گرژی و ناکۆکی نێوان هەسەدە و هێزەکانی سەر بە حکوومەتی دیمەشق دروست بوو

لیژنەی باڵای هەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی گەلی سووریا، ناوی لیستی کۆتاییەکانی ئەو 119 ئەندامەی ڕاگەیاند کە لە هەڵبژاردنەکاندا سەرکەوتوو بوون، و جەختی کردەوە کە پرۆسەی هەڵبژاردنەکە بێگەرد بووە، سەرەڕای ئەوەی لە سێ پارێزگای سەرەکی پرۆسەکە بەڕێوەنەچوو.

نەوار نەجمە، گوتەبێژی لیژنەی باڵای هەڵبژاردن، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە دیمەشقی پایتەختی سووریا ڕایگەیاند: ئەو هێزانەی کۆنترۆڵی پارێزگاکانی حەسەکە، ڕەققە و سوەیدا دەکەن، ڕێگر بوون لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکان لەوێ، ئاماژەی بەوەشدا کە لیژنەکە بەیانی سێشەممە کۆبوونەوەیەک ڕێک دەخات بۆ تاوتوێکردنی میکانیزمی ڕێکخستنی هەڵبژاردن لەم پارێزگایانەدا.

ئاماژەی بەوەشدا، کاتی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکان لە حەسەکە و ڕەققە پەیوەستە بە وادەی چاوەڕوانکراو بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی 10ی ئادار لە نێوان حکوومەتی سووریا و "هێزەکانی سووریای دیموکرات".

لە بەرانبەردا ئەمڕۆ دووشەممە 6ی تشرینی یەکەمی 2025، ئەنجوومەنی سووریای دیموکرات، ڕەتی کردەوە لە هەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی گەلی سووریا بەشداریی بکات.

لە بەیاننامەیەکدا ئەنجوومەنەکە لە ڕێگەی فەیسبووکەوە ڕایگەیاند، ئەو هەڵبژاردنانە ڕەنگدانەوەی ویستی سوورییەکان نییە و نوێنەرایەتی هەموو پێکهاتەکان ناکات.

هەروەها پێی وا بوو ، هیچ پرۆسەیەکی هەڵبژاردن ناتوانێت شەرعی بێت، مەگەر بە سەرپەرشتی نێودەوڵەتی بێت.

ئەنجوومەنەکە دەڵێت: هەڵبژاردنەکانی دوێنێ یارمەتیدەر بووە لە قووڵکردنەوەی دابەشکردنی گەلی سووریا، دەشڵێت: سوورییەکان چاوەڕوانی هەڵبژاردنێکی ڕاستەقینەن.

بەیاننامەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، هیچ پرۆسەیەکی هەڵبژاردن ناتوانێت شەرعی بێت مەگەر بە بەشداری و نوێنەرایەتیکردنی سەرجەم سوورییەکانی ناوخۆ و دەرەوە بێت، هاوکات بە سەرپەرشتی نێودەوڵەتی بێت کە پاکی و شەفافیەت مسۆگەر بکات، لە پێناو کۆتاییهێنان بە دابەشبوون و بەدیهێنانی ئاشتییەکی دادپەروەرانە و هەمیشەیی لە سووریا..

ئەم بەیاننامەیە لە کاتێکدا هات کە تۆم باراک، نێردەی ئەمەریکا بۆ سووریا، ئەمڕۆ دووشەممە ڕایگەیاند، لەگەڵ مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی هێزەکانی سووریای دیموکرات(هەسەدە) کۆبووەتەوە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە دانوستاندنەکانی نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و دیمەشق ڕۆژێک دوای بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی سووریا، بەبێ بەشداری پارێزگاکانی ڕەققە (لە باکوور) و حەسەکە (باکووری ڕۆژهەڵاتی وڵات) کێشەی تێکەوت.

مەزڵووم عەبدی لە 10ی مانگی ئاداری ڕابردوودا ڕێککەوتنێکی لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا، واژۆ کرد، تێیدا بڕیاری تێکەڵکردنی هێزەکانی لەگەڵ سوپای نوێدا درا، لەگەڵ مسۆگەرکردنی مافەکانی کورد لە ڕووی دەستوورییەوە، هاوشانی بڕگەکانی دیکە کە پەیوەستن بە گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ ناوچەکانیان و شەڕکردن دژی پاشماوەکانی ڕژێم و بەڕێوەبردنی سەرچاوەکانی نەوت و دەروازە سنوورییەکان.

دوای ئەم ڕێککەوتنە، هەردوو لا بە ئاشکرا دەستیان بە دانوستاندن کرد، بەڵام چەندین ئاستەنگ ڕێگر بوون لە بەردەوامبوونی گفتوگۆکان، لە کاتێکدا ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری پێداگری لەسەر پاراستنی تایبەتمەندی "هەسەدە" لە چوارچێوەی سوپای سووریادا دەکرد، دیمەشق ئەم داوایەی ڕەت کردەوە.

هەروەها هێزەکانی کورد لە سووریا داوای دەوڵەتێکی لامەرکەزیان دەکرد، لە کاتێکدا دەسەڵاتدارانی سووریا پێداگرییان لەسەر مەرکەزییەتی دەوڵەت دەکرد.

ناکۆکییەکانی نێوان هەسەدە و هێزەکانی سەر بە حکوومەتی دیمەشق

دوای ئەو بەیاننامە و لێدوانانە، میدیا عەرەبییەکان ڕایانگەیاند، سوپای سووریا هەموو ئەو ڕێگایانەی داخستووە کە دەچنە گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە لە شاری حەلەب.

هەمان سەرچاوە ئاشکرایان کردووە کە داخستنی دەروازەکان لەبەر هۆکاری ئەمنی بووە بەهۆی ئەنجامدانی پێشێلکاری لەلایەن هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) بەرانبەر ئۆتۆمبێلی مەدەنی و سەربازی.

