ڕۆچوونی زەوی لە ئێران: قەیرانێکی شاراوە و هەڕەشەیەکی ڕاستەقینە

توێژینەوە نوێیەکان دەری دەخەن دیاردەی ڕۆچوونی زەوی لە 106 دەشتی ئێراندا بە خێرایی بەردەوام دەبێت و چیدی ڕێگریی لێ ناکرێت.
ئاژانسی هەواڵی تەسنیم، توێژینەوەیەکی نوێی زانکۆی 'ڤێرجینیا تەک' لە ئەمەریکا و 'زانکۆی لیدز' لە بەریتانیا بڵاو کردووەتەوە، تێیدا هاتووە "دەرهێنانی بێپلانی ئاوی ژێر زەوی لە ئێران، بووەتە هۆی ڕۆچوونی بەرفراوانی زەوی بە ڕووبەرێکی نزیکەی 31 هەزار و چوار سەد کیلۆمەتری چوارگۆشە؛ ئەم دیاردەیە ژیانی 650 هەزار کەسی خستووەتە مەترسییەوە."
وێنە ساتەلایتییەکان نیشانی دەدەن کە زیاتر لە 31 هەزار و چوار سەد کیلۆمەتری چوارگۆشە لە خاکی ئێران، کە دەکاتە دوو لە سەدی کۆی گشتیی ڕووبەری وڵات، بە خێرایی زیاتر لە 10 میلیمەتر لە ساڵێکدا ڕۆدەچێت. لە هەندێک ناوچە، وەک دەوروبەری شاری ڕەفسەنجان لە ناوەڕاستی ئێران، زەوی ساڵانە زیاتر لە 34 سانتیمەتر ڕۆدەچێت؛ ژمارەیەک کە لە جیهاندا بێوێنەیە.
شارەزایان هۆشداری دەدەن ڕۆچوونی نائاسایی زەوی، دەبێتە هۆی قەیرانی ئاو، تێکچوونی ئاسایشی خۆراک، ڕووخانی ژێرخانەکان و درزبردنی باڵەخانە و پێکهاتە شارستانییەکان. بەشێکی گرنگی ئەم قەیرانە لە درێژەکێشانی وشکەساڵیی لە ئێران سەرچاوە دەگرێت.
مەترسییەکی جددی
نزیکەی 60%ی ئاوی ئێران لە ئاوی ژێرزەوی دابین دەکرێت. جێسیکا پاین، توێژەری دکتۆرا لە کۆلێژی زەویناسی و ژینگەی زانکۆی لیدز لە بەریتانیا، لەگەڵ هاوکارانی، بۆ لێکۆڵینەوە لە کاریگەرییەکانی دەرهێنانی ئاوی ژێر زەوەی، داتای ڕاداری مانگە دەستکردەکانی Sentinel-1ی سەر بە ئاژانسی بۆشایی ئاسمانی ئەورووپایان بەکارهێناوە. ئەم داتایانە، گۆڕانەکانی ئاستی زەوییان لە ئێراندا لە نێوان ساڵانی 2014 بۆ 2022 تۆمار کردووە. ئەنجامی توێژینەوەکە دەستنیشانکردنی 106 ناوچەی ڕۆچووی لە سەرتاسەری وڵاتدا بوو.
بە وتەی پاین، ڕێژەی ڕۆچوونی زەوی لە ئێراندا یەکێکە لە خێراترین نموونەکانی جیهان.
ئەو دەڵێت: ئێمە نزیکەی 100 خاڵمان دۆزییەوە کە خێرایی داکشانیان زیاتر لە 10 میلیمەترە لە ساڵێکدا، لە کاتێکدا ڕۆچوونی زەوی لە ئەورووپا لە خراپترین دۆخدا لە 5 بۆ 8 میلیمەتر لە ساڵێکدا تێناپەڕن.
پاین، گوتیشی: "77%ی ئەم ناوچانە دەکەونە نزیک زەوییە کشتوکاڵییەکانەوە، کە ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە دەرهێنانی ئاوی ژێرزەوییەوە هەیە. بۆ نموونە، لە دەوروبەری ڕەفسەنجان، کە ناوچەیەکی وشکە و کێڵگەی پستەی لێیە، دەرهێنانی زۆری ئاو بووەتە هۆی ئەوەی ساڵانە، زەوی 34 سانتیمەتر ڕۆبچێت."
پاین ڕوونیشی کردەوە "لەوانەیە ئەم ژمارەیە لە ڕواڵەتدا زۆر دیار نەبێت، بەڵام لە ماوەی 10 ساڵدا، زەوی نزیکەی 3 بۆ 4 مەتر ڕۆدەچێت، ئەمەش بابەتێکی زۆر جددییە."
لە ناوچەی 'بەردەسکەن' لە باکووری ئێران، ڕووبەری زەوییە ڕۆچووەکان گەیشتووەتە هەزار و 110 کیلۆمەتری چوارگۆشە، کە بە بەراورد لەگەڵ لێکۆڵینەوەیەکی هاوشێوە لە ساڵی 2008، نزیکەی 40% زیادی کردووە.

