پەروەردەی هەولێر: فرۆشگای هەر قوتابخانەیەک خواردنی قەدەغەکراو بفرۆشێت دادەخرێت

ئەمڕۆ چوارشەممە، 8ـی ئۆکتۆبەری 2025، مامۆستا دلێر عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری پەروەردەی ناوەندی هەولێر، لە لێدوانێکی تایبەت بە کوردستان24ـی ڕایگەیاند، بەدواداچوونێکی ورد بۆ فرۆشگای قوتابخانەکان دەکەن و هەر فرۆشگایەک پابەندی ڕێنماییە تەندروستییەکان نەبێت، گرێبەستەکەی هەڵدەوەشێنرێتەوە و دادەخرێت.

دلێر عەبدوڵڵا وردەکاریی میکانیزمی چاودێریکردنی فرۆشگاکانی خستەڕوو و گوتی: "هەموو قوتابخانەیەک لیژنەیەکی تایبەت بە بەدواداچوونی فرۆشگاکەی دەبێت، هاوکات ئێمەش لە پەروەردە لیژنەی تایبەتمان هەیە."

بەڕێوەبەری پەروەردەی ناوەندی هەولێر ئاماژەی بەوەدا، بەهۆی زۆریی ژمارەی قوتابخانەکان کە 401 قوتابخانەیە، لیژنەکانی پەروەردە ناتوانن ڕۆژانە سەردانی هەموویان بکەن. بۆیە بە هەماهەنگی لەگەڵ کارگێڕی قوتابخانەکان، لیژنە ناوخۆییەکانی قوتابخانەکان ئەرکی چاودێری ڕۆژانە لە ئەستۆ دەگرن.

جەختی کردەوە، لیستێک لەو خواردن و خواردنەوانەی کە لەلایەن وەزارەتی تەندروستییەوە دیاریکراون و بۆ قوتابیان زیانبەخشن، نابێت لە فرۆشگاکاندا بفرۆشرێن. بە تایبەتی ئاماژەی بەوە کرد: "خواردنەوە گازییەکان و وزەبەخشەکان لە قوتابخانە بنەڕەتییەکان بە هەموو شێوەیەک قەدەغەن."

دلێر عەبدوڵلا ڕوونیکردەوە، سەرەتا فرۆشگاکان بە فەرمی ئاگادار دەکرێنەوە. لە ئەگەری پابەندنەبوون و دووبارەکردنەوەی سەرپێچی، لیژنەکان دەسەڵاتی تەواویان هەیە کە فرۆشگاکە دابخەن و گرێبەستەکەی هەڵبوەشێننەوە و بیخەنەوە موزایەدەیەکی گشتیی بۆ ئەوەی بە کەسێکی شیاو بسپێردرێت.

 
Fly Erbil Advertisment