لە ئاستی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان زۆرترین باران لە سەردەشت باریوە

وێنە: ئەرشیف
وێنە: ئەرشیف

بەڕێوەبەری فەرمانگەی کەشناسی سەردەشتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەڵێت: بە گوێرەی ئەو ئامارەی ناوەندی کەشناسی ئێران بڵاوی کردووەتەوە، زۆرترین باران لە سەردەشت باریوە و شارەکانی دیکەی کوردستان باریوە.

مستەفا ڕەحیمی بەڕێوەبەری کەشناسی سەردەشت بە میدیای فەرمی ئێرانی ڕاگەیاندووە، بە گوێرەی تۆماری ناوەندی کەشناسی ئێران بەرزترین ڕێژەی باران بەراورد بە ناوچەکانی دیکەی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە سنووری شاری سەردەشت باریوە، کە بڕەکەی 220 ملمە.

بە گوێرەی ئامارەکانی کەشناسی ئێران، بەرزترین ڕێژەی باران لە شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان باریوە، لە نێویاندا سەردەشت بە 220 ملم لە ڕیزبەندی یەکەم دێت، دواتر مەریوان 188 ملم، ئاودانان 155 ملم، پاوە 144 ملم، پیرانشار 120 ملم، شاهیندژ 93 ملم، بۆکان 91 ملم، شنۆ 87 ملم باران باریوە.

هەروەها مستەفا ڕەحیمی ئاماژەیداوە، تەنیا لە 24 کاتژمێردا لە سنووری سەردەشت 105 ملم باران باریوە، هاوکات لە کوێستانەکان 25 سەنتیمەتر و لە دەشتایی داوێنی شاخەکانیش 10 سەنتیمەتر بەفر باریوە.

بەڕێوەبەری کەشناسی سەردەشت دەڵێت: شەپۆلی بەفر و باران کۆتایی هاتووە، بەڵام پێشبینی دەکرێت، بەشێوەیەکی پچڕ پچڕ کاریگەرییەکانی لە باشووری پارێزگای ورمێ بەردەوام بێت، بەهۆی ئەم دابارینەی ئەمجارە پلەکانی گەرما بە نزیکەی سێ پلە دادەبەزن.

کەشناسی ئێران بڕی بارانی ساڵانەی سنووری شاری سەردەشتی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی لە 700 بۆ 900 ملم دیاری کردووە.

هەروەها بەهۆی بەفر بارینەوە لە سنووری پارێزگای لوڕستان، ڕێگەی 70 گوند داخرا و دەوامی قوتابخانەکانیش کراوەتە پشوو.

 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل