تورکیا سەرکۆنەی هێرشەکەی سەر جووەکانی ئوسترالیا دەکات

تورکیا هێرشەکەی ئەمڕۆی سەر کەناراوەکانی سیدنی بە کردەوەیەکی تیرۆریستی ناو دەبات و لە پەیامێکدا بۆ حکوومەتی ئوسترالیا دووپاتی دەکاتەوە کە بە هەموو شێوەیەک دژی بە ئامانجگرتنی پێکهاتەکانن و هیوای چاکبوونەوە بۆ بریندارانی ئاهەنگە ئایینییەکە دەخوازن.

وەزارەتی دەرەوەی تورکیا ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردووەتەوە و تێیدا ئاماژەی داوە، بە توندی سەرکۆنەی هێرشە تیرۆریستییەکەی ئەمڕۆ یەکشەممە 14ی کانوونی یەکەمی 2025 لە ئوسترالیا دەکەین کە تێیدا هێرش کراوەتە سەر کۆمەڵێک جوو لە کاتی ئاهەنگگێڕانی جەژنی هەنووکا لە سیدنی.

وەزارەتی دەرەوەی تورکیا دەشڵێت: سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی قوربانیانی ڕووداوەکە و هاووڵاتییانی ئوسترالیا دەکەین و هیوای زوو چاکبوونەوە بۆ بریندارەکان دەخوازین.

ڕاشیگەیاندووە، وەک تورکیا هەڵوێست و بنەمای خۆیان بۆ دژی تیرۆر بە هەموو شێوەیەک دووپات دەکەنەوە، جەختیشی هەماهەنگی خۆیان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر لە جیهان دەکەنەوە.

ئەمەش لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ لە یەکێک لە کەناراوەکانی شاری سیدنی لە ئوسترالیا، دەستڕێژی گوللە لە ئاهەنگگێڕانی مەراسیمێکی ئایینیی جووەکان کرا، بەگوێرەی ئامارەکان 11 کەس لە ڕووداوەکەدا کوژراون، هێرشەکە شۆکێکی گەورەی لە ناوخۆی ئوسترالیا و ئاستی نێودەوڵەتیدا دروست کردووە، بەتایبەتی کە ئوسترالیا بە یەکێک لە وڵاتە سەقامگیرەکان دادەنرێت و ئەنجامدانی هێرشی لەم شێوەیە دژی پێکهاتە ئایینییەکان بە ڕووداوێکی دەگمەن و مەترسیدار هەژمار دەکرێت.

 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل