دەستەی مافی مرۆڤ: هێزە ئەمنییەکانی سلێمانی ڕێگری دەکەن لە سەردانیکردنی دەستگیرکراوێک

ئەمڕۆ چوارشەممە، 8ـی ئۆکتۆبەری 2025، دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، سەرەڕای هەوڵ و نوسراوی فەرمی، هێزە ئەمنییەکانی سلێمانی ڕێگەیان نەداوە تیمەکانیان سەردانی دەستگیرکراو "ئارام قادر" بکەن بۆ ئاگاداربوون لە ڕەوشی تەندروستیی و مافەکانی.

لە ڕوونکردنەوەیەکدا، دەستەی مافی مرۆڤ ئاشکرای کرد، دوای ئەوەی کوڕی ئارام قادر سەردانی دەستەکەی کردووە و سکاڵای لەسەر دەستگیرکردنی باوکی و ناجێگیریی باری تەندروستیی تۆمار کردووە، دەستەکە هەوڵەکانی بۆ بەدواداچوونی کەیسەکە دەستپێکردووە.

بەگوێرەی ڕوونکردنەوەکە، کوڕی ناوبراو داوای کردووە ڕێگە بە پارێزەرەکەیان بدرێت سەردانی باوکی بکات بۆ وەرگرتنی پەنجەمۆر و بەڕێوەبردنی ڕێکارە یاساییەکان.

دەستەی مافی مرۆڤ ئاماژەی بەوە کردووە، لە ڕێکەوتی نۆی ئەیلوولی 2025، بە نوسراوی فەرمی ژمارە 1037 داوای ئاسانکارییان لە هێزە ئەمنییەکان کردووە، بەڵام "تاوەکو ئێستا ڕێگەیان نەداوە شاندی دەستە سەردانی ئارام قادر بکەن."

دەستەکە جەختی کردەوە، بەگوێرەی یاسای ژمارە 4ـی ساڵی 2010 مافی بەدواداچوون و سەردانیکردنی بەندیخانەکانی هەیە و ئەم ڕێگرییە "پێچەوانەی بنەماکانی مافی مرۆڤ و یاسا کارپێکراوەکانە."

لە کۆتاییدا، دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ داوا دەکات "هەرچی زووە" هێزە ئەمنییەکانی سلێمانی کاتێک بۆ سەردانی تیمی دەستە و پارێزەری ناوبراو دیاری بکەن، چونکە ئەم ڕێگرییە کاریگەری نەرێنی لەسەر دۆسیەکە و ناوبانگی هەرێمی کوردستان دەبێت.

 

 
Fly Erbil Advertisment