لە چواری نیسانی ڕابردوودا، یەکەم کاروانی چەکدارانی "هەسەدە" لە شاری حەلەب چوونە دەرەوە، کە ڕێککەوتن لەنێوان ئەنجوومەنی گەڕەکەکانی ئەشرەفییە و شێخ مەقسوود کرا بەسەرپەرشتی لیژنەیەک لە سەرۆکایەتی سووریا، ئەمەش بۆ جێبەجێکردنی بڕگەکانی ئەو ڕێککەوتنەی لەگەڵ "هەسەدە" کرا.

ڕێککەوتنەکە ئاماژە بەوە دەکات، لە گەڕەکەکانی ئەشرەفییە و شێخ مەقسوود، ناوەندێکی ئەمنی سەر بە وەزارەتی ناوخۆی سووریا هەبێت و خاڵە سەرەکییەکان لەژێر سەرپەرشتی ئاسایشی ناوخۆی سەر بە وەزارەتەکەدا بمێننەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی میدیاکان، خەڵکی شێخ مەقسود و ئەشرەفییە دژی گەماردۆدانیان لەلایەن سووپای سووریاوە هاتنە سەرشەقام و ناڕەزایی خۆیان نیشاندا، بەڵام هێزە ئەمنییەکانی سووریا گازی فرمێسک ڕێژی دژی خۆ نیشاندەران بەکارهێنا و ژمارەیەکی زۆریان بەهۆی ئەو گازەوە گەیەندرانە نەخۆشخانە، لەکاتێکدا خۆپیشاندەران هەوڵیان دەدا ئەو دیوارانە بشکێنن کە سوپا دروستی کردبوون، پێیوان وابوو ئەوەی سوپا دەیکات تاوانەی دژی مرۆڤایەتی، گوتیان ئێمەش وەک هاووڵاتی سووریا داوای مافی خۆمان دەکەین لەچوارچێوەی دەستوور، گوتیان ئێمە قوربانیمان داوە لەپێناو شکۆ و ئازادی خۆمان و گەلەکەمان.

میدیاکانی عەرەبی ئاماژەیان بەوە کرد، سوپای سووریا دەستی بە بۆردوومانی شێخ مەقسود و ئەشرەفییە کردووە بە هاوەن، هاووڵاتییانی ڕۆژئاوای کوردستانیش هاتنە سەر شەقام وەک ناڕەزایی نیشاندان.

هەندێ لە میدیاکانیش ئاشکرای دەکەن، ڕووبەڕووبوونەوەی چەکداری لەنێوان سوپای سووریا و هێزەکانی سووریای دیموکرات(هەسەدە) دروست بووە و لە هەندێک ناوچەدا ئاڵۆزییەکان ترسی خستووەتە دڵی دانیشتووانی ناوچەکە.

هەسەدە: ئەوەی لە حەلەب ڕوودەدات، پێشێلکاری گرووپەکانی سەر بە حکوومەتی سووریان .

لە بەیاننامەیەکدا لەبارەی هێرشەکانی سوپای سووریا و گرووپەکانی سەر بەو سوپایە، هێزەکانی سووریای دیموکرات(هەسەدە) ڕایگەیاند: ئەوەی لە حەلەب ڕوودەدات، ئەنجامی هاندانی لایەنەکانی حکوومەتی سووریایە بۆ پێشڕەویکردن بە تانکەوە.

هەسەدە لە بەیاننامەکەدا دەڵێت: هەندێک لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن بانگەشەی بێ بنەما بڵاودەکەنەوە کە گوایە هێزەکانی سووریای دیموکرات خاڵەکانی سەر بە چەکدارانی حکوومەتی دیمەشقیان لە دەوروبەری گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە لە شاری حەلەب کردووەتە ئامانج.

دەڵێت: جەخت دەکەینەوە لەوەی ئەم دەنگۆیانە بە تەواوی ناڕاستن، چونکە هێزەکانمان لەو ناوچەیە بوونیان نییە لەدوای کشانەوەیان بەپێی لێکگەیشتنی 1ی نیسان.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەوەی لە گەڕەکەکانی ئەشرەفییە و شێخ مەقسوود ڕوودەدات، ئەنجامی زنجیرەیەک هێرشی دووبارەیە کە لەلایەن حکوومەتی دیمەشقەوە دژی دانیشتووانی مەدەنی ئەنجام دەدرێن، چونکە گەمارۆیەکی ئەمنی و مرۆیی خنکێنەریان سەپاندووە، هاوکاری و ماددە پزیشکییەکانیان بڕیوە، چەندین هاووڵاتییان ڕفاندووە.

دەشڵێت: زیادەڕۆییە مەترسیدارەدا، ئەو لایەنانە هەوڵدەدەن بە تانک و زرێپۆشەوە پێشڕەوی بکەن و گەڕەکەکانی شوێنی نیشتەجێبوونن بە گوللە هاوەن و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان دەکەنە ئامانج، کە خەڵکی مەدەنی بوونەتە قوربانی و زیانێکی زۆر بە موڵک و ماڵی هاووڵاتییان گەیاندووە.

حکوومەتی دیمەشق بە تەواوی و ڕاستەوخۆ بەرپرسیار دەزانین لە بەردەوامبوونی گەمارۆی خنکێنەر و پێشێلکارییەکان بەرانبەر هاووڵاتییان، داوا لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتی و مرۆییەکان دەکەین بە پەلە هەنگاو بنێن بۆ کۆتاییهێنان بەم گەمارۆ ناڕەوایە و ڕاگرتنی هێرش و هاندانی توندوتیژی دژی هاووڵاتییان.

 
 
 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment