ترەمپ: حەماس لە سەر خاڵە گرنگەکانی ئاگربەستی غەززە ڕازی بووە

سەرۆکی ئەمەریکا بە گەشبینییەوە باس لەو گەڕەی دانوستانەکانی حەماس و ئیسرائیل لەبارەی ئاگربەستی غەززە دەکات و ڕایگەیاند، حەماس لەسەر زۆربەی خاڵە گرنگەکان پەیوەست بە پلانی ئاشتی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕێککەوتووە.
دووشەممە 6ـی تشرینی یەکەمی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا بە ڕۆژنامەنووسانی گوت: پێم وایە ئێمە کاری زۆر باشمان کردووە، هەروەها حەماس لە سەر خاڵە گرنگەکانی ئاگربەستی غەززە ڕازی بووە و ئەوان لەسەر ڕێڕەوێکی ڕاست دەڕۆن، دووپاتیشی کردەوە، دەرفەتی زۆر باش هەن، بۆیە دڵنیاییە لەوەی لەسەر ئەو ئاگربەستە ڕێکدەکەوەن.
گوتیشی: بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە بارەی پلانی ئاشتی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست زۆر گەشبینە.
سەرۆکی ئەمەریکا باسی لەوەش کرد، بۆ ئەوەی ئاگربەستی ئەم جارە سەرکەوتوو بێت، هەموو وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی هاتوونەتە سەر هێڵ، کە حەماس ڕێزێکی تایبەتییان لێ دەگرێت.
ئەمەش لە کاتێکدایە،دانوستانەکانی هەر دوو شاندی حەماس و ئیسرائیل بە نێوەندگیریی میسر، قەتەر و ئەمەریکا لەبارەی ئاگربەستی غەززە بەڕێوە دەچێت.
هاوکات، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا ستیڤ ویتکۆف و جارد کوشنەر وەک نوێنەری خۆی بۆ بەشداریکردن لە دانوستانەکان دەنێرێتە میسر.
ئەمەش لە کاتێکدایە،هەر دوو لایەن حەماس و ئیسرائیل بە شێوەیەکی ئەرێنی وەڵامی پلانی دۆناڵد ترەمپیان بۆ ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست داوەتەوە.