یەکەم لێدوانی ناتانیاهۆ دوای ڕێککەوتن لەگەڵ حەماس

بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، لە یەکەم لێدواندا پاش ڕێککەوتن لەگەڵ حەماس، گوتی: بە پشتیوانی خوا، هەموویان دەگەڕێنینەوە وڵات" وەک ئاماژەیەک بۆ ئەو ئیسرائیلییانەی لە لایەن حەماسەوە بە بارمتە گیراون.

بنیامین ناتانیاهۆ، پاش ئەوەی سەرۆکی ئەمەریکا، دۆناڵد ترەمپ ڕایگەیاند، ئیسرائیل و حەماس، قۆناغی یەکەمی ڕێککەوتنەکەیان واژۆ کردووە، گوتی: بە پشتیوانی خوا، هەموویان دەگەڕێنینەوە وڵات؛ ئەمڕۆ لە کۆبوونەوەی حکوومەتدا ڕەزامەندیی لەسەر ڕێککەوتنەکە دەدەین. 

سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، سوپاسی سەرۆکی ئەمەریکا، دۆناڵد ترەمپی کرد و گوتی: لە کانگەی دڵمەوە سوپاسی سەرۆک ترەمپ و تیمەکەی دەکەم بۆ ماندووبوونیان لە بەجێ گەیاندنی ئەم ئەرکە پیرۆزە بۆ ئازادکردن بارمتەکانمان.

ناتانیاهۆ، گوتیشی: ئەمە سەرکەوتنێکی دیپلۆماسی و نیشتمانی و ئەخلاقیی مەزنە بۆ دەوڵەتی ئیسرائیل. بە پشتیوانی خوا، پەرە بە ئاشتیی لەگەڵ دراوسێکانماندا دەدەین. ئەم سەرکەوتنە بە خۆڕاگریی هێزەکانمان و پشتیوانیی سەرۆک ترەمپ بەدی هاتووە.

نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، لە ڕاگەیەنراوێکدا، ڕایگەیاند "ناتانیاهۆ و ترەمپ، بەم بۆنەیەوە پیرۆزباییان لە یەکتر کردووە." نووسینگەکە، هەروا ڕایگەیاندووە "ناتانیاهۆ بانگهێشتی سەرۆک ترەمپی کردووە بۆ ئەوەی لە کنێستی ئیسرائیلی وتارێک بدات."

ماجید ئەنساری، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر، کە بەشداریی لە  نێوەندگیریی  نێوان ئیسرائیل و حەماسدا دەکات، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، ڕایگەیاند "ئیسرائیل و حەماس واژۆیان لەسەر سەرجەم بەند و خاڵەکانی قۆناغی یەکەمی ڕێککەوتنی غەززە کردووە، کە بریتین لە ڕاگرتنی شەڕ و ئازادکردنی بارمتە ئیسرائیلییەکان و دیلە فەڵەستینییەکان و گەیاندنی هاوکاریی بۆ غەززە."

بزووتنەوەی حەماسیش ڕایگەیاند "گەیشتینە ڕیککەوتنێک بۆ کۆتایی هێنان بە شەڕ و کشانەوەی ئیسرائیل و گەیاندنی هاوکارییەکان و گۆڕینەوەی دیلەکان."

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment