرپرسانی تەندروستی چەندین جار و بەتایبەتی لەو ماوانەی دوایی، هۆشدارییان داوە و داوایان کردووە خەڵک رێکارەکانی خۆپارێزی لە کۆرۆنا جێبەجێ بکەن، لەوانە؛ دەمامک ببەستن، دەستکێش لەدەست بکەن یان بەردەوام دەستیان پاکژبکەنەوە، هەروەها دووربکەنەوە لە شوێنی قەرەباڵغ، بەڵام ئەوەی تێبینی دەکرێت؛ ئێستا، لە هەرێمی کوردستان ژماریەکی کەمی خەڵک پابەندی رێنماییەکانن.
سەرۆکی حکومەت لە 5-10-2020 بۆ قسەکردن لەسەر چەند بابەتێک، کە یەکێکیان ڤایرۆسی کۆرۆنا بوو چووە پەرلەمان. مەسرور بارزانی ئەو کاتە لە پەرلەمان ئاشکرای کرد: حکومەت نزیکەی 28 ملیار دیناری بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە بوارەکانی خۆپارێزی و بەرەنگابوونەوە و زوو دەستنیشانکردن و چارەسەرکردنی نەخۆشی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ خەرجکردووە.
We have recorded a rapid increase of new cases of coronavirus for several days in a row.
— Masrour Barzani پابەندین# (@masrour_barzani) October 24, 2020
Each of us has a responsibility to protect one another. pic.twitter.com/5QS6wAgRj8