ڕۆچوونی بەردەوام و بێچارەسەر
مەنوچێهر شیرزایی، جیۆفیزیکزان لە زانکۆی ڤێرجینیا تەک، دەڵێت: "ئەنجامە سەرنجڕاکێشەکەی ئەم توێژینەوەیە ئەوەیە کە زۆربەی ڕۆچوونەکان پەیوەست بە ئاوی ژێرزەوی لە ئێراندا، ئیدی چارە ناکرێن، ئەمەش گرفتی بەتاڵبوونەوەی ئاوی ژێر زەوی نیشان دەدات."
شیرزایی جەختی کردەوە: "شارەکانی وەک تاران، کەرەج، مەشهەد، ئەسفەهان و شیراز ڕاستەوخۆ تووشی ئەم قەیرانە بوون. تەنیا لە کەرەج زیاتر لە 23 هەزار کەس لەو ناوچانەدا دەژین کە مەترسیی ڕۆچوونی زەوییان لەسەرە."
بەڵام مەترسیی سەرەکی، لەدەستدانی هەمیشەیی توانای گلدانەوەی ئاوە. شیرزایی هۆشداری دا: "بە بەردەوامبوونی فشارخستنە سەر ئاوی ژێر زەوی، دیاردەی کەمئاوی لە ماوەی وشکەساڵیدا زیاتر دەکات و خۆڕاگریی بەرامبەر گۆڕانەکانی کەشوهەوا کەم دەکاتەوە، بە شێوەیەک کە قەرەبووکردنەوەی نزیکەی ئەستەم دەبێت."
جێسیکا پاین، لە ڕوونکردنەوەی جیاوازیی نێوان سەرچاوە ئاوییە ژێرزەوییەکان و کۆگاکانی سەر زەوی (وەک بەنداو) گوتی: "کاتێک لە بەنداوێکدا ئاو زۆر ڕابکێشرێت، ئاستی ئاوەکە دادەبەزێت بەڵام دواتر بە باران دووبارە پڕ دەبێتەوە. لە سەرچاوە ژێرزەوییەکاندا، بارودۆخەکە جیاوازە؛ کاتێک قەبارەی ئاوی ڕاکێشراو لە بڕی ئاوی هاتوو زیاتر دەبێت، پێکهاتە کونیلەدارەکەی خاک دادەخرێن و چیتر توانای پڕکردنەوەی نامێنێت."
پاین. گوتیشی: "سەرچاوە ئاوییەکان وەک سەتڵێکی پڕ لە لم و قوڕ وان. کاتێک ئاوی نێوان گەردیلەکانی خاک بەتاڵ دەبێتەوە، گەردیلەکان ناتوانن کێشی چینەکانی سەرەوە و پێکهاتەکانی سەر زەوی هەڵبگرن، لە ئەنجامدا زەوی ڕۆدەچێت. تەنانەت ئەگەر لە ساڵانی دواتردا ڕێژەی باران زیاد بکات، ئاوی تازە ناتوانێت ئاستی زەوی بۆ دۆخی سەرەتایی خۆی بگەڕێنێتەوە. ئەم بابەتە دەرئەنجامی جددی هەیە؛ لەوانە دروستبوونی قڵشتی قووڵ، ناجێگیریی باڵەخانەکان، و تێکچوونی ڕێگاوبان و هێڵی شەمەندەفەر."

ئێران لە ڕیزی خراپترین خاڵەکانی ڕۆچوونی زەوی لە جیهاندا
فرانسیسکا چینیا، توێژەر لە پەیمانگای زانستەکانی کەش و هەوا و ئاو و هەوا لە زانکۆی ڕۆما، لە ئیتاڵیا، دەڵێت: "بارودۆخی ئێران زۆر لە بارودۆخی وڵاتانی وەک مەکسیک، ئەمریکا، چین و ئیتاڵیا دەچێت."
ئەو گوتیشی: "ڕێژەی ڕۆچوونی زەوی لە ئێراندا بەراورد دەکرێت بە مەکسیکۆ سیتی و دۆڵی ناوەڕاستی کالیفۆرنیا و ئەم وڵاتە دەخاتە ڕیزی یەکێک لە خراپترین ناوەندەکانی ڕۆچوونی زەوی لە جیهاندا."
لە هەندێک وڵاتدا، ئەم دیاردەیە تەنانەت بووەتە هۆی کارەساتی مرۆیی؛ بۆ نموونە، لە مەکسیک ڕۆچوونی زەوی بووە هۆی ڕووخانی یەکێک لە هێڵەکانی میترۆ لە ساڵی 2021، کە تێیدا 26 کەس گیانیان لەدەستدا.