عەبدوڵڵا وەیسی: ئامادەین ئەزموونی پێکەوە ژیان بۆ وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بگوازینەوە

سەرۆکی یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی کوردستان ڕایگەیاند، هەرێمی کوردستان پشتیوانی لە فرە ئایینی دەکات، دەشڵێت: لە مێژووی ناوچەکە و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هیچ کاتێک مزگەوت شوێنی حەوانەوەی ئەو کەسانە نەبووە، کە موسڵمان نەبوونە، بەڵام لە هەرێمی کوردستان بۆ ماوەی سێ مانگ مزگەوتەکان شوێنی حەوانەوەی ئەو کەسانە بوون، هەروەها بەهەمانشێوە پێشمەرگە چۆن بەرگری لە موسڵمانان کرد، ئەوهاش بەرگری لە کریستیان و ئێزدییەکان کرد.
سێشەممە 7ـی تشرینی یەکەمی 2025، عەبدوڵڵا وەیسی، سەرۆکی یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی کوردستان لە 32یەمین سیمپۆزیومی ساڵانەی ئایین و یاسا نێودەوڵەتییەکان لە ئەمەریکا بەشداری لە پانێڵێک لەژێر ناونیشانی ئازادی ئایینی لە جیهانی ئیسلامی کرد و باس لە "ئازادیی ئایینی لە شەریعەتی ئیسلامیدا" کرد.
عەبدوڵڵا وەیسی، سەرۆکی یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی کوردستان لە گوتارەکەیدا گوتی: هەرێمی کوردستانە یەکێکە لەو ناوچانەی کە زۆرینەی ئایینی ئیسلامی تێدایە، بەڵام هەموو ئایینەکانی دیکە لەو ناوچەیە بەیەکەوە دەژین و بە یەکسانی مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت و ڕێگەی بە ئازادی فرەئایینی داوە، هاوکات چەندین یاسایی پەیوەست بە فرەئایینی دەرکردووە، ئەمەش هەرێمی کوردستان لە عێراق جیا دەکاتەوە، گوتیشی: ئەمە لەسەر میراتی کولتووری و کۆمەڵایەتیی گەلی کورد و لێبوردەیی دامەزراوە.
باسی لەوەش کرد، هەرێمی کوردستان یەکێکە لە سەلامەترین ناوچەکان بۆ فرە پێکهاتەیی و فرەئایینی لە تەواو ناوچەکانی دیکە، هاوکات ئاماژەی بە یاسایەکی هەرێمی کوردستان دا گوتی: لە هەموو دامەزراوە حکوومی و ناحکوومییەکان، وشە" کەمینی ئایینی" قەدەغە کراوە، ئەمەش لە کاتێکدا لە هەرێمی کوردستان %90 مووسڵمان و نزیکەی هەشت ئاینیی دیکەی وەک، ئێزدی، کریستیانی، کاکەی، فەیلی، شەبەک، زەردەشتی کە بە فەرمی دانییان پێ نراوە، کە هەموویان کۆمەڵگەی هەرێمی کوردستانیان پێک هێناوە.
سەرۆکی یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی کوردستان ئاماژەشی دا، لە هەرێمی کوردستان وەزارەتی ئەوقافمان هەیە، نەوەک وەزارەتی کاروباری ئایینی ئیسلام، لە کاتێکدا زۆرینەی مووسڵمانن، هەروەها یاسایەکمان هەیە بۆ پاراستنی مافی فرەپێکهاتەکان.هەروەها کاتێک کریستیانەکان لە ناوەڕاست و باشووری عێراق لەلایەن داعشەوە هێرشیان کرایە سەر و ئاوارەبوون، هەرێمی کوردستان دەرگای بە ڕووی ئەواندا کردەوە، بووە پەناگەیەکی سەلامەت بۆ ئەوان.
