بوومەلەرزەیەکی نزیک پێنج پلەی ڕێختەری تورکیای هەژاند
بوومەلەرزەیەک بە هێزی 4.9 ڕێختەر شاری سندرجی پارێزگای بالکەسیری لە باکووری ڕۆژئاوای تورکیای هەژاند و لە پارێزگاکانی دیکەی دەوروبەرییەوە هەستی پێکراوە، بە بڕیاری وەزیری ناوخۆ سەرجەم تیمەکانی ئافاد خراونەتە ئامادە باشیەوە.
ناوەندی بەڕێوەبردنی قەیرانەکان و فریاگوزاریی تورکیا (ئافاد) ڕێگەیاند، کاتژمێر 10:06 خولەکی بەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە 11ی کانوونی یەکەمی 2025، بوومەلەرزەکە لە ناوەندی شاری سندرج تۆمارکراوە و چەقی بوومەلەرزەکە لە قوڵایی 6.97 کیلۆمەتری ناخی زەوییەوە بووە، هاوکات دانیشتووانی شارەکانی سنووری پارێزگاکانی ئیزمیر و کۆتاهیا هەستیان بە بەهێزی بوومەلەرزەکە کردووە.
هەروەها بە فەرمانی عەلی یەرلیکایا وەزیری ناوخۆی تورکیا، تیمەکانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی قەیرانەکان و فریاگوزاری (ئافاد) و لایەنە پەیوەندیدارەکانی دیکەی تورکیا خراونەتە ئامادە باشی تەواوەتی بۆ ئەوەی ڕێکاری پێویست بگرنەبەر بۆ کەمکردنەوەی زیانەکان لە هەر حاڵەتیكی نەخوازراودا.
لەلایەن خۆیەوە، ئیسماعیل ئۆغڵو پارێزگاری بالکەسیر لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیویەتی: بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 4.9 پلەی ڕێختەر لە شاری سندرجی پارێزگاکەمان تۆمارکرا، لەگەڵ ئەوەی هیچ حاڵەتێکی نەخوازراوی ئەوتۆ تۆمار نەکراوە، بەڵام هاوخەمیم لەگەڵ ئەو هاووڵاتیانەی زیانی ماددیان پێگەیشتووە.
هەروەها نووسیویەتی: داواکارم لە خوای گەورە وڵاتەکەمان و هاووڵاتیانمان لە کارەساتەکان بپارێزێت.