لە درێژەی گوتارەکەیدا، عەبدوڵڵا وەیسی گوتیشی: کاتێک ئەو ستەمەی داعش بەرانبەر بە کریستیان و ئێزدییەکانی کرد، هەرێمی کوردستان دەرگەی بەڕووی ئەواندا کردەوە، تەنانەت لە مێژووی ناوچەکە و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هیچ کاتێک مزگەوت شوێنی حەوانەوەی ئەو کەسانە نەبووە، کە موسڵمان نەبوونە، بەڵام لە هەرێمی کوردستان بۆ ماوەی سێ مانگ مزگەوتەکان بوونە شوێنی حەوانەوەی ئەو کەسانە، بەهەمانشێوە پێشمەرگە چۆن بەرگری لە موسڵمانان کرد، ئەوهاش بەرگری لە کریستیان و ئێزدییەکان کرد.
دەشڵێت: لە هەرێمی کوردستان هەرکەسێک وتاری توندوتیژی دژ بە ئایینەکان بڵاو بکاتەوە، ئەوا بەگوێرەی یاسا سزا دەدرێت، دەبێت ئەوەشمان لە بیر نەچێت، کە کۆڵەکەی پاراستنی ئازادی ئایینی و پێکەوەژیانی نێوان پێکهاتەکان لە هەرێمی کوردستان سەرۆک بارزانییە. هاوکات ئێمە لە هەرێمی کوردستان لەبەرەی مرۆڤایەتین و دەبێت خۆشەویستی و برایەتی لەنێوان گەلان بڵاوبکەینەوە، هەروەها لە چەندین شوێنی جیاواز لە هەرێمی کوردستان منارەی مزگەوت و کلێسا بەرامبەر یەکترن و هەرکەسێک پەرستشی خۆی دەکات.
لەبارەی ئازادی لە ئایینی ئیسلامدا گوتی: ئازادی ئایینی لەوەی مرۆڤ ویستی و کردەوەکانی خۆی هەڵبژێرێت بەبێ ئەوەی بە زۆر بەسەریدا سەپێنرابێت و مافی کەسانی دیکە بخوات و ڕێز لە مافە گشتییەکان بگرێت، هاوکات نابێت ئازادی ببێتە هەڕەشە بۆ سەر سیستەمی گشتی و تاکی مرۆڤ.
ئەوەشی خستەڕوو، ئەوەی ئاینی ئیسلام لە ئایینەکانی دیکە جیا دەکاتەوە، باوەڕی موسڵمانانەی بە خودا، کە کۆڵەکەی ئایینی ئیسلامە، چ بەشێوەی فەلسەفە بێت یان کردەیی، هاوکات ئایین لە تێڕوانینی ئیسلام بریتییە لە چەند بیر و ڕەوشت و یاسایەک کە خودا دای ناوە، بۆ بەڕێوەبردنی کارەکانی و بەدیهێنانی خواستەکانی مرۆڤ.
عەبدوڵڵا وەیسی گوتیشی: لە ئایینی ئیسلام تاک لە دەربڕینی بیروباوەڕی ئایینی خۆیان ئازادن، هاوکات زۆرکردنی لە گۆڕینی ئایین نییە، ئەمەش واتە ئایینی ئیسلام ڕێز لە هەموو ئایینەکانی دیکە دەگرێت و ڕێگە بە پێکەوە ژیانی فرە پێکهاتە و فرەئایینی لە یەک وڵات و ناوچە دەدات.
سیمپۆزیومەکە لە 5ی تشرینی یەکەمی 2025 دەستی پێ کردووە و ئەمڕۆ سێشەممە کۆتایی ڕۆژی ئیڤێنتەکە دەبێت، کە چەندین کەسایەتیی ئایینی و توێژەر لە سەرانسەری جیهان بەشدارن و باس لە ئازادی ئایینی و ئاڵنگارییەکانی بەردەمی دەکەن لە وڵاتانی جیهاندا.